بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆنا، هەڤاڵ قادری حاجی عەلی، سەرکردە و سیاسەتمەدار و تێکۆشەرێکی دێرینی کوردایەتی بۆ هەتاهەتایە بەجێهیشتین.
کۆچی دوایی کاک قادری حاجی عەلی، مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و سەرکردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و یەکێک لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، خەمێکی قووڵ و داخێکی سەختە.
کاک قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەی تەرخانکرد. ڕۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو.
کاک قادری حاجی عەلی، کە ڕۆڵەی خانەوادە و بنەماڵەیەکی خاوەن پێگە و تێکۆشەری شاری #سلێمانی# بوو، بەشی زۆری تەمەنی خۆی، بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلە ستەمدیدەکەی تەرخانکرد، بەم هۆیەشەوە خانەوادە و کەسوکاریشی تووشی نەهامەتی و ستەمی زۆر بوونەوە، بەڵام هەر وەک خانەوادەیەکی تێکۆشەر و قوربانیدەر بەسەربەرزانە درێژەیان بەخەبات دا.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی کەسوکارو خانەوادەی سەربەرزی قادری حاجی عەلی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی یەکێتیی دەکەین، خۆمان بەهاوبەشی خەم و پرسەی هەموولایەک دەزانین. یەزدانی مەزن دڵنەوایی هەموولایەک بداتەوەو ڕۆحی کاک قادریش بۆ هەمیشە شادبکات.
یاد و بیرەوەری پڕ لەسەروەری کاک قادری حاجی عەلی هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. سڵاو لەڕۆحی پاکی.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان