ساهیرە قاسمی تەمەن 27 ساڵ و هەیوان ماهری کوڕی کە تەمەنی حەوت ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی تەلبەناتن لە ڕۆژهەڵاتی چیای #شنگال#. لە ساڵی 2014دا لەگەڵ 20 ئەندامی دیکەی ماڵباتەکەیان لەلایەن چەکدارانی #داعش# ڕفێنرابوون، کە ئێستاش 15 کەسیان چارەنووسیان نادیارە.
ساهیرە و هەیوانی کوڕی، کە تەمەنی تەنیا ساڵێک بوو کاتێک ڕفێندرا، دوای ڕزگاربوونیان لە #کامپی هۆل#، ماوەی دوو ڕۆژە لە ماڵی ئێزدیانن لە ڕۆژئاوای کوردستانن.
ساهیرە و کوڕەکەی لەگەڵ کۆمەڵیکی تر لە کەس و کاری داعشەکان لە کامپی هۆل دەستبەسەر بوون.
ئەو ژنە ئێزدیە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی باغۆز، کە بە یەکێک لە سەختترین شەڕەکانی داعش لە سووریا دەناسرێت، هەوڵی خۆدەربازکردنی داوە.
ماهیر مەحمود، هاوژینی ساهیرەدەڵێت؛ زیاتر لە ساڵێک بوو ڕۆژانە لە هەوڵدابووین تاوەکو توانیمان ڕزگاریان بکەین و بە هاوکاریی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان لە #دهۆک# سەرکەوتوو بووین.
ماهیر ئاماژە بەوە دەکات زانیارییان هەیە ژمارەیەکی زۆر کەسوکاریان لەو کەمپەدان، بەڵام ناتوانن ڕزگاریان بکەن.
لەگەڵ دەستپێکی هاتنی داعش بۆ شنگال 6417 کەس ڕفێنران، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 3530 کەسیان ڕزگارکراون و هێشتا 2887 کەس بێسەروشوێنن.[1]