نوسینی #محەمەد عەلی#
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش کتێبی لەبری بیرەوەری، نوسینی: کاک #مەلا بەختیار#، بە پی دی یٔێف بەدەست گەیشت وخوێندمەوە.
یەک: بەپێچەوانەی یٔیدیعاکانی سەرەتای کتێبەکەوە، کە باس لە گێڕانەوەی ڕوداوەکان دەکات بە شێوەیەکی بێلایەنانە، یٔەم کتێبە تا بینەقاقای نوقمی بەشەخسیکردن و نابابەتی بوونە.
دو: کاتێک مرۆڤ کتێبی لەبری بیرەوەری دەخوێنێتەوە، هەستناکات سیاسییەک نووسیویەتی کە کارەکتەرێکی بەشداری یٔەو قۆناغەو هەمو ڕوداوەکانێتی و پشکی شێری خراپەکاریەکانی یٔەوکات و یٔێستاشی لەیٔەستۆیە. سەراپای یٔەم کتێبە ڕیکلامێکی بێتام و بێمانایە، یٔارایشتێکی ڕەق و تەق و پیشاندانی نوسەرەکەیەتی وەک پیاو چاکێک لەناو دونیایەکی پڕ لەتاوان و توندوتیژی. هەمو یٔەمەش لەسەر حسابی بەشەیتانکردن و بەدڕندە پیشاندانی نەیارەکانی.
سێ: نوسەر بەدورودرێژی باس لە کاریگەری باری سایکۆلۆژیی کەس و ڕقی شەخسی دەکات لەسەر ڕوداوەکان و ڕەفتاری فیگەرە دیارەکانی خەباتی شاخ بە دیاردەیەکی ناتەندروستی دەزانێت. بەڵام تەوای کتێبەکە یٔەو ڕاستییە نیشاندەدەن: مەلا بەختیار خۆی دێڕێکی لە دەرەوەی یٔەم سایکۆلۆژیا ناتەندروستەدا نەنووسیوە و لەپاڵ نارسیزمدا، ڕق لەوانیتر و بە ناپاک ناوبردنیان، پرنسیپێکی تری زاڵی ناو کتێبەکەیە.
چوار: یٔایا ڕەوایە زۆربەی زۆری یان هەمو تاوانەکان و هەڵەکان و شکستەکانی چەندین ساڵی شۆڕش بخەیتە یٔەستۆی یەک کەس و کەمترین لۆمەی کەسی یەکەم و سەرکردایەتی حیزب بکەیت؟ باشە یٔەوانەی لە شاخبوون هەموویان کۆیلەی یٔەو تاکەکەسە بوون؟ فیگەری بێیٔیرادە و نەفام بوون؟ داشی دامەبوون و یٔەو تاکەکەسە هەمویانی جوڵاندوە؟ یان کەسانێکن بەرپرسن لەوەی لەو مێژووەدا چی ڕوویداوە.
پێنج: بەکام پێوەر و میتۆدی مێژویی و زانستی، نوسەری یٔەم کتێبە، هیچ هەڵەو کەموکوڕیەکی نەبوە لە نزیکەی 40 ساڵی ژیانی سیاسیدا؟ بەواتایەکی تر، نوسەر بۆیەکجاریش، ڕەخنەی لەخۆی نەگرتوەو باسی لەکەموکورتیەکانی خۆی نەکردوە. یٔەم هەڵە زەقە و هەمەلایەنە، تەنها یەکشت تەفسیریی دەکات: نارسیزمێکی ناتەدروست.
شەش: دوای ڕاپەڕین و یەکگرتنەوەی یٔاڵای شۆڕش و یەکێتی نیشتمانی، نوسەر چەندین بەرپرسیاریەتی باڵای هەبوە لەناو یەکێتی و زۆرجاریش (یٔەم نەوەیە شاهیدن)، مەلا بەختیار یەکێک بوە لە داڕێژەرانی سیاسەتە هەڵەکانی یەکێتی. بەڵام بەیەک وشەش ناڵێت: بەشێکبوم لەکێشە نەوەک چارەسەرو لەخراپی دۆخی یەکێتی و دۆخی حکومڕانی یٔەم هەرێمە، پشکم بەردەکەوێت. هەموومان مژدە و وادە سەیرەکانی مەلا بەختیارمان بیرماوە، کە هیچیان نەک نەهاتنە دی، بەڵکو پێچەوانەکانیان ڕاستدەرچون. لە هیچ شوێنێکدا باس لە بەرپرسیارێتی خۆی لەخراپی دۆخی حیزبەکەی ناکات و هیچ پشکێکیشی لە وێرانەیی حکومڕانی یٔەم هەرێمە بەرناکەوێت.
حەوت: کۆتایی کتێبەکەی تەرخانە بۆ باسکردن لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان. لەمەشدا کەمترین یاخود هیچ لۆمەی یەکێتی و خودی خۆی ناکات کە چ ڕۆڵێکی خراپ و نامەدەنی و دژە یاسایان بینی لەململانێ لەگەڵ گۆڕان. (نانبڕاوکردن، تەزویری هەڵبژارن، دەمانچە تەوزیعکردن، گرتن و لێدان و هەوڵی تیرۆرکردن و هەڕەشەکردن، ڕاپۆرتی پلینیۆمی یەکێتی 2013، دەستێوەردانی حیزب لە خوێندنگاو زانکۆو دامەزراوەکانی حکومەت و وەرزش لەڕێگای مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان........هتد). لە هەمووشی خۆشتر، مەلا بەختیار و هاوڕاکانی ڕایان وابوو بزوتنەوەی گۆڕان لە 3 کورسی زیاتر ناهێنێت، کەچی بوو بەو بزوتنەوە گەورەیە لە ساڵی 2009داو 25 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
هەشت: بەدڵنیاییەوە سیاسەتی کاردانەوەو ڕقی شەخسی، نابابەتی بون، خۆ بەفریشتە زان و ڕاکردن لەتەحەمولکردنی بەشێک لە بەرپرسیاریەتی کێشەکانی شاخ و شار و هەڵواسینی هەموو کێشەکان بە تاکە کەسێکدا، زیاتر بەرەو کەش و هەوای کتێبێکی وەک یٔەلف لەیلە وە لەیلەمان دەبات، نەک کتێبێک ڕێزی لانی هەرە کەمی بابەتی بونی تێدابێت.
نۆ: وەک هەمیشە کاک بەختیار لەو کتێبەدا باسی کۆمەڵێک فەیلەسوف و نووسەری جیهانی دەکات، کە تەنها بێیٔاگایی لە نووسینەکانی یٔەو نووسەرانە و سایکۆلۆژیای خۆ بە ڕۆشنبیر و تیوریستزان، دەیانهێنێتە ناو کتێبێکی یاداوەرییەوە کە گوایە باس لە ڕووداوەکانی سەردەمی خەباتی چەکداریی دەکات.
دە: کتێبی لەبری بیرەوەری ناتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەک بۆ خوێندنەوەیەکی بابەتیی بۆ یٔاڵۆزترین قۆناغی مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو گەواهی لە خودیٔەڤینییەکی مەترسییداری سیاسەتمەدارێک یٔەدات کە لەناو یٔەو هەموو شکست و توندوتیژییەی ناو جەنگەڵستانی سیاسەتی کوردیی، بەتاق و تەنها وەک فریشتەو شۆڕەسواری ڕوداوەکان بە پاکیی ماوەتەوە.[1]