$دوو سێ قسە لەسەر شاژنی بەڕیتانیا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
دوێنێکە مەلیکە ئەلیزابێثی دووەمی شاژنی بەریتنیا لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. واتە دوای 72 ساڵ دانیشتن لەسەر کورسی شاهانە.
ئەو وڵاتانەی گوایە سیستەمی مەلەکی دەستوریان هەیە و وڵاتانیی خۆشگوزەرانن وەک بەریتانیا و جاپان و هۆڵەندا و ئیسپانیا و کەنەدا و سوید و..هتد. ئەوە دوور و نزیک پەیوەندی بە بوونی مەلیک و مەلیکەوە نیە. سیستمی سیاسی سەرمایەداری کە ئاوێتەیە لەگەڵ دەستکەوتە مێژووییە جەماوەریە چینایەتیەکان ئەو خۆشگوزەرانە ڕێژەییەیان بەدیهێناوە بۆ خەڵکەکانیان؛ ئەگەرنا، ئەو سیستەمە لەو وڵاتانەدا شا و شاژن بەکاردەهێنن بۆ مانەوە و ڕاگرتن و بەردەوامی دان بە دەسەڵاتەکەیان. مەلیک یان مەلیکە تەنیا وەک ڕەمزێک بەکاردەهێنن بۆ ئارایشتی دەسەڵاتەکەیان و ئەو ڕەمزانەیان ئەوەندە پیرۆز کردووە کە هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ دەسەڵاتێکی دکتاتۆری ناوچەکە و جیهاندا.
لە بنەڕەتدا، شا و شاژن لە سیستەمی شانشینی دەستوریدا، هیچ دەسەڵاتێکی فعلیان نییە بەڵام کردوویانن بە واجهەیەک کە هەر کات دەسەڵاتیان بکەوێتە مەترسیەوە ئەوا دەیانهێننەوە پێشەوە کە جاری واهەیە دەیانخەنە خەتەریاتیشەوە. شەش حەوت ساڵ پێش ئیستا کاتێک خۆپیشاندان لە بەریتانیا ڕووی لە زیادی کرد کە بە نوێەنرایەتی قوتابیان بوو، دەزگای نهێنی بەریتانی کوڕەکەی مەلیکەیان نارد بەو ڕێگەیەدا سەیارەکەی ڕێ بکات کە خەڵکی لێیە. هەرخۆیان هەندێ کەسیان دانا کە پەلاماری سەیارەکەیان دا و هەندێ شتیان پیا کێشا. هەر دوای ئەم ڕووداوە، ئاڕاستەی بابەتەکەیان گۆڕی بەوەی شانشین لە لایەن هێرش بەرانەوە پەلاماردراوە و ئەمە جێگەی قبوڵ نییە کە ڕەمزی وڵات بکەوێت ژێر هەڕەشەوە. ئیدی خۆپیشاندانەکانیان بەرەو نەمان برد بەوەی پۆلیسی زۆر و میدیای گەورەیان خستەگەڕ و کەوتنە تۆمەت هەڵبەستن بۆ خۆپیشاندەران.
لە ڕووی یاساییەوە، هەندێ قانوونیان داناوە بۆیان کە مەرامەکە لێی تەنیا قەیدوبەندکردنی ئازادی خەڵک و دیسانەوە بەکارهێنانیان بۆ ئەو قەیدوبەندە. بۆ نموونە. هیچ کەس ناتوانێ ڕاستەوخۆ قسە بە شا یا شاژن بڵێت. بۆت هەیە لە فیلم و وتار و چی و چیدا قسەبکەی ئەویش نابێ سنووری خۆی تێپەڕ بکات، بەڵام خۆپیشاندان دژی مەلیک یا مەلیکە یاخود ڕوو بە ڕوو قسە قسەگوتن پێیان ئەوا سزای لەگەڵدایە. سزای وەک گرتن و غەرامەکردن و تەنانەت بەندکردنیش کە خۆی دەدات لە چەند مانگێک.