روانین و بیرکردنەوە لەپەیوەندییەکان و کار و فرمانەکان لەناو ئەندامانی خێزاندا وای لێکردم باشتر لەخراپی دۆخی ژنان تێبگەم.
دابەشکردنی کار و فرمان لەنێوان مرۆڤەکاندا لەمێژە کاری لەسەرکراوە و هەندێک پێیان وایە بەتوانای فیزیکی و لێهاتویی مێشک و سەلیقەی مرۆڤەکان کار دابەش دەکرێت و بەردەوام دەبێت، بەڵام لەمێژوی سەرهەڵدانی خێزانی تاکە ژن و مێردایەتی (کە یەکەمین شێوازی خێزانە) لەسەر مەرجە ئابورییەکان دامەزراوە و تاکو ڕۆژی ئەمڕۆمان هاتووە.
دروستبونی ئەم شێوازە لەخێزان بەخۆشەویستی و پێکەوەیی لەمێژودا دروستنەبوە، وەکو (فریدریش ئەنگلس) لەکتێبی (بنچینەی خێزان و خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت)دا باسی لێوە دەکات، ئەم شێوازە لەخێزان لەپێناو چەوساندنەوەی ڕەگەزێک لەلایەن ڕەگەزێکی دیکەوە هاتوەتە ئاراوە و بەردوامبوە.
لەم ڕوانگەیەوە؛ ماڵ یەکەم ژینگەی ژنە بۆ کارکردن و هەروەها شوێنێکی باشتر و ژینگەیەکی سروشتییە بۆ ئەو، بۆیە دەبێت باش کارەکانی (کە بۆی دیاری کراون، لەلایەن زیهنیەت و کلتورێکی پیاوانەی دەسەڵاتخوازەوە) ئەنجامیان بدات و ناڕازیش نەبێت لەو بارەیەوە، چونکە پێوەرەکانی ژنبون لێرە لەکۆمەڵگای کوردستاندا (لەسەدەی 21 داین و ساڵ ساڵی 2020ە) ئەوەیانکردوە بەپێوەرێک کە تا ئێستاش ژنی باش چێشت لێنەرێکی باش و خزمەتکارێکی باشی مێردە.
ئەم دۆخەی ژنان (بەداخەوە) لەلایەن بەشێک لەژنانەوە بەسروشتی دەبینرێت و بەردەوامیی پێ دەدرێت و نەوەی داهاتوش لەسەر هەمان دۆخ و هەمان زیهنیەت پەروەردە دەکرێت، بێ گومان ئەمەش لەکەمتەرخەمی ژنانی هۆشیار و ناڕازی و خەمخۆری پرسی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت کە تواناکانیان بۆ بەشداری و بەرەوپێشبردنی ژنان لەبواری سیاسەت و حکومەتدا چڕکردووەتەوە و تاڕادەیەک بێئاگان یان خۆیان بێ ئاگا دەکەن لەوەی لەناو خێزانەکاندا ژنان چۆن ژیان دەگوزەرێنن، لە کاتێکدا گۆڕانکاری بنەڕەتی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لەهۆشیاری توێژی ژنان و دایکانی ماڵەوەدایە و ئەوان دەتوانن بەدەنگەکانیان بۆ ژنان بەپەروەردەکردنەکانیان بۆ نەوەی داهاتو، ژیان و بەها کۆمەڵایەتییەکان لەکۆمەڵگادا بگۆڕن.
بیر دەکەمەوە کە ئەگەر ژنان هێندەی سەرقاڵی کار و بەرپرسیارێتیەکانی ناو ماڵ دەبن؛ هێندە کار بۆ خۆپێگەیاندن و هۆشیاری بکەن، کۆمەڵگا بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەگەریش پیاو تەنها ئەو کارانەی کە چاوەڕوانە ژنێک بۆی ئەنجام بدات (جا ئەو ژنە دایک یان هاوسەر یان خوشک یان کچی خۆی بێت) بۆ خۆی بیانکات چی دەبینین؟ بەڕاستی ئەو کاتە ملیۆنەها پیاوی هەژاری ماندو دەبینین کە هەمو کاتیان بەگسکدان، خاوێنکردنەوە، قاپ و کەوچک شۆردن، میوانداری و ئوتوکردنی جلوبەرگ و چێشت لێنان دەڕوات و دەبڕێتەوە.
ئێستا سەرجەم ئەم کارانە بونەتە ناسنامەی ژن، بەمیوانییش بڕۆیت بۆ ماڵێک؛ دەبێت خزمەتی خاوەن ماڵ بکەیت کە پیاوە، لەبەر ژنبونت!
باسی ئەو خێزانانە ناکەم بەهۆی ئەوەی هەردولا (واتە ژنان و پیاوان) کار دەکەن وەکو یەک؛ هەندێک جار پیاوان چەند کارێکی ناوماڵ ب نەباشی و نیوەناچڵی ئەنجام دەدەن. سەیر لەوەشدایە پیاوان کاتێک گۆرەوییەکانی خۆیان دەشۆن؛ دەڵێن هاوکاری خێزانم دەکەم!
ئەم دۆخە بەچی چارەسەر دەبێت؟
زیهنیەتی پیاوسالاری (کە ژنان و پیاوان تیێیدا قوربانین) ناسنامە و کار و چالاکی و پێوەرەکانیشی بۆ هەر کامیان دیاریکردووە، بۆیە کاری پێویست (بە بڕوای من) هەوڵدان و تێکۆشانی هەردوو لایە بۆ ڕزگاربون لەو زیهنیەتە و گەڕانەوەمانە بۆ ژیانێکی سروشتی کە لەو جۆرە ژیانە هاوسەنگەدا هیچ ڕەگەزێک لەوەی دیکە مافدارتر و گەورەتر نییە و کەس خزمەتکاری کەس نییە.
نووسینی: هاوژین زێبا