لە دیمانەیەکی (باسنیوز)دا حسێن قاسم حەسوون، ڕاوێژکاری سەرۆکی #هەرێمی کوردستان# بۆ کاروباری #ئێزدییان#، باسی هەڵوێستی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆمەڵکوژیی ئێزدییان دەکات و دەڵێت، سوپاسی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە هەشت ساڵە خەڵکی ئاوارەیان لەناو دڵ و ماڵی خۆیاندا حەواندووەتەوە و ئەمەش بە ڕوویەکی جوانی هەرێمی کوردستان وەسف دەکات و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بە جێگای بایەخ دەزانێت.
(باسنیوز) هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندی کەیسی ئێزدییان لەڕووی نێودەوڵەتییەوە چۆنە؟
حسێن قاسم حەسوون: سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا ئێستا دوو لیژنەی دامەزراندووە، یەکێکیان لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و ئەوەی دیکەش، ئۆفیسێکی تایبەتی دامەزراندووە کە هەر لە دەستپێکی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانەوە تاوەکوو ئێستا کار دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوە ئێزدییانەی کە لە دەستپێکی ساڵی 2014دا کەوتبوونە دەست #داعش#، ئەو ئۆفیسەش تا ئێستا سێ هەزار و 556 کەسی ئێزدیی لە دەست داعش ڕزگار کردووە، ئەمەش سەربڵندییەکی گەورەیە بۆ ئێزدییان و هەرێمی کوردستان.
(باسنیوز) بەم کارانەی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن تەماشای کوردستان دەکات؟
حسێن قاسم حەسوون: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە تەماشای ئەم هەوڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ئەوە جێگای داخە کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەسی ئێزدی لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان دیار نییە، هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم کەسانە و ئاڵیات و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ گەڕان و دیارکردنی شوێنی ئەو کەسانە.
(باسنیوز) حکوومەتی عێراق چی کردووە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی؟
حسێن قاسم حەسوون: ئێمە لە میدیاکانەوە سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووسی ئەم کەسانە دەبیستین، بەڵام لە واقیعدا هیچ هەنگاوێکی ئەوانمان نەدیوە و هیچ کارێکی ڕژدیان نەکردووە.
(باسنیوز) ڕەوشی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی ئێزدی چۆنە؟
حسێن قاسم حەسوون: ئێستا 87 گۆڕی بەکۆمەڵ لە #شنگال# دۆزراونەتەوە، 445 ڕوفات لەو گۆڕانە دەر هێنراون و لەو 445 کەسەش ناسنامەی 146 کەس ئاشکرا بووە و ناسراونەتەوە و بە ڕێوڕەسمی ئایینی و یاسایی بە خاک سپێردراون.
(باسنیوز) گیانی هاوکاری لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بۆ هاوکاریکردنی ئێزدییان چۆن دەنرخێنن؟
حسێن قاسم حەسوون: ئێمە سوپاسی هەڵوێستی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەشت ساڵە خەڵکی ئاوارەیان لەناو دڵ و ماڵی خۆیاندا حەواندووەتەوە، ئەمەش ڕوویەکی جوانی هەرێمی کوردستانە لە جیهاندا کە خەڵک بەم هەموو برایەتی و هاوکارییە پێکەوە دەژین و ڕێز لە یەکتری دەگرن، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە و گرنگە و دەگەڕێتەوە بۆ نەهجی سەرۆک بارزانی کە هەمیشە بە برایەتی و پاراستنی پێکەوەژیان کاری کردووە.[1]