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، واتە خێزانی وژیانی شەخسیەوە، مەلیکەی بەریتانیا ئیرادەی ئەوەی نییە چی بخوات یا نەخوات، چی لەبەر بکات یان نەیکات، بگرە چۆن هەڵسوکەوت بکات و چۆن بدوێ، ئەندامانی خێزانەکەی بۆیان نییە هەروا هاوسەرگیری بکەن. بەڵکوو دەبێ بە چەند فیلیتەرێکدا بڕوات. تەنانەت بۆ پیاسەکردنیش ئازادیان نییە هەر بۆیە یاخی بوونی یەک لە دوای یەک لە ناو بنەماڵەی مەلیکەدا لە یەک سەدەی تەواودا بووە بە عادەت و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. وازهێنان لە ژیانی شاهانەیی هەر لە مەلیک ئێدواردی هەشتەوە لە ساڵی 1936 تاکو میر هاری کوڕەزای مەلیکە و پاشای هەنوکەی وڵات چارلسی سێیەم و کوڕی دایانای یاخو بوو لە ژیانی شاهانەیی ساڵی پار، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژیانی شاهانەیی ڕووکەشیە و ژیانی واقعی ئەوەیە کە خەڵکانی ئاسایی ژیان دەکەن هەرچەندە سەخت بێ. مەلیک ئێدواری هەشتەم دەستبەرداری کورسی شاهانە بوو بۆ بێوەژنێکی ئەمریکی کە حەزی لێکرد بە ناوی (بەسیی والیس)؛ بەڵام، چونکە ئە وژنە سەر بە ئایینزایەکی تری کریستیانەت بوو واتە کاثۆلیک بەڵام ئایینی کڵێسای ئینگلیزی پرۆتستانەتە و نابێ ژنێکی کاثۆلیکی ببێتە شاژنی وڵات. هەروەها دوو جاران شووی کردبوو دواتر جیاببۆیەوە، دەسەڵاتدارێتی بەریتانیا ئەمە قبوڵیان نەکرد چونکە ژنەکەیان بە کەم ڕەوشت وەسف کرد کە دوو زەواجی کردووە. دیارە چەندان حاڵەتی بەدرەوشتی لە ناو ئەندامانی خێزانی شاهانەوە ڕوویداوە و خەمێکی زۆری دا بە مەلیکە. یەک لەوانە کوڕەکەی خۆی بە ناوی پرێنس ئەندرو کە وێنەی سێکسی بڵاوبۆیەوە کە بە پارە لەگەڵ کچێکی هەرزەکاردا سێکسی کردووە.
چیرۆکی دایانای ژنی پێشووتری ئەم پاشایەی ئیستا و دایکی شای داهاتووی وڵات هەمان چیرۆکی یاخی بوونی کوڕەکەی (هاری) هەیە. هاری کە هاوسەرگیری لەگەڵ (میگان) کچە ئەکتەرێکی هۆلیودی کرد کە بە سپی پیست نییە و ڕەگەزی تەواو ئینگلیزی نییە لە دەست ژیانی شاهانە ڕایان کردوو و دەستەبرداری هەموو شتێک بوون لەوانە دەرکردنی ناویان لە ئەندامانی خیزانی شاهانەی بەریتانیا. مێگان دەڵێ مەلیکە ئەوەندە ڕاسیست بوو کاتێک وێنەی نوێی ئەندامانی خێزانەکەیان هەڵدەواسی وێنەی مندالەکەی ئەوی تێدا نییە چونکە سپی پێستی تەواو نیە. یادەوەریەکانی میگان پڕیەتی لە زۆر شتی تر کە خوێنەر دەتوانێ بینخوێنێتەوە گەر تاقەتی لێی هەبێ چونکە لەویدا باس لە وردترین شت دەکات وەک نانخواردنەکەیان بووە.
دوایین لێدوانی هاری کوڕی ئێستای پاشای وڵات دەڵێ باوک و براکانم دەورە دراون. واتە ئازادی هەڵبژاردنیان لە هیچ شتێکی وڵاتدا نییە و تەنیا سیمبولێکن و بە ناوی ئەوانەوە وڵاتانی تر وێران کران و میللەتانی تر نابود کران وەک وکورد و ئەفریقی و نەتەوە بوومیەکانی کیشوەری ئەمریکای باکوور. بۆ نموونە بە ئەمری، گوایە مەلیکە، هندیە سوورەکانی وڵاتی کەنەدا بۆیان نەبوو نە زەوی بکڕن و نە زەوی بفرۆشن. ئەمە نزیکەی جوار سەد ساڵێک ئاوها بوو تاکو ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.
بگرە، خودی ئەو وڵاتانەی لە ژێر جەتری شاهانەی بەریتانیادان ساڵانە هاوڵاتیەکانیان کە خودی بەریتانیا خۆی و کەنەدا و ئوسترالیا و ئرلەندا و....هتد باج دەدەن: کەنەدا سالانە زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا زیاتر لە 72 ملیۆن دۆلار و...هتد [1]