#شلێر ڕەشید#
وەرگێڕان هونەرە پێویستی بە درک و هەستێکی قوڵ هەیە، وەرگێڕان لە چنینی ملپێچێکی خوری دەچێت بۆ ئازیزێک بیچنیت، هەرچی کاتێک لەملی بکات هەست بکات دەستی تۆی لەملدایە، نەرمی و گەرمی و وزەیەکی ڕۆحی بەجەستەی بگەیەنێت. حەز بکات هەمیشە ئەو ملپێچەی لەمل بێت و هەست بە جێپەنجەی تۆ بکات.
کاتێک خوێنەر دەست بەخوێندنەوەی وەرگێڕانێکت دەکات هەست بە جوانی وەرگێڕانەکەت بکات، وەکو ئەو تاڵە خورییەی کە تاڵ تاڵ بە پەنجەت دەیهێنیت و لە قولاپەکەی دەئاڵێنیت بۆ ئەوەی قڵف قڵف زنجیرەیەکی لێ درووست بکەیت، بەو جۆرە وشەکان بهێنێت و ڕستەیەکی جوان و پڕ واتای لێ درووست بکەیت، وەکو تەکنیکیش دوایی ئەو ڕستانە زیاد بکەیت تێهەڵکێشی ئیدیٶم و کات و شوێن و ڕووداوەکانی ناو نوسینەکەتی بکەیت، ڕێک وەکو ئەو چنێنە ئەو زنجیرەیەی کە چنیوتە زیادی بکەیت و ورد ورد نەخشەکانی ڕەنگین و جوان بکەیت، دڵ ڕابکێشێت بۆخۆی، وەرگێڕانێش بەوجۆرە بێت خوێنەر بۆ خوێندنەوەی ڕابکێشێت و حەزبکات لەگەڵ خوێندنەوەکەدا بڕوات.
واڵتەر بنیامین پێی وایە وەرگێڕان هونەرو ستاتیکایە، تەکنیک و زانستە
ئەم سێ بابەتەی خوارەوە بوون وایان لێکردم حەز بە وەرگێڕان بکەم و عەشقم بۆی هەبێت و بیری لێبکەمەوە، ئەو کاتانە بەدەم خوێندنەوەوە بۆ خۆمم وەردەگێڕا بۆ ئەوەی بەباشی لێیان تێبگەم.
کورتە باسێک دەربارەی تایتانیک لە کتێبی ئینگلیزی پۆلی سێیەمی ناوەندی
کتێبی ئۆلیڤەر تویست ی ڕۆماننوسی مەزنی بەریتانی چارلس دکنز لە پۆلی پێنجەمی ئامادەیی دەربارەی مناڵێک لەخانەی بێسەرپەرشتان بەناوی ئۆلیڤەر وە
بازرگانی ڤینیسیای شانۆنوس و شاعیری مەزنی مرۆڤایەتی جیهانی ولییەم شەیکسپیر لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی،
پاش تێپەڕینی چوارسەدوچوار ساڵ بەسەر کۆچی شەیکسپیردا بەرهەمەکانی هەمیشەو بەردەوام لە شارەکانی کەنەداو بەتایبەت لە شاری سترادفۆردی کەنەداو لە هەموو دنیا نمایش دەکرێن.
لایەنی ڕۆشنبیری بە نەبوونی وەرگێڕان مەحاڵە بەرەوپێش بچێت، وەرگێڕان یەکێکە لە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی سینەماو شانۆ لە ئەدەبی کوردیدا.
2- پرۆسەی هەڵبژاردنی کتێب بۆ وەرگێڕان لەلایەن وەرگێڕەوە گرنگە، تۆ چ جۆرە کتێبێک هەڵدەبژێریت؟
دیاریم نەکردووە چ جۆرە کتێبێک وەربگێڕم، کە کتێبێک دەخوێنمەوە، دوای ئەوە بڕیاری وەرگێرانی دەدەم.
