نووسین و ئامادەکردنی: #جوان عومەر ئەحمەد#
گەلێک شوێن و شوێنەواری قەشەنگ و سەرەنج ڕاکێش هەن لە کوردستان، ئێمەی کورد نامۆین بە هەندێکیان نەک تەنها بە ناو و دیمەنەکانیان بگرە بە وێنەکانیشیان. پێم خۆشە تەنانەت بە چەند دێڕێکیش بێت بتوانم یەک لەو شوێنە دیارانەی کوردستان بخەمەوە بەر دیدی خوێنەران.
ناوچەی هەورامان بە چیا بەرز و ئاوە زۆرو کوێستانیەکەی بە یەکێک لە جوانترین ناوچەکانی کوردستان هەژمار دەکریت، جگە لە مێژووە دێرینەکەی کە بووە بە ناسنامەی ناوچەکە، لە دێر زەمانەوە ئەم هۆکارانە وایان کردووە ڕێبواران و گەشتیاران لە هەموو لایەکەوە هەوڵی بینی ئەو دیمەنانە بدەن، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕوودەکەنە ئەم ناوچانە، لێرەدا من ئەمەوێت لەگەڵ ئێوەدا گەشتێک بەرەو گوندی #هەجیج# بکەین، هەجیجی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
=KTML_Bold=هەجیج:=KTML_End= یەکێکە لە گوندەکانی شارەدێی سیروان لە شارۆچکەی نەوسوودی شاری پاوە سەر بە پارێزگای #کرماشان#، خەلکی ئەم گوندە شێوەزاری هەورامی دەدوێن، بە پێی سەرچاوەی سەرژمێری ووڵاتی ئێران کە لە ساڵی 2006 ئەنجامدراوە لە گوندی هەجیج 603 کەس دەژی کە 163 کەسی سەر بەیەک بنەماڵەن.
هەجیج یەکێکە لە گوندە سەرەنج ڕاکێشەکانی هەورامان بەهۆی بوونی چیای بەرز و کانی و ئاوی سازگاری زۆرەوە لەگەڵ بوونی #کۆسەی هەجیج# کە دیمەنێکی هێجگار سەرسوڕهێنەری هەیە هەر بەو هۆکارەش ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە ناوچە گەشتیاریەکانی کرماشان هەژمار دەکرێت لە ڕووی کاری دەستییەوە چەندین کەرەستەی کوردەوارییان هەیە و پشتێنی پەمەیی هەجیج بەناوبانگترینیانە.
کۆسەی هەجیج؛ مەزارگەی کەسایەتیەکی ئاینییە کە دەوترێت کوڕی ئیمام مووسای جەعفەرە، مەزاری کۆسەی هەجیج لەم گوندە بۆتە هاندەرێک بۆ سەردانی خەلکانی بڕوادار و بە شوێنێکی پیرۆز لە قەڵەم دەدرێت، سەرەڕای بوونی گەشتیاری زۆر، بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی خەبەری موکریان لە 25-10-2010 بە خاوێنترین شوێن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاریکراوە.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/383652/0007.JPG=KTML_ImageCaption_Title=کانی بڵ=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=کانی بڵ=KTML_ImageCaption_End=
#کانی بڵ# یەکێکی ترە لە تایبەتمەندیەکانی گوندی هەجیج، کە بە یەکێک لە کانیە قەشەنگەکانی کوردستان هەژمار دەکرێت، هەروەها لە ڕاپۆرتێکی وێکیوەندا کەپشتی بەستووە بە زیاتر لە 14 سەرچاوە دەربارەی کانی بڵ دەڵیت؛
=KTML_Bold=کانی بڵ:=KTML_End= یەکێکە لە کانییە سروشتییەکان لە نزیک گوندی هەجیج لە کێوەکانی شاهۆی هەورامان سەرچاوە دەگرێ و یەک لە پڕ ئاوترین کانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کانی بڵ لە چرکەیەکدا سێ تا چوارهەزار لیتر ئاوی لێ هەڵدەقوڵیت و دەتوانێ ئاوی خواردنەوەی دوو ملوێن مرۆڤ دابین بکات. ئەم کانییە بۆ خەڵکی ناوچەی هەورامان گرنگیکی تایبەتی هەیە و بە گوێرەی تاقی کردنەوە زانستییەکان، خاوەنی پاکترین ئاوە لە جیهاندا، بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە کانی بڵ چەمێک دروست دەکات کە درێژیێکەی تەنها 15 مەترە و بە کورتترین چەم لە چیهاندا دەژمێردرێت و دەڕژێتە ناو ڕووباری سیروان کە هیچ کات ئاوی ئەم چەمە لە هیچ وەرزێکدا ووشک ناکات هەمیشە پڕ ئاوە. بەرزایی کانی بڵ 780 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، واتە یەکێ لە نزمترین شوێنەکانی ناوچەی هەورامانە. هەندێک لەسەرچاوەکان پێیان وایە ناوی کانی بڵ لە ناوی خودای ئاوی بابلییەکانەوە وەرگیرابێت کە ئەویش ناوی بڵ بووە..
