ناونیشانی بابەت: شوێنەواری قەڵای خانزاد لە چیای #هەریر#
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
قەڵایەکی دوو نهۆمی بەدووریی سێ کیلۆمەتر لە شاخێکی بەرزی ڕۆژهەڵاتی ناحیەی هەریر، لە بەرد و قسڵ دروست کراوە، هەروەها شوورەیەکی درێژی بە دەوروبەردا دروست کراوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، گوایە ئەم قەڵایە کاتی خۆی شوێنی کۆبوونەوە و ڕاوێژی خانزادی میری #سۆران# بووە، لەگەڵ خەڵک و جەنگاوەرەکانی.
زاهیر بناوی، چالاکوان و لێکۆڵەری مێژوویی لە ناحیەی هەریر، لە سنووری قەزای #شەقڵاوە#، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: بەپێی بەڵگە و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، لە سەردەمی میرنشینەکانی سۆران، خاتوو خانزادی میری سۆران، بۆ ماوەی چەند ساڵێک فەرمانڕوایی کردووە و سەرەتا پایتەختی میرنشینی گواستووەتەوە بۆ ناوچەی هەریر، بەمەش چەندین قەڵا و قوللەی سەربازی و مزگەوت و حوجرەی خوێندن و ڕێگا و پردی دروست کردووە، کە دوای چەندین سەدەش تا ئێستا شوێنەواریان ماوە.
گوتیشی: یەکێک لەو شوێنەوارانە، قەڵایەکی دوو نهۆمییە بەدووریی سێ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناحیەی هەریر، لەسەر لوتکە شاخێکی بەرز و سەخت، بە بەرزایی زیاتر لە هەزار مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، کە بە بەرد و قسڵ و گەچ دروست کراوە، دەورەی قەڵاکەش بە شوورەیەک قایم کراوە، لە هەندێک شوێن (4 بۆ 6) مەتر بەرزە و نیو مەتر پانە، شوورەکە نزیکەی سێ کیلۆمەتر درێژ دەبێت. ئەو چالاکوان و لێکۆڵەرە مێژووییەی ناحیەی هەریر، ئاشکراشی دەکات: لەنزیکەوە سەردانی شوێنەواری قەڵاکەمان کردووە، کە تەنیا ڕێگایەک لە باشوورەوە بەرانبەر گوندی خرواتان (خەڵوەتان) دەگاتە شوێنی قەڵاکە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیشمان، گوایە قەڵاکە شوێنی کۆبوونەوە و ڕاوێژی خانزادی میری سۆران بووە، لەگەڵ خەڵک و جەنگاوەرەکانی، ڕێگای چوون بۆ شوێنەکە بەرەو بەرزایی قەڵاکە بەشێوەی پێچاوپێچ بەرز دەبێتەوە، لە هەندێک شوێن بۆ دەربازبوونی ڕێگاکە پەیژە لە شاخ دروست کراون، هەروەها لەنزیک قەڵاکە زیاتر لە 10 چاڵ لە شاخ هەڵکەندراون، پێ دەچێت بۆ هەڵگرتنی بەفر، یان ئاوی بارانی زستان و بەهاران بێت، بۆ کاتی پێویست، یان هەندێک لەو چاڵانە بۆ مەبەست و مەرامی دیکە بەکار هاتبن.
زاهیر بناوی، ئاماژەی بەوەش کرد: وەک باسی لێوەدەکرێت، کاتی خۆی گەڕیدەیەکی تورک بەناوی (ئێڤلیا چەلەبی) پێدەچێت خۆی خاتوو خانزادی بینی بێت، لە یاداشتنامەکەیدا دەڵێت: ناوچەکانی هەریر و سۆران لەلایەن شۆڕەژنێکەوە بە ناوی (خانزادە سوڵتان) فەرمانڕەوایی دەکرا، فەرماندەیی سوپایەکی دەکرد، پێکهاتبوو لە دوازدە هەزار سەرباز بە چەکی ئاگرین و دە هەزار تیرهاوێژی ئەسپسوار، خاتوو خانزاد لە بەرەکانی شەڕدا دەموچاوی شاراوە و جەستەی بە پۆشاکێکی ڕەش داپۆشرابوو، کاتێک سواری ئەسپە ڕەسەنەکەی دەبوو، زۆر بەبوێری شمشێربازیی دەکرد و دەجەنگا، زۆربەی جاریش بە سەرکەوتنی گەورە و دەسکەوتەوە دەگەڕایەوە.[1]