ڕۆمانی کوڕە بیجامە خەتخەتەکەی ڕۆماننوسی ئیرلەندی جۆن بۆین و ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە ی ژنە ڕۆماننوسی ئەمریکی ڵویس ڵۆری دەربارەی جەنەساید/ هۆڵۆکۆستن
دوای چەندین جار خوێندنەوەیان بە پێویستم زانی وەریان بگێڕمە سەر زمانی کوردی،
ئەمڕۆ باسی بابەتی هۆڵۆکۆست باسێکی گەرمی جیهانییە.
نەتەوەی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی ڕووبەڕووی هێرشی ئەنفال و جەنەساید بووەتەوە
دەربارەی قڕکردنی جولەکەکانە لە لایەن نازییەکانەوە لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەم ساڵی 1939-1945 لە پۆڵەنداو دانمارک پاڵەوانی سەرەکی ناو هەردوو ڕۆمانە کوڕوکچێکی نۆساڵان و دەساڵانە، هەردووکیان جولەکەن و لەگەڵ کوڕوکچێکی کرستیان دەبنە هاوڕێ لە هەردوو کتێبەکەدا لە دونیایی بەرائەتیی مناڵەوە دەتباتەوە ناو دونیایی پڕ پلانی گەورەکان وات لێ دەکات و هانت دەدا کە بە جۆرێکی جیاواز بیر لە ژیان بکەیتەوە، فێری خۆشەویستیت دەکا بەرانبەر بە مرۆڤایەتی بێ گوێدانە جیاوازی دینی و نەتەوەیی. دوو کۆتایی جیاواز، کوڕە بیجامە خەتخەتەکە بە مردنی هەردوو کوڕە هاوڕێکە شمۆڵ و بڕونۆ کۆتایی دێت. ئەستێرەکان بژمێرە بە کۆتایی هاتنی جەنگ و هاتنی ڕۆژێکی نوێ و پڕخۆشی کۆتایی دێت. جەنەسایدی کوردیش لە 16ی مارچی 1988 بە خنکانی زیاتر لە 5000 کەس بە گازی خنکێنەر و چەندین هەزار کەسیش زیندەبەچاڵ کردن.
ڕۆمانی سەمفۆنیای عەشق لە نوسینی ئاندری ژید، ڕۆمانێکی دەروونشیکاریی خەیاڵییە، باس لە عەشقی ڕوحیی قەشەیەک دەکات بۆ ئەو کچە نابینایەی کە تاکە کەسە لە خێزانەکەی بەتەنها ماوەتەوە و کەسێ نەماوە بێگرێتەخۆی، قەشە دەیگرێتە خۆی و لەماڵەکەی خۆیدا بەخێوی دەکات، قەشەیەک هەموو پیرۆزییەکانی خواو کتێبی پیرۆزو کەنیسە پشتگوێ دەخات و عاشقی کچە نابیناکە دەبێت، بەمەرگەسات وخۆکوشتنی کچە نابیناکە و ڕۆیشتنی کوڕەکەی کۆتایی دێت.
ڕۆمانی پڵنگە سپییەکە لەنوسینی ئەرەڤەند ئەدیگە، ڕۆمانێکی خەیاڵییە تێهەڵکێش بە ژیانی واقعی هند، باس لە دوو دنیای جیاواز دەکات لە وڵاتی هند، دنیای هەژاران و دنیانی سەرمایەداران و گەندەڵییەکانیان، پاڵەوانی ناو ئەم ڕۆمانە گەنجێکە بە ناوی باڵرام حەلواچی عەرەبانچی، کەسێکی وریاو هۆشیار، کەسێک کە هەست بەگەندەڵییەکانی دەسەڵات دەکات و یاخی دەبێت، لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا مامۆستاکەی نازناوی پڵنگە سپییەکەی پێدەبەخشێت، خێزانەکەی لەقوتابخانە دایدەبڕێنن و گیرۆدەی ناو ئیش وکاری دەکەن.
لەکۆتاییدا خاوەنکارە سەرمایەدارەکەی دەکوژێت و کەسیش بە تاوانەکەی نازانێت.
