ناونیشانی بابەت: ئازار و کوشتنی ژنان؛ لە دروشمی بریقەدارەوە تاکوو مۆتەکە
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
“فەلسەفەی پشت ئەم ڕۆژه”
بنەڕەتی 8ی مارس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1857ی زایینی، کە کۆمەڵێک لە ژنانی کرێکاری کارگەی چنین لە شاری “نیۆیۆرکی ئەمریکا“ بەهۆی سەختی زۆری ئیش و کار و ڕێژەی کەمی مووچەیان، دەستییان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی خۆیان پیشاندا. دوای 50 ساڵ ژنانی ئەم کارگەیە لە 8 ی مارسی ساڵی 1908دا بە مەبەستی یادکردنەوەی مانگرتنەکەیان و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بارودۆخی ئیش و کار و کەمبوونی مووچەیان، دیسانەوە دەستیان دایەوە مانگرتن، بەڵام بەرپرسانی کارگەکە لە بەر ئەوەی کرێکارانی دیکەی کارگە پەیوەست نەبن بەم ناڕەزایەتی و مانگرتنەوە، ژنانی ناڕازی و مانگرتوو دەەست بە سەردەکەن و دوای ئەوە بە شێوەیەکی گوماناوی کارگەکە گڕی تێبەردەبێت و ئاگر دەگرێت. لە ژمارەی 129 کەس تەنیا چەند کەس بەزیندوویی دەمێننەوە و ژنانی کرێکاری دیکە لەنێو ئاگرەکەدا دەسووتێن و قوربانی دەبن، لە ساڵی 1909دا دوو هەزار ژنی خۆپیشاندەر بە درووشمی “مافی دەنگدان بۆ ژنان“ داواکاری دیاریکردنی ڕۆژێک لە ساڵدا بە ناوی “ڕۆژی ژنان“ بوون. لە ساڵی 1910دا، لە دووەمین کۆنفرانسی “ژنانی سۆسیالیست“ بە سەرپەرشتی خاتوو “کلارا زاتکین“ داواکاری دیاریکردنی ڕۆژی ژنان بوون. لەم کۆنفرانسەدا 100 ژنی چالاک لە 17 وڵات بەشداربوون و هەر لەم کۆنفرانسەدا خاتوو “کلارا زاتکین“ داواکاری دابەزاندنی کاتەکانی کار بۆ 8 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و، هەروەها پشوودان لە کاتی منداڵبوونی ژنان خستەڕوو، هەروەها لە لە 19ی مارسی ساڵی 1911دا، لە هەندێک لەو وڵاتە ئەورووپییانەی وەک؛ نەمسا، دانیمارک، ئاڵمان، سویسرا، ژنان و پیاوان لە هەمبەر یاسای هەڵاواردن و کەمیی مووچە و هەروەها مافی دەنگدان بۆ ژنان، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. هەروەها لە ساڵەکانی 1915ژنانی 12 وڵات لە هۆڵەندا دژ بە شەڕی یەکەمی جیهانی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. لە 1917دا ژنانی کرێکاری ڕووس لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان کرد و هەروەها مانگرتنی گشتیی “نان و ئاشتی“یان ڕاگەیاند. دەوڵەتی یەکێتی سۆڤییەت پاش 4 ڕۆژ مافی دەنگدانی ژنانی بە فەرمی ناسی. لە ساڵی 1977دا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 8ی مارسی وەک ڕۆژی جیهانی ژن پەسەند کرد، لەو کاتەوە تاکوو ئێستا بە شێوازی جۆرواجۆر ڕێز لەم ڕۆژە دەگیرێت.
بنەڕەتی سیاسی ئەم ڕۆژە، مانگرتنەکان، بزووتنەوەکان، ناڕەزایەتییەکان هەمووی بۆ ئاگاداری، وشیارکردنەوە و هۆشداریدان بە نیسبەت نا-یەکسانییە بەردەوامەکان بوو. ئەم ڕۆژە لە سەرەتادا وەک ڕووداوێکی سیاسی سۆسیالیستی، لەنێو حیزبە سۆسیالیستییەکان، و لە ئەمریکا، ئاڵمان و ئەورووپای ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد. ئەم ڕۆژە؛ لە هەندێک لە شوێنەکاندا ڕەنگ و بۆی خۆی لە دەستداوە و بووە بە بۆنەیەک بۆ پیاوان تا خۆشەویستی خۆیان بەرانبەر بە ژنان دەرببرن. باسەکە ئەمە نییە کە پیاوان لەم ڕۆژەدا بە لقێک گوڵ یان دیارییەک ڕێز لە ژنان نەگرن، باسەکە ئەمەیە کە پەیامی 8ی مارس هیچکات لە پانتای کاروباری تاکەکەسیدا ناگونجێت و بەرتەسک ناکرێتەوە و هەر لە کاتی دەستپێکردنەوەیەوە تاکوو ئێستا ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە و، هەروەها لە زۆربەی وڵاتان کە بۆ لەناوبردنی هەڵاواردنی جێندەری تێناکۆشن و بە تەنیا هەوڵیان ئەوەیە کە ژن دایک بێت و ملکەچ و مافی مرۆڤبوونی لەبەر چاوانەگرن. ژنانی دونیا دەزانن تا ئەو ڕۆژەی کە تەواوی مافی ئینسانییان لە کۆمەڵگەدا بە فەرمی نەناسرێت و هەڵاواردنە جێندەرییەکان هەبێ و یەکسانی ژن و پیاو نەبێت، خەباتیان ئەبێ هەر بەردەوام بێت.
