رێبازێکی کەلامیی فیکری ئیسلامییە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی سێیەمی کۆچی سەری هەڵدا، واتە سەردەمی حوکمی خەلافەتی عەباسی، ناو نرا بە (کەرامیزم)، بەهۆی ناسناوی ئیمام و دامەزرێنەکەی، ئەویش موحەممەدی کەرامی سیجیستانی (م255ک). سۆزێکی زۆریان هەبوو بۆ (موعاوییەی کوڕی ئەبوو سوفیان)، تەنانەت ئاماده بوون هەموو شتێک بکەن، دەق دروست بکەن، تەنیا بۆ باڵابوونی موعاوییە. لەتەک ئەمەیشدا ئیمام عەلی کوڕی ئەبوو تاڵیبیان بەوە تۆمەتبار کرد، گوایە دەستی هەبووە لە شەهیدکردنی (عوسمانی کوڕی عەفان)، بەڵگەیشیان ئەوە بوو، ئەگەر ئەمە ڕاست نییە، ئەی بۆچی ئیمام عەلی تۆڵەی لە بکوژانی عوسمان نەکردەوه؟ تەنانەت بکوژانی عوسمان دواجار بوون بە بەشێک لە لەشکری ئیمام عەلی، لە شەڕی جەمەل و سەففین!
کەرامیزم سەرەتا لە شاری سیجستان بڵاو بووەوە، پاشان پەلی کێشا بۆ شارەکانی غرجستان و وافشین، ئینجا باشترین شانس لە شاری نەیشاپوور چاوەڕێی کردن.
زۆر جار وەک پاشکۆ، یان وەک نزیک ئیعتیقاد لە ڕێبازی مورجیئە ناو دەبرێن، بەڵام ئەگەر ورد بینەوە، دەبینین هیچ لێکچوونێکی قووڵ و درێژ لەنێوان ئەم دوو ڕێبازە بەدی ناکرێت، ئەگەرچی لە بەشێک لە ئیعتیقاد و ئیجتیهادەکان هاوڕان، ئەمەیش ئاساییە، چونکە زۆر ڕێبازی تر هەیە لە بەشێک لە شتەکان لێکچوون هەیە، ئەمەیش دواجار سیمبولی ئەوەیە، حەقیقەت شتێکی ڕێژەییە.
هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم ڕێبازە، دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونی ڕێبازە کەلامییەکان و تیۆرە فەلسەفییەکان، لە سەردەمانی حوکمی عەباسی، گەورەبوونی شار و وەرگێڕانی نووسین و هزر و فەلسەفەی یۆنانی و هندۆسی، تێکەڵبوونی عەرەب لەگەڵ نەتەوە و کۆمەڵگاکانی تری کولتوور جیاواز، ئیدی ڕا و بۆچوون و تیۆری تازە سەریان هەڵدا، جا لەبەر ئەوەی ڕێبازی کەرامیزم سادە و ساکار دەچووە گوێچکەی خەڵک، بەئاسانی زۆر خەڵکی لەدەوری خۆیدا کۆکردەوە.
دیارترین شت کە کەڕامیزم کاریان لەسەر کرد، جەستەیی بوونی خودایە، خودا لە وێنەی ئینسانێک، یان ڕاستتر بڵێین ئینسان لە وێنەی خودایە، واتە ئینسان کۆپیی خودایە، خودا لە ئاسمانەوە، لە بان عەرش دانیشتووە و چاودێریی ئینسان دەکات، پاشان شێوە و سیمای ئیمام موحەممەد کەرامی لە زوهد و وەرع و تەقەشوف، خەڵکێکی سەرخستیار و شوێنکەوتەی زیاتری وەدوای خۆیدا دەهێنا.
پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سوڵتانەکان، کەرامیزمی بەره و گەورەبوونی زیاتر و خێرا برد، سوڵتان (مەحمود کوڕی سەبکەتین)، هەروەها کوڕەکەی سوڵتان (محەمەد)، زۆرترین یارمەتی و کارئاسانییان کرد، ئاخر کەرامیزم وەفا و وەلا و ئینتیما و ئیتاعەی سوڵتانەکانیان، لە پێشی پێشەوەی زەڕووڕاتی ئایینی دانابوو.