هەرچەندە لەکۆتاییدا کەسێکی بکوژە، بەڵام خوێنەر هەر خۆی بەلانگری باڵڕام دەزانێت، چونکە باڵرام قوربانییە، قوربانی دەستی دەسەڵاتێکی گەندەڵە
کتێبی چاندنی ڕەگی نوێ، دروستکردنی پەیوەندی نوێ
ڕێبەرێکە بۆ تازە هاتووان بۆ کەنەدا، ڕێنمایی و زانیاری گشتی لەخۆ دەگریت، لەلایەن ئیمیکرەیشن ی کەنەداوە پێشنییار کرا کە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریبگێرم بۆ زمانی کوردی.
ڕۆمانی ئاهەنگی بێمانایی
دوا ڕۆمانی نوسەری چیکی میلان کۆندێرایە،
دوای سیانزە ساڵ دابڕان لە نوسین، لەنێوەندی 116لاپەڕەدا باسی کۆمەڵگەیەکی تەواوت بۆدەکات، مێژووی کۆن و نوێ پێکەوە گرێدەدات، خود و بابەت، مێژوو لەگەڵ فەلسەفە و دەروونناسی تێکهەڵکێشی یەک دەکات، ڕۆمانێکی خەیاڵییە لە حەوت بەش پێک هاتووە.
بەگشتی لەنێو ڕۆمانەکاندا، کات وشوێن دیاریکراوە بەجۆری واقعی بێت یان خەیاڵی، لە هەموو ڕۆمانەکاندا چەند کتێبێک و چەند نوسەرێکت پێ دەناسێنێت، ئامانج ولایەنی فکری نوسەرو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی دەردەکەوێت.
بەتراژیدیا یان کۆمیدیا یان حاڵەتیکی ئاسایی کۆتایی دێت.
چەندین کتێبی تر هەبوونە دەستم بە وەرگێڕانیان کردووەو یەک لەسەر سێم لێ وەرگێڕاوە، دوایی بیستومە لەلایەن وەرگێڕی ترەوە وەرگێڕدراوە یان لەپرۆسەی چاپ کردندایە، وازم لە وەرگێڕانیان هێناوە.لەوانە:
شازادە چکۆل ی-ئەنتوان ماغی ژان باپتست، خوای مێشەکان ی ولییەم گۆڵدنگ، لستەکەی شنڵەر ی ستیڤن زیڵییەن، بیرەوەرییەکانی ئان فرانک، ڕەگەزی دوو ی-سیمۆن دی بوڤواغ، ..
3- وەرگێڕان دەتوانێت چ پێشکەش بە خوێنەر بکات؟ ئامانج لە وەرگێڕان دەقە یان خوێنەرو کۆمەڵگە؟
وەرگێڕان یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکانی بیری مرۆڤ، بەردی بناغەی داهێنان و بوژانەوەیە. لەبواری ڕامیاری، سیاسی، تەکنەلۆجی، زانستی، پزیشکی، سەربازی، سایکۆڵۆجی و فەسەفی، ...
ئامانج لە وەگێڕان هەردووکییەتی لەپێشدا دەق دوایش پێشکەشکردنی ئەو دەقە بە کۆمەڵگە.
خوێنەر ئاشنا دەکات بە نوسەری جیهانی و نوسینەکانیان، هەزاران شاکار هەن، ئەگەر کاری وەرگێڕان نەبووایە، خوێنەر ئەگەر بەرچاویشی بکەوتایە لەوانەیە بەسەریا تێپەڕیایەو دوای ماوەیەک لەبیربچوایەتەوە، گرنگی دان بە دەق زۆر گرنگە، پێویستە وەرگێڕ ڕوحی دەق وەرگێڕێت، بە ڕاستگۆییەوە مەبەستی نوسەر بگەیەنێت، کە ئەم کارە دەکات بۆ کۆمەڵگەی دەکات.
لەڕێگەی وەرگێڕانەوە خوێنەر ئاشنا بووە بە هەزاران نوسەرو شاکاری جیهانی،
ساڵانێکی درێژە شانۆنامەو شیعرو چیرۆک و ڕۆمانی جیهانی دەخوێنێنەوە. ئاشنا بووینە بە سەدان سایکۆڵۆجست و فەیلەسوفی جیهانی هەر لەو ڕێگەیەوە لە پۆلینکردنی فەلسەفەو قوتابخانەکانیان تێگەیشتوین یان تێییان دەگەین.
