شیکاری فیلمی زەر
ناوی پەڕتووک: شیکاری فیلم زەر
ناوی نووسەر: #عومەر محەمەد قادر#
نۆرەی چاپ: یەکەم
چاپخانە: کارۆ – سلێمانی
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی لاپەڕە: 135لاپەڕە
لە بڵاوکراوەکانی: پڕۆژەی چاپەمەنییەکانی هاوار فیلم زنجیرەی (30) 2022
شیکاری فیلمی زەر – پەرتووکێکی تازە چاپکراوی هۆمەر محەمەد نووسەر و شارەزای بواری ئەنفال و جینۆساید و دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، بەشی سینەمایە.
ئەم پەرتووکەی هۆمەر محەمەد شیکارێکی هەمەلایەنی فیلمی زەر ZERە، ئەم فیلمە کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی دەرهێنەری کوردی باکووری کوردستان کازم ئۆزە، بەرهەمی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئەڵمانیایە و لە ساڵی 2017دا بەرهەمهێنراوە و ماوەی فیلمەکە کاتژمێرێک و 52 خولەکە و براوەی خەڵاتێک و پاڵێوراوی چەندین خەڵاتە. ژانری فیلمەکە درامایی مێژووییە. زمانی فیلمەکە کوردی، تورکی و ئینگلیزییە.
هۆمەر محەمەد پەرتووکەکەی بۆ چەند سەربابەتێک دابەشکردووە: سەرەتا زانیاری پێویستی سەبارەت بە فیلمەکە و بایۆگرافیایەکی نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە خستۆتەڕوو. دواتر پووختەیەکی لە چیرۆکی فیلمەکە نووسیوە، بەدوایدا توێژینەوەکەی بۆ چەند بەشێک پۆلین کردووە:
پێشەکییەک بۆ توێژینەوەکە، سەبارەت بە ئامانجی شیکارییەکە، پۆستەری فیلمەکە، کاریگەری بەرهەمهێنان، لێکدانەوە بۆ چیڕۆکی فیلمەکە، سکرینپلەی فیلمەکە، دیالۆگ لە فیلمەکەدا، هێزی وێنە و هێزی زمان لە فیلمەکەدا، مرۆڤ و قازانج و ململانێی نێوان دوو نەوەدا، دۆخی دەروونی کارەکتەری زەریفە، ڕەنگ لە فیلمەکەدا، سڕینەوەی شوناس لە فیلمەکەدا، خاڵی وەرچەرخان لە فیلمەکەدا، کردنەوەی گرێ لە فیلمەکەدا، سیمبۆل لەنێو فیلمەکەدا، ڕەخنە لە فیلمی زەر، پرسی فەلسەفی لە فیلمەکەدا، کۆتایی فیلمەکە، دەرئەنجامی توێژینەوەکە. ئەو سەرچاوانەی بۆ توێژینەوەکەی سوودیان لێبینیوە. لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی نێو فیلمەکە لە پاشکۆی پەڕتووکەکە دانراوە.
