جەوهەر نامیق سالم لە ساڵی 1946 لە گوندی #بەرلوت# سەربە شارۆچکەی #کەلار# (ناوەندی ئیدارەی #گەرمیان#) لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر لە دایک بووە، بنەماڵەکەیان تێکەڵی خەباتی سیاسی و کوردپەروەری بووە و باوکی (نامیق سالم) یەکێک بووە لە ئەندامەکانی حزبی هیوا لە سنووری گەرمیان، جەوهەر نامیق لە هەڕەتی لاوێتیدا دەچێتە ڕیزی #یەکێتی قوتابیانی کوردستان# و لەوێوە دەست بە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی دەکات و لەو دەمانەی لە ڕیزی ئەو ڕێکخراوەدا بە کەسێکی چوست و چالاک دەناسریت لای هەموان.
جەوهەر نامیق لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو قۆناغێکی تر لە کاری سیاسی خۆی دەست پێ دەکات و دەچیتە ڕیزی #شۆڕشی ئەیلول#ەوە و سەرەتا لەناو ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پاشتر دەبێتە کارگێڕی لقی سێی پارتی و لێرە بە دواوە زیاتر دەبێتە جیگەی متمانەی هاورێ و هاوسەنگەرانی بە تایبەت خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی، لە پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 بە دواوە جەوهەر نامیق دەبێتە یەکێک لەو کەسانەی کە بە نسکۆی شۆڕش نیگەران و دڵتەنگ دەبێت و ئەمەیش وا دەکات کە دەست بە ئامادەکاری بکات سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو نسکۆیە و دووبارە دەست کردنەوە بە شۆڕش و هەستانەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەلا مستەفای بارزانی هاوڕێ لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی یەکێک دەبێت لەو کەسانەی کە دەست بە هەستانەوە دەکەن بە گوڕوتینێکی تر و لەژێر ناوی قیادە موقەتە (سەرکردایەتی کاتی) جارێکی تر شۆڕش جۆش دەدەنەوە هەر بۆیە لە 26-5-1976 لە ناوەی کوردستان جاڕی #شۆڕشی گوڵان# دەدرێتەوە کە ئەو کات جەوهەر نامیق بە (سەلیم #سۆران#ی) لەنێو هەڤاڵەکانی ناسراو بوو، یەکەمین بەیاننامەی شۆڕشی گوڵان لەلایەن جەوهەر نامیقەوە ئامادە کرا بە ناوی (کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە) لەم بارەیەوە #مەسعود بارزانی# دەنووسێت ڕۆڵی کاک جەوهەر لە سەرکردایەتی کاتی قەد لە بیر ناکرێت.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2250/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=جەوهەر نامیق سالم=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2250/0002.JPG=KTML_Photo_End=
لێرە بە دواوە جەوهەر نامیق چەندین پۆست و بەرپرسیارێتی لەنێو ڕیزەکانی پارتیدا وەر دەگرێت لەوانە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لە سەروبەندی ڕاپەرینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان بەرپرسی میحوەری #کەرکووک# – گەرمیانی بەرەی کوردستانی بووە.
جەوهەر نامیق لە پاش یەکەمین هەڵبژاردنی #پەڕڵەمانی کوردستان# لە 19-5-1992 و لە یەکەمین کۆبوونەوەی پەڕڵەماندا لە 4 ی حوزەیراندا دەبێتە یەکەمین سەرۆکی پەلەمانی کوردستان و تا ساڵی 1999 وەک سەرۆک مایەوە، لە ژیانی پەڕڵەمانتاریدا جگە لە دەر کردنی چەندین یاسا و بڕیار لە سەردەمی ئەودا خاوەنی گەلێک شکۆمەندیە کە دیار ترینیان بریتین لە دەرکردنی یاسای فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان لە 4-10-1992، یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستانی ئێراق لە 11-11-1999، پەناگیری نێو پەڕڵەمان بۆ ماوەی (103) ڕۆژ لەگەڵ پەنجاو هەشت هاوڕێی پەڕڵەمانتاریدا لە دژی شەڕی ناوخۆ و بەرقەرار بوونی ئاشتی و دژی دەست وەردانی داگیرکەران بوو بۆ خۆشکردنی ئەو شەڕە نەگریسە.
جەوهەر نامیق لە پاش پڕۆسەی ئازادی ئێراق لە نیسانی 2003 وازی لە کاری سیاسی بە تایبەت لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هێنا، سەرباری واز هێنانی لە کاری حزبی بەڵام بوو بە ڕەخنەگرێکی جدی و بەردەوام هەوڵی چاکسازی دەدا لەنێو حزب و حوکمەتدا، بەشێکی تەمەنی بۆ نووسین و خوێندەوەی ورد تەرخان کرد، لە پاش درووست بوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە زۆر جاراندا پشتیوان و پشتگیری کاری ئۆپۆزسیۆن بوو لە کوردستان و بە مۆدێلێکی نوێی لە کاری سیاسی دەزانی، هەر چەندە بۆ خۆی دەرچووی کۆلێژی ئابووری بووە لە بەغدا بەڵام خاوەنی چەندین بەرهەمە لەوانە: ئایا فیدراڵیەت وەک خیارێکی سیاسی لە ئێراق پیادە دەکرێت، ئەزموونی کوردی لە بزاڤە پەندۆڵییەکەیدا، کورد لە گەمەی دەقە یاساییەکاندا.
جەوهەر نامیق پاش بە ڕێ کردنی تەمەنێک لە ژیانی چەکداری و سیاسی و پەڕڵەمانتاری و خۆ تەرخان کردن بۆ ڕەخنە گرتن و نووسین لە 22-03-2011 لە وڵاتی سوید بە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر کۆچی دوای کرد و پاشتر لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە گومان لەسەر مردنەکەی درووست بووە، دوو کوڕ و کچێکی لە پاش بە جێ دەمینێ، پاشتر لە ڕێوڕەسمێکدا تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ زیدی خۆی لە بەرلوت لە گەرمیان و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە خاک سپێردرا. لە 17-04-2012 لە گۆڕستانی بەرلوت لە ساڵیادی کۆچی یەکەمین سەرۆکی پەڕڵەماندا ڕێوڕەسمێک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حوکمی بەڕیوە چوو.[1]