فەلسەفە بە نمونە:
پێش سۆکراتییەکان، ئیڵیاتستەکان، ئەکادیمییەکان، ئەتۆمستەکان، #سنە#کسەکان، سکاڵاکارەکان، کرستیانەکان، سکۆڵاستەکان، زەمەنی زانست، ئەقڵانییەکان، ئەزمونگەراکان، ئایدیاڵستەکان، لبڕاڵەکان، پێشکەوتووخوازەکان، پراگماتستەکان، ماتریالستەکان، بونگەراکان، ڵانگویستەکان، پۆستمۆدرنەکان.
4- ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیەک بۆ کایەی وەرگێڕان لە کوردستان بکەین، چ ئارێشەو بەربەستێک دەبینن لەبەردەم وەرگێڕکارانی کورددا؟
دەوڵەت ئەم لایەنە گەورەو گرنگەی ڕۆشنبیری فەرامۆش کردووە،
وەرگێڕان ئەرکێکی دژوارە پێویستی بە وزە و کات و شوێن و شارەزایی و خوێندنەوەی بەردەوام هەیە، سەدان کەسی چالاک و وریا هەن لەم بواردا لە کوردستان کار دەکەن، خەمی نان لێیان ناگەڕێت بە ئاسودەیی کارەکانیان بەرەوپێش ببەن.
مادام دەوڵەت ئەم لایەنە گرنگەی فەرامۆش کردووە، پێویستە لەسەر وەرگێڕ خۆی گرنگی بە پێشەوەچوونی ئەم لایەنە بدات، ئێستا تەکنەلۆجیا ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کاری وەرگێڕان کردووە، بەڵام لە کوردستان کەسێک کە خەمی نان لێی نەگەڕێت، تەکنەلۆجیا بەو چی، لەکوێوە بتوانێت کۆمبیوتەرێکی باشی هەبێت و ئینتەرنێتی بەردەوامی هەبێت و بۆ چوونەپێشەوەی کارەکانی. چۆن بتوانێت بیر بکاتەوە!
هەمیشەو لە هەموو شوێنێک، لە کوردستان یان لە دەرەوەی کوردستان، پێویستە وەرگێڕ خوێنەرێکی بەردەوام بێت
شێرکۆ بێکەس دەڵێت: بۆ ئەوەی گەڵایەک بنوسم پێویستە دارستانێک بخوێنمەوە.
پێویستە وەرگێڕ ئاگای لە بەرزی ونزمییەکانی زمان بێت، بۆ خۆی چەندین جار پێداچوونەوە بە بابەتەکەیدا بکاتەوەو هەوڵ بدات هەڵەی تێدا نەهێڵیت،
باشترە کەسانی شارەزا هەبن بۆ بواری پێداچوونەوە، بتەوێ و نەتەوێ وەرگێڕان خاڵی نابێت لە هەلەی زمانەوانی و هەڵەی چاپ، بۆیە چاوی دووەم پێویستە بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە دەستنیشان بکات یان ڕاستی بکاتەوە. بەڵام کە کەسێکی وا نەبێت وەرگێڕ ناچارە بۆ خۆی ئەم لایەنە پڕ بکاتەوە. بەو وردە هەڵانەشەوە هێشتا وەرگێڕان هەر گرنگی خۆی هەیە.