هۆمەر محەمەد لەبارەی فیلمی زەردا دەڵێت: فیلمی زەر، سایکۆلۆژیای کارەکتەرەکان و شوناسی کلتوریان نیشان دەدات، ئەمڕۆ دێرسیم و ئەنفال هەر مێژوویەکی ئەبستراکت نین، بە ڵکو شوناسیشن، هەم بۆ توێژینەوە لەمەڕ ناسینی فاشیزم، واتا بۆ تورکناسی و بەعسناسی و ئاستی ستەمکاریی هەریەکەیان لە کات و شوێنی جیاوازدا، هەم بۆ ناسینەوەی مێژووی چەوساندنەوە لە کوردستان. بەڵام دەبێت ڕاستییەک ببینین کە شوناسی دێرسیم و ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال هەموویان شوناسی مەزڵومییەتی کوردن نەک شوناسی هێز و بەرەنگاری. ل16
لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەش هۆمەر محەمەد دەڵێت: چیرۆکی زەرێ لەبارەی کۆمەڵکوژی دێرسیم و لەناویشیدا -زەرێ- زەریفە و شوناسی کلتووری لە دوای کۆمەڵکوژییەوە دەدوێ، کۆمەڵکوژی دێرسیم لە ساڵی 1938 ڕوویداوە. ل16
هەروەها ئامانجی توێژینەوە شیکارییەکەی بەم شێوەیە دەستنیشان دەکات: ئامانجی ئەم شیکارییە بە پلەی یەکەم ناسینەوەی ڕەگەزەکانی شوناسی کلتورییە لە شوێندا، چونکە شوێن و شوناس دوو ڕەگەزی گرنگی کلتورن، هەربۆیە بەهای کلتوری نەتەوەیی و نیشتمانی دەبێتە مایەی شکۆ و شانازی، لەناو شوناسی کلتوری ئێمەدا فیلمی زەر وەک هێزێکی شوناس و هاوکات شوناسی هێزیش دەردەکەوێ. ل22
هەروەها دەڵێت: هەوڵدەدەم ڕەگەزەکانی شوناسی کلتوری لە فیلمی زەردا کە ڕووداوەکانی لە باکووری کوردستاندایە بدۆزمەوە، چونکە هەندێکجار نەوتراوەکان لە دیالۆگ و وێنە و فرێمەکاندا کاریگەرترن لە وتراوەکان، ئەگەرچی سیمبۆلەکان ڕون و کاریگەرن، بەڵام هەندێکجار ئەوانیش هێشتا نەوتراویان هەیە. ل23
هۆمەر محەمەد لەمیانەی ئەو شیکارەیدا دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە؛ ئایا شوناسی کلتوری توانیویەتی کورد لە باکووری کوردستان لە سڕینەوە بپارێزێ؟ ئایا شوناسی کلتوری کوردی لەدوای کۆمەڵکوژی دێرسیم لە فیلمی زەر چۆن نیشان دراوە؟ چۆن سیمبۆل و هێما، مانا بەرهەم دەهێننەوە چ لە بەرەنگاریدا بێت یاخود لە سەرکوت و ستەمکاری دەوڵەتدا؟ ئایا فیلمی زەر ئیشێکی جیاوازی لە سینەمای دەوڵەت کردووە؟ ل24
لەکۆی توێژینەوەکەیدا هۆمەر محەمەد بە شیکارییەکی فراوانەوە لەهەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی دایە.
جێی باسە فیلمی زەر کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی کازم ئۆزە و لە ساڵی 2017دا بەرهەرم هاتووە. کە باس لە گەنجێکی بەڕەچەڵەک کورد- تورک دەکات، کە نەنکی یەکێک لەو منداڵانە بووە، لەسەردەمی کۆمەڵکوژییەکەی دێرسم لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدراوە، ڕزگاری دەبێت و دەدرێتە ژەنراڵێکی فاشیستی تورک کە خۆیشی بەشداری لە کۆمەڵکوژییەکەدا کردووە، ئەو منداڵە کە ناوی خۆی زەرێیە و کە گەورە دەبێت دەدرێتە ئەفسەرێکی تورک و ناوی لە زەرێوە دەکرێتە زەریفە، زەرێ پێش ئەوەی بمرێت گۆرانییەک کە لە منداڵییەوە لە گوندەکەی خۆیان گوێبیستی بووە، بۆ نەوەکەی کە ناوی ژانە دەچڕێت، ژانیش دەگەڕێتەوە کوردستان و گوندەکانی دێرسم، بەدوای ئاواز و میلۆدی و چیرۆکی ئەو گۆرانییەدا دەگەڕێت و لەڕێی دۆزینەوەی ئەو گۆرانیەشەوە ڕووبەڕووی مێژوویەک لە کۆمەڵکوژی و نکۆڵیکردن و کلتوورێکی جینۆسایدکراو دەبێتەوە.
ئامادەکردنی: کاکۆ پیران. [1]