$سەلەفییەت لە حەنابیلە تا داعش (بەشی یەکەم)$
نووسینی: زیرەک ئەحمەد ڕەحمان
$پێشەکی$
یەکێک لەپاڵنەرەکانی هەڵبژاردنی هەر توێژینەوەیەک هەستکردنە بە گرفتبوونی بابەتی توێژینەوەکە. ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی بەندە بەوەی کە چۆن دەکرێ بابەتی توێژینەوە وەک پرسێک چەکەرە بکات.
مەسەلەی تیرۆر وەک دیاردەیەکی بەرچاوی ناوچەکە بە گشتی و ئێڕاق و کوردستان بە تایبەتی؛ بۆتە پرسێکی زەق و بەرچاوی بابەتی ڕۆژ. کە پشتگوێخستنی نەک نابێتە هۆی لاوازبوون و لەناوچوونی، بەڵکوو چەندە ئەم دیاردەیە و هۆکارەکانی تەشەنەکردنی فەرامۆش بکرێت، ئەگەری تەشەنەکردن و زیان خستنەوەی پتر دەبێت.
داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێڕاق و شام) وەک ڕێکخراوێک ئوسووڵی بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەم کۆمەڵگەیە هەیە. کەچی تا ئەم ساتەش ناسنامەی داعش جێی مشتومڕە و هەر ئاڕاستەیەک بە جۆرێک پۆڵێنی دەکات. هەیە وەک ئیسلامی ڕاستەقینە و نووسخە ڕاستەقینەکەی حسێبی دەکات، هەیە بە درووستکراوی جوو و ماسۆنی و زایۆنی... هتد. ئایا هەریەک لەم پۆڵێنکردنە و ناساندنانەی ئەم ڕەوتە بە ئامانجی ناساندنی بابەتیانە و بێلایەنانەیە؟ یاخود هەریەکەیان دەیەوێ بە جۆرێک پاکانەی خۆی بکات و ئەم ڕەوت و ڕێکخراوەش لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. ئەمە چ لەو کاتی کە داعش پەیدا بوو، چ ئەو کاتی کە گەیشتە لوتکەی دەسەڵات بە تایبەت لە ناوچە زۆرینە سوننەنشینەکانی ئێڕاق و سووریا، تا شکانیان لە ڕەققەی پایەتەختیان، پاشەکشەیان لە زۆربەی خاکی خیلافەتەکەیان، جاڕدانی سەرکەوتن بەسەریان، دووبارە دەستکردنەوەیان بە جموجۆڵ.
بۆ ئاشنابوون بە هەر ڕێچکە و دین و مەزهەبێک، کە بمانەوێ لێی بکۆڵینەوە وا درووستترە لەو ناوە بکۆڵینەوە کە لە خۆیانی دەنێن. لە ڕووی مانا و زاراوەوە دەست بە کارەکە بکەین و پاشان بچینە سەر باسی پێناسەکردن و ناسانادنیان.
$مانای سەلەف$
وشەی سەلەف لە بنەڕەتدا لە ڕووی زمانەوانییەوە بە مانای ڕابردوو و پێشین دێت، هەروەک چۆن لە فەرهەنگە باوەڕپێکراوەکانی زمانی عەرەبیدا هەر ئەم مانایەی بەخشیوە. لە قورئانیشدا لە هەشت شوێندا هاتووە هەر بە مانای پێشوو و پێشین و ڕابردوو هاتوو. بەڵام ئەوەی لە قورئاندا هاتووە هیچ جۆرە مانایەکی موقەدەسی نەداوەتێ، بەڵکوو تەنیا لە یەک حاڵەتدا بە پێشینەی چاکەکاری هاتووە حاڵەتێکیش بە ڕابردوو کۆی حاڵەتەکانی تر بە سەرکۆنە هاتووە و دواتر باسی دەکەین.