بەم دواییە مشتومڕ لە سەر چەند هەڵەیەکی ڕستەسازی و هەڵەی تایپ ی کتێبی وەرگێردراوی هۆمۆدیۆس: مرۆڤە خوا ی یۆڤاڵ نەوە هەراری کرا کە لەلایەن وریا ئەحمەدی وەرگێڕەوە کاری وەگێڕانی بۆ کرا. سەرەڕای ئەو هەڵە بچوکانەش کارو ماندووبوونەکەی گرنگ دەنرخێنم. لە وەرگێڕانێکی وا دوورودرێژدا ئەوەش ڕوو دەدات،
5-چی بە پێویست دەزانیت بکرێت تا وەرگێڕکاران نەبنە قوربانی دەزگاو ناوەندەکانی وەشاندن؟
ئەوە کاری دەوڵەتە کە بتوانێت پەرە بە کاری وەرگێڕان بکات وهەوڵی بەردەوام بوونی بدات،
چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە وەرگێڕ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
من بۆ خۆم وەکو وەرگێڕ تەنها دەتوانم هەوڵ بدەم بخوێنمەوەو بە ڕێک و پێکی کاری وەرگێڕان بەردەوام پێ بدەم و بۆخۆم پێداچونەوەی بۆ بکەم، دەبێت خۆم خەمی وەرگێڕانەکانی خۆمم بێت و هەوڵ بدەم هیچ هەڵەیەکی تێدا نەهێڵم، چۆنایەتی/کواڵتی م پێ گرنگترە لە چەندایەتی/کوانتتی،
کێشە ئەوەیە کە دەزگایەک بەڵێنی چاپدانی کتێبێکت پێ دەدات، وەرگێڕانەکەتیان بۆ دەنێریت، دووساڵ لای خۆیان دەیهێڵنەوە دوایی دەڵێن پارەی چاپ کردنیمان نییە. دەزگای ئەندێشە بە نمونە بۆ ڕۆمانی کوڕە بیجامە خەتخەتەکە و پڵنگە سپییەکە.
ئەو وەرگێڕانانەی کە بۆ کوردستان دەیکەم چاوەڕێی هیچ پاداشتێکیان لێ ناکەم و داواشم نەکردووە، ئەو کارانەی لێرە بۆ کەنەدای دەکەم، بەبێ دواکەوتن مافی خۆم پێ دەدرێت.
6-پەیامی تۆ وەک وەرگێڕێک بۆ کۆمەڵگەو ژیان چییە؟
کۆمەڵگەو ژیان پێویستیان بە کاری بەردەوام و هەمیشەیی خوێندنەوەو وەرگێڕانە، بۆ ئەوەی ئاگاداری جوڵەو گۆرانکارییەکانی دنیابین، پێویستە بخوێنینەوە، وەرگێر وەکو تەونکارێکی شارەزاو بە ئەزمون، وەک چۆن بۆ درووستکردنی فەرشێک تانوپۆی ڕایەڵکراوی ڕەنگەکان لێک دەئاڵێنیت و پەنجەی بەر تاڵ بە تاڵی ئەو خورییە دەکەوێت تاکو بتوانێت ڕێز بەندی چنینەکەی بە ڕوح بچنێت، کاری وەگێڕانیش شتێکی لەو جۆرەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت پێویستە دانە بەدانە ئەو وشانە بدۆزینەوە کە گونجاو و پڕ واتای جوانن، هەروەها بەکار هێنانی ئیدیۆم لە شوێنی گونجاو و ڕەچاوکردنی خاڵبەندی تاکو دەقێکی ڕێک و پڕ واتا بەرهەم بێت. زمان هەمیشە لە گۆڕان و نوێ بوونەوەیەدایە، هەمیشە کۆمەڵێک وشە لەناو دەچن و کۆمەڵێکی دی جێگەیان دەگرنەوە، بۆیە چ وەرگێڕو چ تاکەکانی تری کۆمەڵگە هەرهەموو لەژیانماندا پێویستمان بە خوێندنەوەی قوڵ و بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی لەو کاروانی بەرەوپێشچونە دوانەکەوین.
پێویستە پەیوەندی خۆمان بە مەعریفەوە گرێ بدەین.
کۆمەڵگەو ژیان پێویستیان بە پەیامی من نییە، هەزاران کەسی چالاک هەن ئەگەر خەمی نان لێیانگەڕێت و جێگەیەکیان هەبێت بۆ حەوانەوە، دەتوانن کاری زۆر جوان پێشکەش بە کۆمەڵگەو ژیان بکەن. بەڵام بەداخەوە ئەوان خۆیان ژیانیان نییە، ئیتر چۆن بتوانن کار بۆ کۆمەڵگە بکەن.[1]