28 ڕێکخراو چەند داواکارییەکیان لە سەر دۆخی کرێکاران ئاڕاستەی حکومەت کرد و داوای دابین کردن بیمە و قەرەبووکردنەوەی مووچەی فەوتاوی کرێکارانیان کرد.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ئەمڕۆ کۆبەندی ڕێکخراوەکان، کە 28 ڕێکخراوی کرێکاریی و کۆمەڵگەی مەدەنیی پێکهاتووە، لە پارکی نالی لە شاری #سلێمانی#، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا، حەمە هەژار، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیانی، ڕاگەیەندراوی ئەو کۆبەندەی خوێندەوە و چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەت کرد، داواکارییەکان بریتین لە:
دەبێت حکومەت مووچەی کرێکاران دوانەخات و لە کاتی خۆیدا بۆیان دابین بکات.
پێویستە حکومەت و کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت قەرەبووی مووچی فەوتاوی کرێکاران بکەنەوە.
پێویستە حکومەت هەموو خزمەتگوزارییەکان تەندروستی و خۆپاراستن لە نەخۆشی بۆ کرێکاران دابین بکات.
یاسای کار کارا بکرێت و چاودێرتی دۆخی کرێکار بکرێت.
مووچە پاشکەوتەکان یان بە پسوڵە یان لە ڕێگای بانکەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ کرێکار.
دەبێت حکومەت بیمەی کار بۆ کەسانی بێکار بە ژن و پیاوە سەروو 18ساڵ دابین بکات.
حکومەت پێویستە لە باج و پارەی ئاو و کارەبای هاوڵاتیان خۆش بێت، خاوەن موڵکەکانیش لە کرێی دوکان و خانووەکان خۆش بن.
-دەبێت سەرمایەداران کەرتی تایبەت بە پێی یاسا پابەند بن بە پاراستنی مافی کرێکاران.[1]
#01-05-2020#