زۆرێکی ئەو تەوژمە وا پێناسەی دەکەن: بریتییە لە شوێنکەوتنی سەلەفی ساڵح (پێشینە چاکەکان) و ڕۆیشتن لەسەر مەنهەج و ڕێڕەویان لە هەموو سەردەمێک. بەڵام ئەی سەلەفی ساڵح یا پێشینەی چاک کێن؟
$پێناسەی سەلەفی ساڵح$
ئەم ئاڕاستەی بەم شێوەیە وەڵامدەداتەوە: سەلەف بریتییە لە سەحابە و شوینکەوتووانیان واتە تابعین، هەروەها شوێنکەوتووی ئەوان واتە تابعی تابعییەکان، ئەوانەی لە یەکەم سێ سەدەی ئیسلام ژیاون(4)، کە ئەمە بەزۆر موتربەکردنە لەم حەدیسەی کە دەڵێ: خير القرون قرني ثم الذين يلونهم ثم الذين يلونهم واتە چاکترین سەدە سەدەی من، ئینجا ئەوەی دوای ئەوان دێن، ئینجا ئەوەی دوای ئەمان دێن. ئەمە تا ئەندازەیەکی زۆر لاسەنگی درووست دەکا، چونکە هەم سەحابە و هەم دوای ئەوانیش دەیان و سەدان ڕا و بۆچوون و بیرۆکەی جوداجودایان هەبووە. بە هیچ شێوەیەک نەبووە سێسەد ساڵ زەمەن خەڵک هەر هەمووی لەسەر یەک قسە و ڕا بوو بێت. بۆیە دەبینی لەلایەکی ترەوە پێناسەیەکی تری سەلەف هەیە کە ڕەنگە لە ڕووی لۆجیکییەوە ماقووڵتر بێت وەک ئەوەی تهانەوی دەیڵێت: سەلەف لە شەرعدا واتە هەر کەسێک لە دیندا تەقلیدی مەزهەبەکەی بکرێت و شوێنی پێی بکەون، بۆ نموونە ئەبو حەنیفە و هاوەڵانی؛ سەلەفی ئێمەن واتە پێشینمانن. هەروەها لە ڕووی دەلالەتی بیری سەلەفی و سەلەفییەکان بە تایبەتی ئەمەی ئەمڕۆ باوە، پێناسەیەکی تر هەیە بۆ سەلەف، کە بریتیین لەو حەنبەلیانەی سەدەی چوارەمی کۆچی، پاشان لە سەدەی حەفتەمی کۆچی لەسەر دەستی ئیبن تەیمییە دەرکەوتنەوە، پاشان لە سەدەی دوازدەی کۆچی لەسەر دەستی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب لە جزیرەی عەرەبی دەرکەوتن. ڕەنگە هەر ئەمەش ڕاستتر بێت لەگەڵ پێناسەکەی تەهانوی، چونکە هەریەک لەوانە پێشین و سەلەفی ئەم ئاڕاستەیەن. نەوەک ئەوەی سێسەد ساڵ هەموویان پێشینی ئەو ئاڕاستەیە بن. لەبیریشمان نەچێت، هەموو ئەو فیرقانەی کە لەلای مەدرسەی سەلەفییەت بە گومڕا حسێبن، لەو سەردەمەدا دەرکەوتن کە پێشینی چاکن لەلای سەلەفییەکان. خەواریج لە سەدەی یەکەم و موعتەزیلە و زەیدی وەک فیڕقەی مەنهجی لەو سەردەمە دەرکەوتن، و دواجار مەدرەسەی شیعە وەک دامەزراوەی مەزهەبی لە سەدەی سێیەمدا مەنهەجیانە خۆی کردە ئەمری واقع.
$سەلەف لە قورئان و فەرمودە$
وەک باسمانکرد لە قورئاندا لە هەشت شوێن وشەی سەلەف هاتووە و لە هەر شوێنێکدا بە مانایەک هاتووە. لە چوار شوێن بە مانای ڕابردوو دێت. لە چوار شوێنیش بە مانای پێشینەی خراپ دێت کە بریتییە سوڕەتی بەقەڕە ئایەتی (275). سوڕەتی مائیدە (95) و ئەنفال ئایەتی (38) و زوخڕوف ئایەتی (56).، تەنانەت لە سوڕەتی زوخڕوف لە باسی فیرعەونی سەردەمی مووسادا هاتووە!
تەنیا یەک فەرمودە ئەم وشەیەی تێدا هاتووە، کە پێغەمبەر محەمەد (د. خ) بە فاتیمەی کچی دەڵێت: وا من خەریکە ئەجەلم دێت، تۆ یەکەم کەسی لە خێزانەکەم بە دوامەوە دێت، باشترین پێشینیش بۆ تۆ منم. ئەم فەرمودە واتە من لەپێشدا هاتووەم و تۆش پێم دەگەیت.
$چەمکی سەلەفی$
لە کۆندا هیچ ئاماژەیەک نییە بە چەمکی سەلەفی و سەلەفییەت وەک مەزهەب یاخود فیرقە یا مەدرسە و مەسلەکی ئیسلامی، بە مانایەکی تر لە پەڕتووکی پێشینانی ئۆمەتی ئیسلامی سەبارەت بە فیرقە و مەزهەبە ئیسلامییەکان هیچ لایەک لەم وشەیە نەکراوەتەوە وەک تایەفە و مەزهەب بناسێنرێت. سەلەفییەت وەک چەمک ڕێک لە دوای ئەحمەدی کوڕی حەنبەلەوە مانایەکی تری جیاوازی درایە، بە جۆرێک تابعین و تابعی تابعینەکانی دەگرتەوە لە ئیمامەکانی ئەهلی فەرمودە، لە پێش هەموویانەوە خودی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل. پاشان ئیبن تەیمیە هات و بناغەی ئەمەی وەک ئاڕاستە و تەوژمێک داڕشت کە پێویستە دەست بگرن بە کەلەپووری سەلەف، چونکە ئەمە هەموو شتێکە، ئەوانەی دواتر هاتوون هیچیان نەهێناوە ئەمان نەیانزانی بێت. بۆیە هەندێ جار وەک دانەپاڵ ئەو، بە سەلەفیەکان دەڵێن تەیمەوی واتە تەیمیەیی. [1]