ناونیشانی بابەت: #ویلایەتی بەدلیس#
نووسەر: چۆمان حەمە تەقیەلدین
ویلایەتی بەدلیس ناوی ویلایەتێکی کوردییە لە باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و یەکێکە لە حەوت ویلایەتە کوردییەکە کە لە چوارچێوەی #دەوڵەتی عوسمانی#دا بوون و حەوتەمین و بچووکترین ویلایەتی کوردستانە لە ڕووی ڕووبەرەوه، کە لە باکوورەوە بە ویلایەتی #ئەرزیڕۆم# و لە ڕۆژاواوە بە ویلایەتی #ئامەد#و لە باشوورەوە بە ویلایەتی #مووسڵ# و دووبارە لەگەڵ ویلایەتی (ئامەد) و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ویلایەتی (ئامەد) و دووبارە لەگەڵ ویلایەتی (#وان#) و دەریاچەی (وان)ە وە دەورە دراوه، کە لە ساڵی (1875ز) دامەزراوە کە لە بەشێکی ئیالەتی وان، واتا سنجەقی بتلیس و سنجەقی خێزان و لەگەڵ بەشێکی ئیالەتی ئامەد/ئامەدی گرتووەتە خۆی و تاوەکوو ساڵی (1923ز) بە ویلایەت مایەوە، کە لە و ساڵەدا کرایە چەند پارێزگایەک بە ناوەکانی پارێزگای بتلیس و پارێزگای سێرت و پارێزگای ئێلە (#باتمان#) و پارێزگای شیرناک (#شرناخ#) و پارێزگای چەولیک (بێنگۆڵ) کە ئێستا تەواوی خاکی ویلایەتەکە سەر بە کۆماری تورکیان.
ڕووبەری ویلایەتی بەدلیس نزیکەی 27 هەزار و 150 کیلۆمەتر چوارگۆشەیه، بەڵام هەندێ سەرچاوەی تر پێیان وایە ڕووبەرەکەی نزیکەی 29 هەزار و 840 کیلۆمەتر چوارگۆشەیه. ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 452 هەزار و 500 کەسە و زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی کوردن و باقییەکەی تری لە نەتەوەکانی تورک و ئەرمەن و کلد و ئاشوور و یەهوودی (جوو) پێک هاتووه، کە بە و جۆرە دابەش بووە بە سەر سنجەقەکاندا، سنجەقی بەدلیس 111.300 کەس و سنجەقی مووش 167.470 کەس و سنجەقی سعرد (سێرت) 116.180 کەس و سنجەقی گەنج 56.920 کەس.
لە ڕووی ئایینییەوە بەوە جۆرەیە کە 292.500 کەسیان موسڵمانن و 110.000 کەسیان کریستیان و 30.000 کەسیان ئێزدی و 20.000 کەسیان جوون.
ویلایەتی بەدلیس لە ڕووی دابەشی کارگێری (ئیدارە)یەوە دابەش کراوە بەسەر چوار سنجەقدا کە بریتین لە سنجەقی بتلیس و سنجەقی مووش و سنجەقی سعرد (سێرت) و سنجەقی گەنج، بەم شێوەیە:
یەکەم- سنجەقی بەدلیس، کە ناوەندی ویلایەتی بەدلیسە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەیی 111.300 کەسە و لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بە سەر چوار شارۆچکە (قەزا) و پێنج شارەدێ (شارەدێ) و 612 گوند، بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە ی ناوەندی بەدلیس، دانیشتوانەکەی 58.175 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 172 گوند.
2- شارۆچکە ی ئەخلات، دانیشتوانەکەی 19.898 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 173 گوند.
3- شارۆچکە ی خێزان (ئەشاغی ڕقەرەسوو)، دانیشتوانەکەی 16.647 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 138 گوند.
4- شارۆچکە ی مۆتیکی (کنیزو)، دانیشتوانەکەی 16.580 کەسە و پێک هاتووە لە دوو شارەدێ و 129 گوند.
