پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئەمجارە ئەگەر لای هەموو خەڵکی #کوردستان# دووبارەی کابینەکانی دیکە بێت و تەنها کەسەکانی بگۆڕێت، ئەوا بۆ کاک مەسرور سەرەتای داهاتووی سیاسی و کارگێڕی خۆیەتی لە بەرزترین ئاستی پێگەی جێبەجێکردن. وەک ئینگلیز دەڵێن (First Impression is the last impression)، واتە کاریگەریی و بۆچوونی یەکەمجار لەسەر شتێک کاریگەرییەکەی تا کۆتایی دەمێنێت. ئایا کاک مەسرور دەتوانێت کابینەیەکی جیاواز لەوانی پێشوو پێکبهێنێت، یاخود ئەویش لە ژێر هەژموونی سیاسی و حیزبی و بنەماڵەیی لایەنەکاندا دەبێت، هەمان کۆپی ئەوان دووبارە دەکاتەوە و، هەر لەسەرەتاوە شقارتەیەک دەدات لە داهاتووی سیاسی خۆی و، تەنها سەرچاوەی هێزی دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگە حیزبی و بنەماڵەییەکەی؟! وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر بەسادەیی لەم ئارگیومێنتانەی خوارەوەدا کورت دەکەمەوە.
یەک: پێکهاتەی ئەنجومەنی وەزیران
ئاشکرایە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە کوردستان وەک دیفاکتۆیەک بەهێزترین دەسەڵاتی هەیە و، لە ڕابردوودا بینیومانە کە دەسەڵاتەکانی دیکە لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردندا وەک پێویست ڕۆڵی یاسایی و چاودێری خۆیان پێنەدراوە. من چاوەڕوان ناکەم کاک مەسرور بتوانێت پێکهاتەی ئەنجومەنی وەزیران بکاتە دەستەیەکی تەکنۆکراتی بەهێز و دوور لە ناونانی سیاسی و پشکداری حیزبی، بەر لە هەموویان لە حیزبەکەی خۆیەوە، بەڵام خۆ دەتوانێت مەرجی توانستی و لێهاتوویی و پسپۆڕی و ئەزموونداری و پڕۆژەداری و دیدگەسازی بەسەر کاندیدی پارتە سیاسیە بەشدارەکاندا بسەپێنێت. خۆ دەتوانێت داوای متمانە نەکات بۆ کاندیدی لاوازی حیزبە بەشدارەکان. نابێت دڵی بەوە خۆش بێت کە کاندیدی حیزبێکی ڕکابەری کەسێکی لاواز بێت، چونکە لە ئەنجامدا کابینەکەی خۆی لاواز دەکات و، ڕەنگە کەلێنێکی ئەو وەزارەتە، سەرلەبەری کابینەکە کۆڵەوار بکات.
دوو: دەستەی ڕاوێژکاری
زۆر گرنگە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەستەیەک لە ڕاوێژکاری پسپۆڕی هەبێت لە بوارە جیاوازەکاندا کە پسپۆڕیەکانیان هاوشێوەی کاروبارەکانی نێو وەزارەتەکان بێت و، بتوانن هاوکار بن، نەک ڕێگر، بۆ وەزارەتەکانی دیکە و خودی سەرۆکایەتی ئەنجومەن. ڕاوێژکارەکان لە نێو ئەنجومەنی وەزیراندا ئەرکی دەوڵەمەندکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان دەبێت بە بیرۆکەی پڕۆژە و بڕیار و کار و چالاکی ناوازە کە بیسەلمێنێت هێزێکی گەورە لە پشتی ئەم سەرۆکەوەیە و، هاوکاریەتی تا وەک شارەزا و ئاگایەکی پسپۆڕیەکانی حکومەتەکەی دەرکەوێت، نەک بەسەر سەرۆکدا هەڵبدەن تەنانەت ئەگەر هەڵەشی کرد.
سێ: کابینەی وەزارەتەکان
زۆرجار کارمەندێکی فەرمانگەیەکی ئاسایی وەزارەتێک لە مامەڵەی لەگەڵ هاوڵاتیەکدا تەواوی ئەو وەزارەتە نابوت دەکات. زۆر گرنگە کابینەی نێو وەزارەتەکان لە جێگر و ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتیەکان و بەڕێوبەر و بەرپرسی یەکە کارگێڕیەکان کەسانی لێهاتوو و خزمەتگوزار و خەمخۆر و دڵسۆز و سادە بن تا ببنە نمونە بۆ خوار خۆیان. پێویستە ئەوەندەش بەهێز بن، وەزیرەکەیان پڕچەک بکەن بە پڕۆژە و بیرۆکەی نوێ بۆ فراوانکردنی پانتایی خزمەتەکانیان بە هاوڵاتی. بەم جۆرەش دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکێکی بەهێز و خاوەن پڕۆژە و دەستەیەک لە وەزیری بەتوانا و خاوەن پڕۆژە کابینەیەکی بەهێز پێک دەهێنن.
چوار: چاودێری و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و لێپرسینەوە
لە وڵاتی ئێمەدا گرفتێکی گەورەی بەردەم گەشەپێدان بریتیە لە نەبوونی پرۆسەی چاودێری و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بە شێوەیەکی کاریگەر. ئەگەر چاودێریش هەبووبێت هەڕەمەکی بووە و زۆرجار لێیگەڕاون ڕاگەیاندن درکی پێبکات، نەک خودی حکومەت بۆشاییەکان بدۆزێتەوە. ئەگەریش چاودێریان کردبێت، هەڵسەنگاندنیان نەکردوە بۆ کاروبارەکانی وەزارەتەکان و خودی ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی مەوداکانی کورت خایەن و مام ناوەندی و درێژخایەن. لە هەموو ئەوانە کوشندەتر، نەبوونی بەدواداچوونە. هەر بەراستی بەدواداچوون کلیلی گەشەپێدانە. سەدان چالاکی چاودێریکردن و هەزاران ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندن، بە بێ بەدواداچوون بۆ بڕیارەکان هیچ کاریگەریەکی نابێت و تۆز ئەیانخوات. هاوکات زۆر گرنگە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانی کابینەکەی بچنە بەردەم پەڕلەمان و، وەڵامی لێپرسینەوەکانی ئەندامانی پەڕلەمان بدەنەوە و، ئازایانە هەڵوێستی خۆیان بنوێنن لە کاتی هەبوونی کەموکوڕی گەورە لە کارەکانیان.