گرنگی مێژوویی و کلتووری جگە لە گرنگی سروشتی کانی بڵ کە ساڵانە نزیکی 150 ملیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی پاک دەداتە دەرەوە وای کردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕوو بکەنە ناوچەکە، ئەم کانیە لە بواری مێژوویی و کلتوورییەوە زۆر تایبەتە و گرنگیەکی تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان هەیە و ئەوانەی کە سەردانی کۆسەی هەجیج دەکەن سەردانی کانی بڵیش دەکەن.
مەولەوی شاعیری ناوداری کورد لە شێعرێکیدا ئاماژە بە ئاوی پاکی کانی بڵ دەکا و دەڵێ:
=KTML_Bold=وەشی من یادی ئازیزی دڵەن
دڵپاکیی وێنەی سەرچەمەی بڵەن=KTML_End=
ئەم شێعرەش دەریدەخات کە کانی بڵ لە پێشتریشدا گرنگییەکی تایبەتی هەبووە ئەم مێژووە بە هۆی ئاوگیریی بەنداوی داریانەوە کەوتوەتە مەترسییەوە و شارەزایان دەڵێن بە ئاوگیریی ئەو بەنداوە سەرچاوەی کانی بڵ تا سەد مەتر دەچێتە ژێر ئاوەوە. ئەو بەنداوە هەروها کۆمەڵێک گوند و شوێنی مێژوویی وەکوو گوندی هەجیج دەخاتە ژێر ئاو.
پڕۆژەی بەنداوی داریان لە قۆناغە کۆتاییەکانیدایە و ژمارەیەکی زۆر هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی و پارێزەرانی ژینگە و بەرپرسانی ناوچەکە داوای ڕاگرتنی ئاوگیری بەنداوەکە و ڕزگار کردنی ئەم کانییە بەنرخە دەکەن. ژینگەپارێزانی کوردستان هەوڵی زۆریان بۆ پاراستینی ئەم کانییە داوە. هەرچەند کۆمپانیایەک دەیەوێ بە بەستنی چاوانەی کانییەکە بە کۆنکریت و گوێزانەوەی ئاوی بڵ بە لوولە بۆ شوێنێکی دیکە ئاوی کانی بڵ بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام زانایان دەڵێن کە ئەم کارە ناتوانێ ئاوەکەی بڵ ڕزگار بکات و ئاوی بەنداوەکە لە ڕێگەی بەردە ئاهەکی و کارستییەکانەوە لەگەڵ ئاوی کانیەکە تێکەڵ دەبێ و هیچ کەڵکێکی نیە.یەکێک لە ئەو زیانە گرنگانەی کە بە شوێن تیاچوونی کانی بڵەوەیە، تیاچوونی غارێکی ئاویی درێژ و نایابە کە لە پشت کانیەکەوەیە.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/383652/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=مەراسیمی نالەی دەف و هاژەی بڵ=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=مەراسیمی نالەی دەف و هاژەی بڵ=KTML_ImageCaption_End=
هەر بۆیە خەڵکی ناچەکەو ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی کامپینێکی تایبەت بۆ پاراستنی کانی بڵ بە سەرپەرشتی دکتۆر سەید موختار هاشمی ڕێکخست و ئەو کامپینە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لاپەڕەیەکیان بە مەبەستی بەرگری لەو کانیە دروست کران. جگە لەمە هەندێک کاری گرنگی دیکە کراون و هاواری پاراستنی کانی بڵ گەشتۆتە گوێی پایەبەرزترین بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو پارێزگاری پارێزگای کوردستان وەزیری ژینگە و وەزیری وزەی ئێران.
نوێنەرانی شارەکانی پاوە و کرماشان لە پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی فەرمی ڕێکەوتی 23-07-2014 پێداگرییان کرد لە پاراستنی کانیەکە. هەر لە پێناو بەدەنگەوە هاتنی دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی کانی بڵ لە ڕێکەوتی 15-08-2014دا مەراسمێکی فەرهەنگیی بە ناوی ناڵەی دەف و هاژەی بڵ لە پاڵ کانی بڵدا بە ڕێوە برد کە بریتی بوو لە کۆڕی زیکر و دەف بە مەبەستی پیشان دانی پاڵپشتی بۆ ئەو کانیە ڕێک خرا، کە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە بەشدارییان تێدا کرد و لە کۆتایدا تۆمارگەلێکی درێژیان بۆ پاراستنی ئەو کانییە ئیمزا کرد..
