$جێندەر بۆ دەستەبەرکردنی ماف یان بەهانەیەک بۆ شێواندنی ناسنامە$
#ئاوات مستەفا#
جۆن ویلیام مۆنی نووسەر و زانای دەروونناس و سێکسناسی نیوزلەندی بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ناسنامەی سێکسی و بایۆلۆجیی ڕەگەز، بە باوکی دۆزینەوەی جێندەریزم ناسراوە. ناوبراو یەکەم توێژەر بوو کە تیۆرییەکانی لەسەر کاریگەریی بنیاتەکانی کۆمەڵایەتیی ڕەگەز لەسەر پێکهاتنی تاکە کەسی ناسنامەی ڕەگەزی بڵاوکردنەوە، بەڵام تاوەکو سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکان جێندەرناسی بە پڕۆسەیەکی خاوو بەنێو نێوەندە ئەکادیمییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا، ئاوڕێکی لە ڕابردوو بوو، چاوێکیشی لە داهاتوو، بەڵام دوایی جێندەر لە دیسپلینێکی ئەکادیمی گۆڕدرا بۆ نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بگرە ئابوورییش.
جیاوازیی پێناسەی نێوان جێندەر و سێکس یان ڕەگەز ئەوەیە کە ڕەگەز تەنیا مێ لە نێر لەیەکدی جیاواز دەکاتەوە، ئەم پۆلینکردنەش پەیوەستی بە گۆڕانکاری لە سیفەتە بایۆلۆجییەکان هەیە کە سێکس پێکدەهێنن و چۆنییەتیی دەربڕینی ئەو سیفەتانە لە یەکدی جیادەکاتەوە؛ بەڵام چەمکی جێندەر ئاماژەیە بۆ ڕۆڵ و ڕەفتار و دەربڕین و ناسنامەی کچان، ژن، کوڕ، پیاو و کەسانی ڕەگەزی جۆراوجۆر کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بینا دەکرێن. بە مانایەکی دیکە و زۆر بە کوورتی پێناسەی سێکس ئاماژەیە بۆ تایبەتمەندییە بایۆلۆجی و فیسیۆلۆجییە جیاوازەکانی نێر و مێ، وەکوو ئەندامی زاوزێ، کرۆمۆسۆم، هۆرمۆن و هتد. بەڵام جێندەر ئاماژەیە بۆ تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییە بنیاتنراوەکانی ژن و پیاو - وەکوو نۆرم، ڕۆڵ و پەیوەندییەکانی گرووپەکانی دیکە لەنێوانیاندا بەم وشانە ڕەگەزی مرۆڤەکان پێناسە دەکات مێ، نێر، ئینتەرسێکس، ترانس، ناتەبایی، کەسی و ئیونۆک.
ئەوەی لە ئێستادا زۆر باو و بگرە بە یاساش ڕێکخراوە ئەوەیە چیدی هاووڵاتی لە بەشێکی زۆری جەمسەری باکوور (رۆژئاوا) ناچار نییە کە خۆی وەکوو نێر یان مێ پێناسە بکات، ئەم هەنگاوەش زیاتر لە 30 ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، لە سەرەتادا لە ئەمریکا و دواتریش لە ئەوروپا و ئێستا ئەم چەمکە بەرەو وڵاتانی جیهانی سێیەم یان تازە پێشکەوتوو هەنگاو دەنێت.
هەرچەندە جێندەر لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە جووڵانەوەی فێمینیزم نییە و بگرە دوو بابەتی زۆر جیاوازیشن بۆ؛ نموونە جێندەر لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا لە قووڵایی توێژینەوە زانستی و ئەکادیمییەکان لەدایکبوو لەوێشەوە بازیدا بۆ نێو کۆمەڵگە و سیاسەتدا، بەڵام بە پێچەوانەی جێندەر، فێمینیزم جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی مێینەیە کە سەرەتای ئەم جووڵانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1848 بۆ یەکسانی و دادپەروەریی نێوان نێر و مێ، مافی دەنگدان دەستەبەرکردنی مافە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، مافی خاوەندارێتی موڵک بۆ ئافرەتان دەستیپێکرد.
بەڵام دیارە داواکاری لە خەباتی فێمینیزم بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و بەپێی سەردەم داواکارییەکان و تێکۆشانی ئەم جووڵانەوەیە بە ئاڕاستەی پاراستن یان بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەت هەنگاودەنێت کە بە دەگمەن ئەم گۆڕانکارییانە بەرژەوەندیی پیاو یان نێرینەی لەبەرچاو گرتووە. بە مانایەکی دیکە ئامانجەکانی جێندەر هەمەجۆرە و چەمکی یەکسانی و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی کردووەتە دروشم، بەڵام فێمینیزم بزووتنەوەیەکی نایەکسان و توخمی ڕەگەزییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی فێمینیزم زیاتر لە هەر جووڵانەوەیەکی دیکە توانیویەتی کەڵک لە جێندەریزم وەربگرێت، بگرە بە شێوەیەک لە شێوەکان فێمینیزم خۆی بە خاوەنی بیرۆکە و ئامانجی جێندەریزم دەزانێت، کە ئەمەش وایکردووە لە هەندێک شوێنی دونیا ئافرەت بەتایبەتی و کەسانی دیکە لەژێر دروشمی جێندەربازی یان سیاسەتی تووندی فێمینیزم قوورسترین باج بدەن.
