هەرچەندە ساڵی نوێ چەند ڕۆژێکی ماوە، دەبوو شتێک لەوبارەوە بنووسم، بەڵام چەند بیرم کردەوە، بڕوام نەبوو لەبارەی شتێکەوە بنووسم کە هیچ هەستێکی جیاوازم پێ نابەخشێت، چونکە لای من هەموو ڕۆژەکان وەکوو یەکن و هەموو ڕۆژێک سەری ساڵێکی نوێیە، هیچ ڕۆژێکیش کە شتێکی جیاوازی تیادا ڕوونەدات بۆ من ئاساییە، بەڵام هەر لە بۆنەی ئەم سەری ساڵەدا و بۆ خاتری ژنێکی هاوڕێم کە لە کوردستانە، ئەمجارەش هەر باسی ژن دەکەم، باسی فرەژنی و فرەپیاوی دەکەم، نەمویست باسی هەستی ئەو ژنە بکەم کە ژنی بەسەر دێت، یان باسی ئەو ژنە بکەم کە بەسەر ژن شوو دەکات، باسی ئەو پیاوەش نەکەم کە پیاوی بەسەردێت، یان باسی ئەو پیاوە بکەم کە بەسەر پیاوێکی تر زەماوەند دەکات، بەڵام باسەکە هەر ڕژایەوە کۆشی ئەو ژنەی کە ژنی بەسەر هاتووە.
پیاوێک لە خەویدا ژنەکەی شوو بە پیاوێکی تر دەکات و دەیباتەوە ماڵەوە، کە ئەو دیمەنە دەبینێت لە داخدا خەریکە دڵی دەوەستێت، خوا بەوە ڕەحم دەکات خەبەری دەبێتەوە، دەبینێت ژنەکەی لەپاڵیدا خەوتووە و چ لە گۆڕێ نییە، ئارەقەی نێوچاوانی دەسڕێ و لێی دەخەوێتەوە.
ساڵێکیشیان ژنێکی دراوسێمان لە دیوارەکەی نێوانمانەوە بانگی کردم داوای سەلکێ پیازم لێ بکات، بۆی باسکرم کە لە خەویدا ژنی بەسەر هاتبوو، خەریک بووە دڵی بوەستێ، وەختێ خەبەری دەبێتەوە دەبینێ مێردەکەی لەپاڵیدا خەوتوە ئاە بە دڵیدا دێت و ئارەقەی ناوچەوانی دەسڕێ و لێی دەخەوێتەوە، بەڵام تووڕەیی و خەمی ئەو پیاوەی لە خەونیدا پیاوی بەسەر هاتبوو زۆر قورستر بوو، کەچی هێندەی نەبرد ژنی بەسەر ژنەکەی هێنا، ئەو ژنەش کە لە خەوییدا ژنی بەسەر هاتبوو بۆ خاتری وەچەی کوڕ هەر ژنی بەسەر هات.
ئێستا من نازانم بۆچی ئەم باسەم کردەوە، بەرەو ساڵێکی نوێ دوا هەنگاوەکان دەنێین. دوێنێ ژنێکی هاوڕێم کە ژنی بەسەر هاتووە، لە کوردستانەوە تەلەفۆنی بۆ کردم، بۆی باسکردم کە مێردەکەی تکتی فڕۆکەی بۆ خۆی و ژنە تازەکەی بڕیووە شەوی سەری ساڵ لە ئێستانبوڵ بەسەر بەرن. بەدەم قسەکردنەوە دەگریا، بۆ ئەوەنا بچێت بۆ ئێستانبوڵ، بەڵکوو بۆ ئەو هەستە تاڵەی مێردەکەی چوار شەوی هەفتە لە باوەشی ژنێکی تردا ڕۆژ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو بۆنە خۆشە لەگەڵ ژنێکی تردا بەسەر دەبات، ئەمیش لەبەر دابونەریتی خێزانەکەیان وتی وتی و قسە و قسەڵۆک بە تەنیا ناکرێ بەشداری لە هیچ ئاهەنگێکی ئەو بۆنەیەدا بکات.
ئای خودایە ئەم زوڵمە قبووڵ نەکەیت، ئەمە ئاخر قسەی ژنەکە بوو و پێش ئەوەی تەلەفۆنەکە داخاتەوە وتی تۆ داکۆکیکاری لە ماف و مرۆڤ بوونی ژن، بۆچی لەمبارەوە نانووسیت؟ ئەگەر چی زمان و قەڵەم و سەری پەنجەکانمان بە تایپکردن سوا ئەمەندەمان لەمبارەیەوە نووسی، بەڵام پەیمانم پێدا بینووسم، هەرچەندە ڕووبەری ئەم گۆشەیە ڕێگە بە زیادڕەوی نادات لەو بارەوە، بەڵام ئەگەر فرەپیاوی هەبووایە، ژن تکت بۆ پیاوی دووەمی بکڕێت شەوی سەری ساڵ لە ئێستانبوڵ بەسەر بەرن، پیاوی یەکەمی بە دیار منداڵەکانییەوە بەجێبهێڵێت، داخوا دەبێت هەست بەچی بکات؟ [1]
#ڤینۆس فایەق#