لە 03-05-2015 ژینگەپارێزانی #سنە# و کرماشان بە خۆپیشاندانێک داوایان لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کرد بۆ پاراستنی کانی بڵ هەوڵی تەواوەتی بدەن، لەم خۆ پیشاندانەدا خەڵکانێکی زۆر و زۆرێک لە ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکانی وەک، چرۆ، لاوانی سەوزی #جوانڕۆ#، پاککەرەوەکانی سرووشتی سنە، ژیواری پاوە، کۆمەڵەی سەوزی سنە، چالاکانی ژینگەپارێزی لیلاخ، ئاژوان، کامیاران و چیای #مەریوان# تێیدا بەشدار بوون، لەم چالاکییەدا کە لە حەوشە مەزارگەی کۆسەی هەجیج بەڕێوەچوو، کۆمەلیک ووتارو شیعرو پەخشان خوێندرانەوەو چەند پارچە میوزیکی بە دەنگی هونەرمەندان یەدوڵلا نەسیری و عادل نادری پێشکەش کران.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/383652/0003.JPG=KTML_ImageCaption_Title=گردبوونەوە بۆ ڕزگارکردنی کانی بڵ=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=گردبوونەوە بۆ ڕزگارکردنی کانی بڵ=KTML_ImageCaption_End=
هەر لەو پەوەندیانەدا لە ڕێکەوتی 17 ئازار سەرپەرشتی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران بە مەبەستی تاوتوێ کردنی کێشەی وردیلەکانی تۆز و خۆڵ و ژینگە سەردانی کرماشانی کردووە.
دیمەن و سەرنج ڕاکێشی ناوچەکەو بە هۆی بوونی ئەم کانیەو چەندین شوێنەواری تر لە دەوروبەری وای کردووە، شوێنەوارناسان بەردەوام سەرقاڵی گەڕان بن بە دوای دۆزینەوەی شوێنەواری نوێ هەر لەو میانەیەدا لە تشرینی یەکەمی 2014دا ئەشکەوتێکی ئاوی لە پاڵ کانی بڵدا دۆزرایەوە کە دەوترێ درێژایی زۆر لە ئەشکەوتی قوڕەقەڵا زیاترە.
ئەشکەوتی قوڕەقەڵا گەورەترین ئەشکەوتی ئاوی ئاسیایە، کەوتووەتە دووری 87 کم لە باکووری ڕۆژئاوای کرماشان (لەسەر ڕێی کرماشان-پاوە) و 25 کم دوورە لە شاری پاوەوە و 23 کم باکووری شاری جوانڕۆ، لە نزیک گوندی قوڕەقەڵا سەر بە شارۆچکەی ڕوانسەر، ئەم ئەشکەوتە لە دەرەی مەڕان واتە دەرەی ئەشکەوتانە جێگایەکی زۆر ڕازاوە و پڕ لە دار و درەختە. یەکێکە لە نایابترین ئەشکەوتەکانی کسڵ(ئاهەک)ە.
هەتا ئیستا نزیکەی 13کم ئەم ئەشکەوتە لە لایەن ئەشکەوتوانانەوە دەر کەوتووە و هێشتا نەگەشتوونەتە کۆتایی ئەشکەوتەکە. ئەم ئەشکەوتە خاوەنی چەندین تەلارە لەوانە: تەلاری بووک (عەرووس)، تەلاری زینەخ (بەرزەخ)، کە لە تەلاری بووک نزیکەی 25 دانە لە ستالاکمیت و ستالاکتیتەکان بە شێوەی سەیوانی بەرەوخوار دەبینرێت کە شێوازێکی جوان دەنەخشێت
هەرچەند زیاتر ڕۆچینە ئەم ناوچەیە زیاتر سەرسام دەبێن بە سروشتی جوان و شوێنەوارە مێژوویەکانی، گرنگی شوێنکەوتی جیۆگرافی ناوچەکەو بەستنەوەی دوو ووڵاتی وەک ئیران و ئێراق یەکێک دیە لە تایبەتماندیەکانی هەربۆیە بۆ هەردوو ووڵات بە ناوچەیەکی گەشتیاری دلڕفێن هەژمار دەکرێت، بەش بوونی خاکی کوردستان لە نێوان ووڵاتاندا زۆرێک لەم ناوچانەی بە وونی لە دیدی کوردستانیان هێشتۆتەوە، جگە لە بوونی جەنگ و کاولکاریەکان، هێشتا زۆرێک لە شوێنەوارە مێژوویەکان لە سایەی دڵسۆزی خەڵکی هەورامان و پابەند بوونیان بە مێژوو کەلتوری خۆیانەوە وەک خۆیان ماونەتەوە.
لێرەدا ماوە بڵێین کانی بڵ دوای دروست کردنی بەنداوەکە هێشتا دیمەنی جوانی خۆی لەدەست نەداوە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بوونی بەنداوی داریان نابێتە هۆی لە ناوچونی، دڵەڕاوکێی خەڵکی هەجیج بە لە دەستدانی ئەو سامانە گەورە سروشتیەی هەیانە هێشتا بەردەوامە لە کاتێکدا بەنداوەکە دوای لێکۆڵینەوەی پسپۆڕان بۆ کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە سوودی زیاتر دەبێت.