پێنجەم: دەوامکردن
ئایا کاک مەسرور دەتوانێت پێداگری لەسەر ئەوە بکات و سازشی لێنەکات کە خودی خۆی و وەزیرەکان و جێگرەکانیان و تەواوی بەڕێوبەرە گشتیەکان و بەڕێوبەرەکان ڕۆژانە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا تەواوبوونی کاتی فەرمی دەوام لە فەرمانگەکانیان بمێننەوە و، هێندە شوێنەکانیان چۆڵ نەکەن؟! هەر بەڕاستی دەوامنەکردنێکی ڕێکوپێک یەکێک بووە لە لەمپەڕە سەرەکیەکانی بەردەم ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکان، بە جۆرێک هاوڵاتیەکی ئاسایی بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەیەک چەندین جار سەردانی فەرمانگەکانی کردوە.
شەشەم: زیادەڕەوی نەکردن لە خەرجیدا
لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا و لە سیستەمێکی دامەزراوەییدا، کاربەدەستانی حکومەت کەمترین پارە خەرج دەکەن لە سنوری یاسادا، بەڵام زۆرترین پارە و خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن. بەداخەوە لای ئێمە کاربەدەستان هەمیشە پارەی زۆریان دەستکەوتوە و میللەتیش برسی کراوە. ئاساییە کاربەدەستان موچەی باشی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئاسایی نیە لەولاوە پاساوی ناڕەوا بهێننەوە بۆ گوشینی گەدە و گیرفانی خەڵکی.
حەوتەم: بازرگانی نەکردنی کاربەدەستان!
یەکێک لە هۆکارەکانی شکست لە حوکمڕانیدا، بریتیە لە قۆزتنەوەی پۆستی باڵا بە مەبەستی بەشداریکردن و پشکداربوون لە پڕۆژەی بازرگانی کەرتی تایبەت. زۆر گرنگە یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران پڕکردنەوەی بەڵێننامە بێت بە وەزیر و جێگرەکانیان کە بە هیچ جۆرێک پشکداری نەکەن لە بازرگانی و سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەت و، سودمەندبوونی کەسیی لە پڕۆژەکانی حکومەت و وەزارەتەکەی. بێگومان پێویستە خودی خۆیشی هەمان بڕیار لەسەر خۆی جێبەجێ بکات.
هەشتەم: تێپەڕاندنی پشکداری حیزبی لە پۆستەکانی بەڕێوبەری گشتی و خوارتر
هەر وەک هەنگاوێکی زۆر سەرەتایی بەرەو بەدامەزراوەییبوون، پێویستە بەڕێز سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر نەشتوانێ وەزیر و جێگرەکانیان لە دەرەوەی پشکداری حیزبی دیاری بکات، پێداگر بێت کە پۆستەکانی بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەری و خوارتر مەرجی حیزبیان نەبێت، بەڵکو لێهاتوویی و شیاوی بکرێنە پێوەری سەرەکی. ئەگەر دەسەڵاتەکانی خوارەوە بەهێز و تەکنۆکرات بوون، دەسەلاتی سەرەوەش بەهێز دەرەکەوێت.
نۆیەم: دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕەخنەگر
یەکێک لەو کارە جوانانەی کە سەرۆکی ئەم کابینەیە دەتوانێت ئەنجامی بدات دامەزراندنی کەناڵێکی ناوخۆییە کە بەردەوام گرفتەکانی هاوڵاتیان و ڕەخنە و گازەندەکانیان بگوازێتەوە، لە پاڵ ئاماژەدان بە دەستکەوتە گەورەکانی حکومەت. بوونی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی لەو جۆرە حکومەت دەکات بە چاودێر بەسەر خۆیەوە و، دەتوانێت پردی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هاوڵاتی بەهێز بکات.
دەیەم: بودجە
نەبوون یان دواکەوتنی بوجەی ساڵانە لە کاتی خۆیدا، یەکێک بووە لە لاوازیەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان. پێویستە لەو بابەتەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بکات بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی بوجەی ساڵانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک دارایی و پلاندانان و وەزارەت و دەستە و پێگەکانی دیکە.
لە کۆتاییدا، بە بڕوای من ئەگەر دەستپێکی کارەکانی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران ئەو خاڵانەی لەخۆگرت، ئەوا دەتوانێت داهاتوویەکی بەهێز بۆ خۆی مسۆگەر بکات تا ڕادەی بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی حکومەتێکی ئەلەکترۆنی خزمەتگوزار، بە پێچەوانەوە ئەویش ئومێدی خەڵکی لەدەست دەدات و، تەنها دەبێتە دەسەڵاتدارێکی خۆسەپێنی دیکە بەسەر میللەتێکدا کە بەردەوام خەونەکانی خنکێنراون و ئاواتەکانی کوژێنراونەتەوە. لای من ئەمە چاڵێنجێکە و ڕوبەڕووی سەرۆکی نوێی حکومەت دەبێتەوە. ئایا دەیسەلمێنێت کە دەتوانێت بیباتەوە؟[1]
د. ڕەئووف کەریم پێنجوێنی