لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی سەرەکیی ژیتەم کە تایبەتە بە تیرۆرکردنی #موسا عەنتەر# نووسەر و ڕۆشنبیری نێوداری کورد، بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022 لە شەشەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە دەستپێدەکات.
دیجلە عەنتەر، کوڕی موسا عەنتەر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، کوشتنی موسا عەنتەر سیاسەتێکی دەوڵەت بوو. لەو ڕاپۆرتەدا کە لەلایەن کوتلو ساواش ئامادە کراوە، ڕوونە کە دەوڵەت ئەمەی کردووە. ئەگەر لەم دۆسیەیەدا بکوژەکە ئاشکرا ببێت، ئەگەر ئەنجامێک ئاشکرا ببێت، ئەوسا ئەم دۆسیەیە کۆتایی دێت.
ئەو کوڕەی موسا عەنتەر گوتیشی، موسا عەنتەر بۆچی کوژرا؟ چونکە ناهەقیی قبووڵ نەدەکرد، نەژادپەرستیی قبووڵ نەدەکرد، دۆزی کوردی بەرەوپێش برد و نەیدەویست کورد ئازار بچێژێت.
ئەگەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگەدا بڕیارێک لەبارەی تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی موسا عەنتەر دەرنەکرێت، ئەوا ڕۆژی 30ی ئەیلوولی 2022، واتە دوای 15 ڕۆژی دیکە بەهۆی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا، دۆسیەکەی دادەخرێت.
موسا عەنتەر ڕۆژی 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا، ماوەی 30 ساڵە ئەو دۆسیەیە لە دادگە بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام تۆمەتباران نەدراونەتە دادگە و سزا نەدراون.
تاکە هۆکاری بێ ئەنجام مانەوەی دۆسیەکە ئەوەیە، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیراوە، کە لە دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەردا دادگایی دەکرێت و ماوەی چەند ساڵێکە لە سوێد نیشتەجێیە.
فیلیز کەرەسەتەجیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئەنقەرە، ڕۆژی چوارشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2021 لە نووسراوێکدا، کە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیای کرد، داوایکرد عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی ئەوکاتەی تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە و ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی لە 2018 بە شێوەیەکی نووسراو، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیرا.
عەبدولقادر ئایگان لە ساڵانی 1975 - 1985دا ئەندامی پەکەکە بوو. دوای جیابوونەوەی لە پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بووە ئەندامی ڕێکخراوی هێزەکانی جەندرمە و هەواڵگریی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناسراو بە ژیتەم، کە ڕێکخراوێکی نهێنیی دەوڵەت بوو، بەڵام دواتر وەکو شایەتحاڵ لەبارەی تاوانە بکەرنادیارەکان کە لە هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا لە باکووری کوردستاندا لەلایەن ژیتەم کران، کۆمەڵێک زانیاریی ئاشکرا کرد.
موسا عەنتەر ناسراو بە ئاپێ موسا، لە ساڵی 1920 لە گوندی زڤنگێ سەر بە شارۆچکەی نوسێبین لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا.
ئۆرهان میرئۆغڵو، نووسەر و ڕۆژنامەڤانی کورد پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەو کاتەدا لەگەڵ موسا عەنتەردا بوو، لە ڕووداوەکەدا بریندار بوو.[1]