=KTML_Bold=“مانا و دەرکەوتنی ئەم ڕۆژە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان و کۆمەڵگەی کوردی”=KTML_End=
لە زۆربەی وڵاتەکان بە لقێک گوڵی “میموزا“ کە هێمایەکە بۆ “ڕۆژی ژن“ ڕێز لە ژنان دەگیرێت، بەڵام پرسیار ئەمەیە؛ ئەی لە ڕۆژانی دیکەدا چی؟ ڕۆژانێک کە گوڵی “میموزا“ ئەبێت بە داسێک بە دەستی باوکێک و سەری کچەکەی ئەبڕێت. نموونەیەکی زۆر سادە کچێکی تەمەن چواردە ساڵ بە ناوی “ڕۆمینا ئەشرەفییه“ لە گوندی “سفید سەنگانی“ سەر بە پارێزگای “گێلان“ی وڵاتی “ئێران“ کە لە ساڵی 2020 بە بیانووی شەرەفەوە بە داسی نەرێت و کۆنەپەرەستی کوژرا، یان نموونەی نێزیکی دیکە کچێکی 22 ساڵە بەناوی “سۆنیا“ کە خاوەنی منداڵیش بوو لە شاری #سەردەشت#-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەقۆی برا و مامی کوژراو و بەناو شەرەف و ئابڕویان هێنایەوە میحرابی پیرۆزی بنەماڵە! ئەمە لە حاڵێک دایە تا ئێستە هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم کوشتنانە لەسەر شەرەف یان هەر هۆکارێکی دیکە نادیار و نەزانراو ماوەتەوە و سیستەمی دادوەریی “کۆماری ئیسلام”یش بەهۆی ئەوەی خۆی لەسەر بنەمایەکی ئایینی و نەرێتی دامەزراوە بەدواداچوونێکی ورد و ڕاشکاوانە و ڕوون بۆ ئەمجۆرە کەیسانە ناکات و، لە دواجاردا هەر وەکوو پەڵەیەکی سووری درەوشاوە و زامێکی ساڕێژنەبوو لە یادەوەریی ژنان و، هەندێک لە پیاوان و، ڕێژەیەکی کەم لە کۆمەڵگە دەمێنێتەوە! ئەم پڕۆسە و ڕەوتەی قوربانیکردن و قوربانیبوون و بێچارەنووسی خوێنی کچان و، ژنان تا ئێستەش بەردەوامە و، ڕۆتین و، هەڵوێست نواندن و دروشمدانەکانی ڕۆژی “هەشتی مارس” لەلایەن ژنان و پیاوانی مەجازیی و ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جگە لە خەستترکردنەوەی برین و لەماناخستنی ئازار و هۆکاری کێشە و کارەساتەکان هیچ دەسکەوتێکی نابێت، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زام و برینی ژنان هەستێکی گشتیی هاوبەشە لەنێوانیاندا و جیاوازیی نابێ بکرێت لە کوشتن و، قوربانیکردنی ژنان و کچان، جا لە “ڕۆژهەڵات لە سەردەشت” بێت یان لە باشوور لە #سلێمانی# و #گەرمیان# و #هەولێر# بێت یان لە “کابولی ئەفغانستان“ یان لە گیلانی ئێران، بۆچی نابێت جیاوازیی بکەین؟ چونکە کولتووری هەموو ئەم وڵاتانە سەرەڕای جیاوازییەکانیان بە نیسبەت ژن و پرسی ژن لە سەرچاوەیەکی نەرێتی و ئایینی پێڕەوی دەکات، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە لە هەر کام لەم کۆمەڵگەیانە فۆرم و، ڕێژەی خۆی هەیە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و، باشوور سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و، سیاسی و، کولتوورییەکان، بەڵام هێشتا (ژنان و کچان) قوربانی دەبن، ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردووش “حکومەتی هەرێمی کوردستان” هەلێکی زۆری بۆ چالاکی و دەرکەوتن ژنان ڕەخساند تاکوو ئازار و خەم و مەینەتییەکانیان بگێڕنەوە و لێی دەرباز بن، بەڵام لەم ڕووەشەوە سەرەڕای دەسکەوتەکان دیاردەی “بەکاڵاکردنی” ژن و “بووکە شووشەکران“ی ژنان سەریهەڵدا و، ژنان کەوتنە ناو سیستەمێکی نادرووست و، نەزۆکی کایەی میدیایی و ئەقڵی ئامێریانی کەلوپەلە مۆدێڕنەکانەوە.