ئەوەی لە ئێستادا لە کوردستان باسی لێدەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی و بەناو کەسانی پارێزگار لە بەها و بنەما کۆمەڵاتییەکان ئەوەندەی پەیوەستی بەبەها تەقلیدییەکان و فکری ئایینی هەیە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە لایەنی زانستی کۆمەڵایەتی و فیسیۆلۆجی و ئەناتۆمی، پێدەچێت ئەمەش لە بەرژەوەندیی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیدا بێت، چونکە لە کۆمەڵگەیەک کە زۆرینە چاوی لە کەمینەیەکە بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زۆر ئاسانترە بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەیەک کە بەردەوام بەدوای بەهانەیەک دەگەڕێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕاستییەکان، کە بێگومان مەرج نییە ڕاستییەکان لەگەڵ ئەو نۆرم و نەریتانە یەکبگرنەوە کە مرۆڤەکان لەگەڵی ڕاهاتوون.
ئەوەی لە کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و ناوەندە ڕاگەیاندنە سێبەرەکان لەسەر ئەم بابەتە باس دەکرێت، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بانگخوازی ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستانە بەرانبەر بە هەندێک لە فێمینیستە تووندڕەوەکان، لایەنی یەکەم بە بیانووی پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و پارێزگاری لە ئایین بە ئەندازەیەک زێدەڕۆی لە شوناسی جێندەر و بابەتی وابەستە بە سیکسۆلۆجیا دەکەن کە جگە لە درووستکردنی ژینگەیەکی هەڕەشەئامێز و مەترسیدار و نادرووست بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە ڕاستییەکان هیچی دیکە دەستەبەر نابێت، کە لەم نێوەندەشدا هەموو بەها کۆمەڵاتییەکان کە لەسەر دونیای هاوچەرخ لە کوردستان بنیات نراون نامۆ کراون بە ئەندازەیەک کە سەنتەر و ناوەندە هونەری و ئەکادیمیەکانی ئافرەتان بە شوێنی لەشفرۆشی لەلایەن بەشێک لە بانگخوازانی ئیسلامی ناوزەند کراون! ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دیکە بێت بە یاسا مامەڵەیەکی تووند لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە کەسایەتیی کەسانێک یان کەسێک بریندار دەکەن. لە لایەکی دیکە هەندێک لەوانەی لە کوردستان خۆیان بە ڕابەر و پێشەنگ لە پارێزگاری لە مافی ئافرەت دەبینن لەژێر چەمکی فێمینیزم بە ئەندازەیەک ڕەگەزی پیاوی کوردیان ناشیرین کردووە کە پیاوی کورد هەندێک جار وەکوو دڕندەیەک بینا کراوە، دیسان ئەمەشیان جگە لە کاردانەوە و دژبەیەکداچوون هیچی دیکەی بەدەستنەهێناوە و لە داهاتووشدا بەم تێڕوانینە هزری نێرینە بەرانبەر بە مێینە بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی ناگۆڕێت.
ڕاستە کوردستان چەندین جار تاوان و ناهەقی بەرانبەر بە ئافرەتان کراوە، لەسەر بابەتێکی بچووک یان بگرە تەنیا قسەیەک ئافرەت خەڵتانی خوێن کراوە، بەڵام دیسان ئەمەش پەیوەستە بە هۆشیاریی کۆمەڵگە و دابوونەریتە تەقلیدییەکان پاشان یاسا، کە بە هزرێکی تووند یان بە هزر و لێکدانەوەیەکی دەرەکی ڕەوتی فێمینیزم ناتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەر، بگرە ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، کاریگەریی پێچەوانەی زیاتر دەبێت، بۆ نموونە جێگیرکردنی بڵندگۆکان لەسەر باڵەخانە گشتییەکان بۆ بانگەشەکردنی پاراستنی مافی ئافرەت، کە وایکرد کاردانەوەیەکی تووند و هەڕەشەئامێزی بەدوای خۆیدا هێنا و پاساوی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی بەرانبەر بە مافی مێینە لەخۆ بگرێت.
ئەوەی لە کوردستان پێویستە ڕووبدات ئەوەیە کە دیبەیتی زانستی، لەلایەن کۆمەڵناسان، ئایینناسان، پۆلەسی درووستکەرەکان لە حکومەتدا بۆ گونجاندن یان ناسینەوەی جێندەرناسی کە لەگەڵ نەریت و نۆرمی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنێت دەستپێبکات، دیارە دوورکەوتنەوەی ئەکادیمیستەکان و زانایانی ئایینی و بێدەنگیی لایەنی پەیوەندیدار لەمە زیاتر، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ئەم پرسە بووەتە پرسێکی ئەکادیمی و لەڕووی زانستییەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئەوا وەکوو دێبی هایتۆن دەڵێت: ئەگەر واز لە ئیفادەی پسپۆڕان بهێنین، ڕەنگە خۆمان لەژێر ڕەحمەتی هەر کەسێکدا ببینینەوە کە بە دەنگی بەرز هاوار دەکات.
ئەوا بێگومان بابەتی جێندەر لە چەمکێکی ئەکادیمی و ڕەوتێکی سیاسی دەگۆڕێت بۆ تووندڕەوی و گۆشەگیرکردنی بەشێکی کۆمەڵگە کە لەکۆتاییدا کۆمەڵگەی کوردستانی باجی گەورەتر دەدات.
[1]