دووەم- سنجەقی مووش، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەیی 167.470 کەسە و هەروەها لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بە سەر پێنج شارۆچکە و هەشت شارەدێ و 515 گوند بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە ی ناوەندی مووش، دانیشتوانەکەی 66.570 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ و 190 گوند.
2- شارۆچکە ی بۆنلاک (بولانیق-کۆپ)، دانیشتوانەکەی 31.043 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 135 گوند.
3- شارۆچکە ی ساسۆن (کاهیلدجێرز)، دانیشتوانەکەی 13.959 کەسە و پێک هاتووە لە دوو شارەدێ و 118 گوند.
4- شارۆچکە ی وارتۆ (کوکوم)، دانیشتوانەکەی 16.529 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 93 گوند.
5- شارۆچکە ی مەلاز کورد (قەڵا)، دانیشتوانەکەی 35.369 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 50 گوند.
سێیەم- سنجەقی سعرد (سێرت)، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەیی 116.810 کەسە و لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بە سەر شەش شارۆچکە و سی شارەدێ و 641 گوند، کە بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە ی ناوەندی سعرد (سێرت)، دانیشتوانەکەی 32.605 کەسە و پێک هاتووە لە چوار شارەدێ و 54 گوند.
2- شارۆچکە ی ڕوندوان (زۆک)، دانیشتوانەکەی 11.000 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ و 111 گوند
3- شارۆچکە ی پەرواری (دێهه)، دانیشتوانەکەی 9.522 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ و 72 گوند.
4- شارۆچکە ی هازو (ئەروان-خاسخیر)، دانیشتوانەکەی 26.235 کەسە و پێک هاتووە لە پێنج شارەدێ و 59 گوند.
5- شارۆچکە ی خەزران، دانیشتوانەکەی 19.989 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 138 گوند.
6- شارۆچکە ی شێروان (کفرە)، دانیشتوانەکەی 17.459 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 207 گوند.
چوارەم- سنجەقی گەنج، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەیی 56.920 کەسە و هەروەها لە ڕووی کارگێرییەوە دابەش کراوە بە سەر سێ شارۆچکە و پێنج شارەدێ و 443 گوند، کە بەم شێوەیە دابەش بووە:
1- شارۆچکە ی ناوەندی گەنج، دانیشتوانەکەی 32.605 کەسە و پێک هاتووە لە سێ شارەدێ و 54 گوند.
2- شارۆچکە ی چیا قەچور (چوەلی)، دانیشتوانەکەی 12.026 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 133 گوند.
3- شارۆچکە ی گۆولپ (پاسسۆور)، دانیشتوانەکەی 18.825 کەسە و پێک هاتووە لە یەک شارەدێ و 119 گوند.
سەرچاوەکان
1- د. عەبدوڵڵا غەفوور: جوگرافیای کوردستان.
2- یاسین سابر ساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی.
3- وریا ڕەحمانی: کورد و کوردستان لە ڕوانگەی نەخشەوانییەوە.
4- فەرید ئەسەسەرد: ئەتڵەسی سیاسی هەرێمی کوردستان 1914-2005ز-ئامادەکردنی: سەردار مەحمەد عەبدولرەحمان و هۆشیار مەحمەد ئەمین خۆشناو.
5- فەیسەڵ دەباغ: کوردستان لە چاپکراوە عوسمانلییەکاندا-کە نووسەر لە زمانی تورکی عوسمانلییەوە کردوویەتی بە کوردی.
6- سەنتەری برایەتی: ویلایەتەکانی کوردستانی تورکیا لە سەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکاندا-لە زمانی عوسمانییەوە کردوویەتی بە کوردی-فەیسەڵ دەباغ.
7- شەمسەدین سامی: کورد و کوردستان لە قامووسولئەعلامدا-وەرگێڕانی بۆ کوردی : ئەحمەد تاقانە.
8- ئینتەرنێت-ویکیپیدیا.
[1]