سەدەی شەشی کۆچی بە سەردەمی ئاڵتوونیی کەرامیزم دەژمێردرێت، بە ئیمامەتیی هەر یەک لە ئیمام (ئیسحاق کوڕی مەحمەش)، کوڕەکەی ئیمام (ئەبوو بەکڕەن)، پاشان لەدوای ئەوان ئیمام (موحەممەد کوڕی هەیسەم)، ئیتر پاڵپشتیی سوڵتانەکان و ڕێگەئاسنکاری و یارمەتیدانی دارایی و مەعنەوی، لەگەڵ ئەوانەیش پاڵپشتیی سوڵتان (تەغڕەڵ بەگی سەلجووقی)، ئەویش هاتە سەر ئیعتیقادی ئەم ڕێبازە، ئیتر زیاتر و زیاتر بڵاو بووەوە.
بنەماکانی ئیسلامی کەرامیزم
بنەمای یەکەم: ماهیەتی خودا..
خودا جەستەیە، واتە بەرزی و پانی و قووڵیی هەیە، چەشنی هەر جەستەیەکی دیکە، بەڵام لە هیچ جەستەیەک ناکات، نەخاسمە لە دروستکراوەکانی خۆی، سا جەستەی خودا زۆر گەورەیە، بەڵام یەکە، واتە لە ڕووی ژمارەوە یەکە، لە خودی خۆیدا یەکە، لە کردارەکانیدا یەکە، لە ڕووخساردا یەکە، ئەم یەکانەییەی خودا دەرفەتی گومانی تێدا نییە.
بە بڕوای کەرامیزم، کەینونەت و قەبارەی خودا حەددی هەیە، واتە سنووری هەیە، ئاخر ئەگەر جەستە بێت، هەموو جەستەیەک سنووری هەیە، لە شوێنێک دەست پێدەکات و لە شوێنێ کۆتایی پێ دێت، ئینجا سنووری خودا قابیلی جیگۆڕکێیە، دواجار ملکەچی قانوونی زەمەن و ئینتیقال دەبێت.
لەبەر ئەوەی خودا جەستەیەکی زەبەلاح و مەزنە، یان بڵێین گەورەترە لە مەجەڕەیەک، هەر ڕووداو و کارەسات و کردراێک لە گەردوون ڕوو بدات، ئەوا خودا مەنزڵگای ڕووداوەکانە، واتە هەموو ڕووداوەکان دەچنە نێو زاتی ئیلاهی. ئەم ئیعتیقادە ئەگەرچی هەموو کەرامیزم باوەڕیان پێی نییە، بەڵام لە سەرەتای سەرهەڵدانی زۆر بەربڵاو بوو، بەڵام لە ترسی حلوول و ئیتیحاد، یان یەکانەیی بوون –پانتیزم- زۆربەیان لێی پاشگەز بوونەوە.
لە دیدی کەرامیزمدا، خودا وەک هەر شتێک و جەستەیەک شوێنێک لە بۆشایی داگیر دەکات، وەزن و کێش و بارستاییشی هەیە، خودا لەسەر عەرش دانیشتووە، وەک هەر کەسێک لەسەر تەختێک دابنیشێت، بە شێوەیەکی ماددیی حەقیقی و واقیعی، فریشتەکانی هەڵگری عەرشی ئەعزەمیشی، لە کاتی تووڕەبوونی خودا هەست بە قورسایی کێشی دەکەن، بەڵام کاتێ تەسبیحاتی خوا دەخوێنن، کێشەکە لەسەر سەریان سووک دەبێتەوە.
بەلای ئەوانەوە، خودا دەست و قاچ و چاو و پەنجە و ڕوخساری هەیە، بەڵام ئەم تایبەتمەندییانەی خودا لە هیچ بوونەوەرێکی ناکات، لە ئایەتی (11) سوڕەتی (ئەلشوڕا)، کاتێک باسی زاتی ئیلاهی دەکات، بەم شێوە ڕەوانبێژییە دەیبڕێنێتەوە، دەفەرمووێ: ئه و بێ وێنەیە.
ئینجا کەرامیزم گوتیان: خودا دەبیندرێت، لە دونیا و لە حەشر و لە بەهەشت، ڕاستە پەیامهێن (مووسای کەلیموڵا) نەیتوانی بیبینێت، بەڵام پەیامهێن (موحەممەد) لە شەوی میعراج بە عەینی موجەڕەد خودای بینی، گفتوگۆی لەگەڵدا کرد، تەنانەت بەبێ بوونی هیچ نێوەندی و پەردەیەک.
توانای خودا سنووردارە، نەک لە ڕووی چەندییەتی، بەڵکوو لە ڕووی چۆنییەتی، بۆ وێنە: خودا لە توانایدا نییە دووبارە جەست و جەوهەرەکان بنیات بنێتەوە، بەڵام لە توانایەتی له سەرەتاوە دروستیان بکات، ئەمەیش پرسێکی کەلامیی زