بابەت: یاداشت
لە نووسینی : مەنسور ئیراندووست
ڕێکەوتی چالاکی : #17-12-1985#
وەک نەریتی هەموو هێزەکانی پێشمەرگانی #حیزبی دێموکراتی کوردستان#-حدکا، لە ڕۆژهەڵات بۆ لێدانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، لە بۆنە و ڕۆژە مێژووییەکاندا جوم و جوڵەکان بەرفراوانتر دەبوون، هەمولایەک دەکەوتنە کێبڕکێ بۆ لێدانی دوژمن.
ساڵی 1364ی هەتاوی ئێرانی بەرانبەر بە 1985ز. و مانگی سەرماوەز (12)، فەرماندەی ئازا و دوژمن تەزێنی لکی شەهید نادری(سەید فەرەج حسەینی) پلانی چالاکییەک دادەڕێژێت، کە لە 26 سەرماوەزدا بەڕێوەی ببات.
شوێن و کاتی چالاکی دەستنیشان دەکات، تیمێکی شەش کەسی، بە خۆیەوە حەوت کەس لە کوڕانی هەڵمەتبەر و ترس تۆقێن لە لکی شەهید نادری ئاگادار دەکاتەوە بۆ ڕۆژی دیاریکراو ئامادەبن.
- ئەگەر هەڵە نەبم دوا نیوەڕۆی بیست و سێی سەرماوەز حەوت پێشمەرگەی گورج و گۆڵ و بەهەیبەت لە بنکەی #هەرمێلە# دەرکەوتن و بە دیوی گاکوژەدا شۆڕبوونەوە بۆ سەر ڕووباری #سیروان#، کەسەکان (شەهیدان سەید فەرەج ٫ ئەنوەر دەرەوەیانی ٫ قادر وڵەدبەگی٫ عەزیز سەلیمی و دوو پێشمەرگەی دیکە).
پاش پەڕینەوەی سەر ئاوی سیروان بە (کەڵەس-کەڵەک)، لە شەودا، دەربازبوون لە مەیدانی مین و کەمینی پایگاکانی سەرشەقامی دوو ئاو مەڕەخێڵ خۆیان دەگەیەننە بەرزاییەکانی زاڵ بە سەر شەقامی دوو ئاو - #پاوە# (تونیلی #دەرەیوەر#).
پلانی چالاکی کەمین دانانی سەر شەقامی لە نێوان دوو ئاو و دەرەیوەردا.
شوێنی دیاریکراو:
ئەستەمترین، سەخترین و هەڵدێری ناوچەی #هەورامان#، لە نێو قوڵای دوو شاخی بەرز و گەردنکەش (لای باکوور #نانەوێژە# و لای باشوور #کەلەقەندی#) شەقامێکی بەرتەسک لە لای نانەوێژەوە لە قەد شاخەکەوە هەڵکەندراوە و چەمی پاوەش لەنێو ئەم قوڵاییە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا بە ژێر شەقامەکەوە بەرەوخواردەبێتەوە و چەند سەد مەترێک خوارتر تێکەڵی ئاوی سیروان-(دوو ئاو) دەبێتەوە.
تەنها ڕێگای هاتوچۆی بەری نانەوێژە، شەقامەکەیە و بەری شەقامەکە و پشتی شەقامەک سەختیی و هەڵدێرە.
لای کەلەقەندی بەشی باشووری ئەم شوێنەش کە ڕێگای دابەزینی پێشمەرگەکانە بۆ سەر شەقامەکە، ئەوێش شوێنێکی توش و هەڵدێر و سەرەوڵێژێکی زۆر توندە، هەڵکەوتی ئەم شوێنە وەهایە لە هەر دوو بەری چەمەکەوە لە بەرزای شاخەکانەوە بەردێک فرێبدەی دەکەوێتە نێو چەمەکەوە.