وەک دەبینین؛ ژنان لە هەر دوو لاوە دەکەونە ناو تۆڕێکی قوربانیکردن و، کوشتن و، چەوساندنەوەوە، بۆیە دەربازبوون لەم دۆخە دۆزەخییە تەنیا لە ڕێگەی وشیاریی و، بەهەڵوێستی و بەپرینسیپی ژناندا دێتە کایەوە. وشیارییەک کە سەرەتا دەبێت جێگەی برینەکان بە درووستی بناسێت و، ئەوکات هەوڵ بۆ تیمارکردن و چارەسەرییان بدات، بوونی “ژن” بە بووکەشووشەی ئەم میدیا و ئەو کۆمپانیا و ئەو لایەنەکە ئاڕاستەی وشیاریی و ڕزگاری ژنان لە نایەکسانی و هەڵاواردن دیاری ناکات بەڵکوو فۆرم و جەوهەری کێشەکە دەسڕێتەوە و ژنان خۆیان دەکەونە ناو سیستەمێک کە بە خۆشحاڵی و سەما و پێکەنینەوە پێشوازی لەو چەوساندنەوە و، قوربانیبوون و، هەڵاوردنە دەکەن. دەرکەوتنی ژنان ئەگەر وشیاری و دیسیپلین و تێپەڕین لە جەستەسازیی و مەکیاجکردنی لەگەڵ نەبێت ئەوا داننان و هاوکاریکردنی هەمان نەرێتی کارەساتسازە لە ناو بینا و کەشێکی مۆدێڕندا. واته؛ ئەم دۆخە دیسان بە بیرخەری ڕووداونێکە کە لە جیهانی نەرێتیدا ڕوویان داوە و هێشتا برینەکانی تیمار نەکراوە. واته؛ تەورێک بە دەستی باوکێک کە ئەبێتە دادوەر بۆ تاوانی کچەکەی و بە نەرێتی پیاوسالارانە و بە دادگایەکی سەحرایی و لە ڕێگەی تەوەرەوە ئەنجن ئەنجنی دەکات و سزای نەرێتی پیرۆزبە شێوەیەکی پیرۆزمەندانە بەسەر کچەکەیدا جێبەجێ دەکات. وەکوو “ڕەیحانە عامری“ 22ساڵە لە شاری “کرمان“ لەنێو ژوورەکەیدا بە دەستی باوکی بە تەور کوژرا. بەڵام ئەمانە دواهەمین کوشتن لەسەر شەرەف نین و ئەم توندووتیژییانە لەسەر بنەمای “شەرەف“ تەنیا یەکێکن لەو توندوتیژییانەی کە دەرهەق بە ژنان دەکرێن. ئەم جۆرە توندوتیژییانە کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرانبەر بە ژن ڕوودەدات ئەبێتە هەزاران توندوتیژی دیکە بەرانبەر ژنان و، دەبێتە هۆی سەدان کێشەی دەروونی و زام و برین کە کۆڵەکەی خێزان و کۆمەڵگە لە خشتە دەبات، زامی بێ سەرپەرشتی ئەو ژنانەی کە لەنێو کۆمەڵگەدا مەجبوور ئەبن کۆڵ بدەنە ژێر کاری سەخت و بە مووچە و مافدەستێکی کەم، تەنیا لە بەرئەوەی لە وڵاتێکدا ناژین کە دەوڵەتەکەی مووچەیەکی مانگانەیان بۆ تەرخان کا، بووە بە گرێ و ئازارێکی قوورس. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بیرخستنەوە و قسەکردن لەسەر 8ی مارس کام زام ساڕێژ دەکات؟ ئەم ڕۆژە چی پێیە بۆ ژنانی بێ سەرپەرشت و کرێکاری وڵاتم؟
یان ئەو کاتەی کە ژنانی وڵاتەکەم بۆ ئەوەی لەلایەن پیاوانەوە ڕەت نەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بگەن بە نان و نەوایەک لە تەنشتیاندا، بۆ ئەوەی سەرنجیان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن، ڕۆح و جەستەی خۆیان لە ڕێگەی ئامێرە مۆدێڕنەکانەوە هەڕاج دەکەن و ئەبن بە سەدان وێنەی جۆرواجۆر لە ناو کۆمەڵگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. دیسان دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئەم ڕۆژە و پرسیارەکە بە شێوەی دیکە دەپرسین؛ لێرە بە کام لقە گوڵی “میموزا“ گوڵی ژاکاوی کەسایەتی دەروونیان دەبووژێتەوە؟ لە ژیانی ئەمڕۆدا ئەم بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە خەریکە ئەبێتە بابەتێکی تاکەکەسی و، بەرتەسک بۆ ئینکار و، قەبووڵنەکردنی جەوهەر و، ڕاستەقینەی ئەم ڕۆژە. لە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لە فۆرمی چیرۆک و ڕۆمان و… هتد، پەرژاونەتە سەر ئەم ئازار و ژانە ئاڵۆز و پەنگخواردووانە. یەکێک لەو نووسەرانە کە لە زۆربەی چیرۆکەکانییدا باسی ژنانی کرێکار و جێگە و پێگەی لەنێو کۆمەڵگەی نەرێتی و پیاوسالارانە دەکات و، بارودۆخیان لەنێو کۆمەڵگەدا دەنەخشێنێت “#سەڵاحەدین دەمیرتاش#“ە. نووسەر لە کۆمەڵە چیرۆکی “سەحەر“دا، ژن لەنێو کۆمەڵگەیەکی نەرێتی و پیاوسالارانەدا دەخاتە بەرچاو کە پێکهاتێکی نەرێتی-کولتووری کوردی بەسەریدا زاڵە. جیهانی چیرۆک باسی سەردەمێک دەکات کە کۆمەڵگەی تورکی بە چڕی بەر شەپۆلی مۆدێڕنیزم کەوتووە و بە و پێیەش باکووری کوردستانی گرتۆتەوە. مۆدێڕنیزمێک کە زیاتر ئامێرە مۆدێڕنەکانی تێدایە و بنەما ئەخلاقییەکانیشی بە بێ هیچ بەدیل و جێگرەوەیەک لەق و لۆق کردووە. پیاوان بە ئاسانی دەچن بۆ دیسکۆکان و سەردانی لەشفرۆشییەکان دەکەن، پیاو و ژن لەنێو کارگەکاندا پێکەوە کار دەکەن ئامێرەکان گواستنەوە و هاتوچۆ گەشەیکردووە و…هتد. لەم چیرۆکەدا بەجوانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان نەرێت و مۆدێڕنیتە لە قەوارەی دژایەتی نێوان بیر و کردەوەی باوک و برایەک بەرانبەر بە بارودۆخێک کە بۆ کچی بنەماڵەکەیان ڕووی داوە دەنەخشێت. باوکێک کە بە پێی نەرێت و لە ڕێگەی بیرۆکەی “شەرەفی پاک و پۆڵایین“ ئەبێتە دادیار و دەسەڵاتداری گیانی کچەکە و گیان دەستێنێت و ڕووی سامناک و کوشندەی جێبەجێکردنی سزا!کەش ئەمەیە کە جێبەجێ کردنی دەخاتە ئەستۆی کوڕە بچووکەکەی و بەم شێوەیە توندوتیژی لە باوکەوە بۆ کوڕ درێژ دەبێتەوە.
“سێ پیاو ئێوارەیەک لەنێو دارستانێک خەیاڵەکانی سەحەریان دزی. سێ پیاو لە نیوەشەودا لە پەرێزێکی چۆڵ گیانی سەحەریان سەند.“ دەمیرتاش لە چیرۆکەکانی تریدا باسی ژنانی کرێکار دەکات کە لە گەڕەکە هەژارەکانی تورکییە بۆ بەردەوامی ژیانیان کار دەکەن و ئەرکی ئابووری بنەماڵەیان لەسەر شانە. ئەو ژنانە ی کە بۆ پاراستنی ژیانی بنەماڵەیی و ئازادی، کار و خەبات دەکەن و لە چیرۆکی “پیاوەکەی ناخمان“ ڕۆحی بەرپرسایەتی و هەوڵی ژن بۆ پاراستنی ژیانی بنەماڵەیی بەرانبەر بە پیاو دەخاتە ڕوو و بە قەڵەمی، ناخی زەقی پیاوسالارانە دەکۆژێت و بە چۆلەکە نێرینەکە دەڵێت؛ بەراستی پێویستە ئەو پیاوەی نێو خۆت بکوژیت.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1- ڤیکی پیدیا
2- سەحەر، دەمیرتاش، سەڵاحەدین، وەرگێڕان لە تورکییەوه؛ فەرهاد #چۆمان#ی، چاپی یەکەم. [1]