ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - #هەپەگە# دەربارەی چالاکییەکانی گەریلا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە لە گەڤەر 5 سەرباز و لە ناوچەی ئەلکێی شرناخ-یش لایەنی کەم 2 سەربازی تورکیا کوژراون.
دەقی ڕاگەیەنراوی هەپەگە:
گەڤەر
(هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری-دا، ڕۆژی 3ی ئەیلوول\12ی خەرمانان کاتژمێر 18:45 لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر کە لە دەریێ خز-ی سەر بە ناوچەی دەرێی جافەر-ی سنووری شاری گەڤەر-ی پارێزگەی جۆلەمێرگ جێگیر بووبوون، چالاکییەکیان ئەنجامدا. سەرکەوتوانە لە سەنگەر و بنکەکانی دوژمن درا. لە چالاکییەکەدا چەندین سەنگەر و چادری دوژمن ڕووخێنران و ئەوەندەی ڕوون بوویەوە 5 سەربازی دوژمن کوژران. لە دوای چالاکییەکە سوپای تورکیای داگیرکەر کوژراو و بریندارەکانی خۆی بە کۆپتەری سکۆرسکی لە ناوچەکە گواستەوە.
لە ناوچەی ئەلکێ-ی شرناخ زۆر سەرباز کوژران
سوپای تورکیای داگیرکەر شەوی 24ی ئاب\2ی خەرمانان لە ناوچەی دۆڵی لێڤن-ی پارێزگەی جۆلەمێرگ، ناوچەی ترشین و چالیان-ی سنووری شارۆچکەی پایزاوا-ی پارێزگەی وان و ناوچەی ئەلکێی سەر بە پارێزگەی شرناخ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفرەوانی دەستپێکرد. هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید دەلال #ئامەد# و شەهیدانی بەستا-دا، نیوەڕۆی ڕۆژی 28ی ئاب\6ی خەرمانان چالاکییەکیان لە دژی یەکینەیەکی ئۆپەراسیۆنەکە لە سێگۆشەی ترشین، چالیان و فەڕاشین ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا زۆر سەرباز کوژران، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی هێزەکانی داگیرکەر ڕوون نەبوویەوە. ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکە ڕۆژی 31ی ئاب\9ی خەرمانان بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانی بەستا-دا، ڕۆژی 3ی ئەیلوول\12ی خەرمانان کاتژمێر 17 لە ناوچەی دەریێ بەرانا-ی سەر بە دەڤەری کاتۆ مارینۆس لە سنووری شارۆچکەی ئەلکێی شرناخ دژی سەربازانی داگیرکەر چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا سەرکەوتوانە لە هێزەکانی دوژمن درا و 2 سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو.
ئۆپەراسیۆنی داگیرکەر و چالاکیی گەریلا لە قەرس
سوپای تورکیای داگیرکەر ڕۆژی 1ی ئاب\10ی گەلاوێژ لە گوندی گەڤەنتەپە-ی سەر بە ناوچەی قاقزمان-ی پارێزگەی قەرس ئۆپەراسیۆنێکی بەرفرەوانی دەستپێکرد. ڕۆژی 5ی ئاب\14ی گەلاوێژ لەنێوان هێزەکانی ئێمە و هێزەکانی داگیرکەر شەڕێکی سەخت ڕوویدا. له و شەڕەدا چەندین سەربازی دوژمن کوژران، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕوون نەبوویەوە. هێزەکانی داگیرکەر لە مێدیاکانی خۆیەوە پڕوپاگەندەی ئەوەی کرد کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا زیان بە گەریلا گەیشتووە. ئه و زانیارییانەی لە مێدیای دوژمندا بڵاودەکرێنەوە ڕاست نین، یەکینەکەی ئێمە کە بەشداری ئه و شەڕە بووە بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە بنکەکەی خۆی.
هێرشی ئاسمانی
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر ڕۆژی 3ی ئەیلوول\12ی خەرمانان کاتژمێر 21 بۆمبارانی دۆڵی قیامەتی کرد لە نزیک گوندی زاوێتە و گوندی چەمرۆبۆتکیی سەر بە ناوچەی چەمانکێی شاری #دهۆک#. بەهۆی بۆمبارانەکە ئاگر لە دارستان کەوتەوە و زیانێکی زۆر بە ڕەز و باخی گەل کەوت. ئاگرەکە هێشتا دانەمرکاوەتەوە.[1]
#04-09-2018#