دابەزینی پێشمەرگە بە ڕۆژ گونجاو نییە، بۆیە پێشمەرگەکان لەگەڵ تاریک داهاتن دا لە ژێر ڕێنوێنی و پێشڕەوی فەرماندە سەید فەرەج بەو سەختای و هەڵدێرەدا شۆڕدەبنەوە، ، پاش پەڕینەوەیان لە ئاوی چەمی پاوە، لە کەمینی هێزەکانی ڕژیمدا خۆیان مات دەکەن، تا دەمەو بەیانی جیا لە چەند ئوتومبیلێکی کەسی هیچی هێزە چەکدارەکان تێناپەڕن.
لە کەمینی شەو نائومێد دەبن و بڕیاری کەمینی ڕۆژ ئەدەن، ئەبن بە دوو دەستە پێنج کەس لە نزیک شەقامەکە و لە بەری کەلەقەندییە وە لەو سەختی و هەڵدێرە خۆیان مات دەدەن، دوو کەسیش وەک پشتیوان بۆ سەرەوەتر بۆ بەرگری لە هێزی یارمەتیدەر لە مۆڵگەی دوو ئاو و لای دەرەیوەر خۆیان دەشارنەوە.
دوای نیوەڕۆ ئوتومبێلی جۆری نیسان پاتروڵێت، لە تونەیلەوە دەر دەکەوێت بەرەو دوو ئاو، ئەم جۆرە ئوتومبیلانە تازە درابونە بەرپرسانی سوپای پاسداران، پێشمەرگەکان دوو دڵن لەوەی نەکا ئوتومبێلی کەسی ئاسایی بێت تەقەی لێ ناکەن، چەند خولەکێک دواتر کاروانێکی ئەو جۆرە ئوتومبیلانە دەردەکەون و ئەوجار پێشمەرکەکان هەر کام ئوتومبیلێک دەدەنە بەر دەسڕێژ و لەیەک ئاندا دوو لە ئوتومبیلەکان خلۆردەبنەوە بۆ ناو ئاوەکە و سێی دیکەش لەسەر جادەکە تێک دەشکێنرێن.
پاش ئەم چالاکییە جگەربڕە پێشمەرگەکان پڵنگ ئاسا شوێنەکە بەجێ دێڵن لە کورت ماوەدا لەو سەختی و هەڵدێرە هەڵدەکشێن بەرەو بەرزای کەلەقەندی.
ئەو چالاکییە ئەوەندە لە ناکا و چاوەڕواننەکراو بوو، بە تەواوی هێزەکانی ڕژیمی پەشۆکاو و تاساندبوو بە هیچ شێوەیەک دەستیان پێ نەکرایەوە. کە دژ کردەوە لە خۆیان نیشان بدەن و پێشمەرگەکانیش سەرکەوتوانە لە شوێنی مەترسی دوور دەکەونەوە.
دواتر هێزیکی جاشەکان کە پاراستنی شەقامی پاوە تا لای دەرەیوەریان لە ئەستۆ دەبێت بەرەو شوێنی ڕوداوەکە دێن، ئەوانیش دەکەونە بەر دەسڕێژی تیمی پشییوان لە ئاکامدا جاشێک دەکوژرێت و چەندانیش بریندار بوون.
-ئەو شەوە ڕادیۆ بی بی سی لە هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی شەو ڕایگەیاند کە ئایەتوڵا موسەوی نوێنەری ئایەتوڵا خومەینی بۆ بەرەی شەڕی ئێران -عێراق لە ڕۆژئاوای ئێران لە دوو ئاو کەوتوەتە کەمینی پێشمەرگەکانی #حیزبی دێموکراتی کوردستان#ی ئێران و لە گەل چەند بەرپرسێکی دیکەی سیاسی نیزامی کوژراوە.
دواتر دەرکەوت نوێنەری خومەینی لە ڕۆژئاوای ئێران بۆ بەرەی شەڕ بۆ سەردانی بەرەی #نەوسود# کە هێزەکانیان بۆ چەند ساڵێک زەبوونی دەستی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ ببوون و جوڵەیان لێ بڕابوو هاتبوو تا ڕێگا چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.
لەم چالاکییەدا بێجگە لەو ئایەتوڵایە دوو مەلای دیکە و چەندین بەرپرسی سیاسی و نیزامی کوژران
یادی شەهیدان زیندوو
بیست و شەشی سەرماوەز پیرۆز بێت لە هەمو لایەک
#17-12-2019#
[1]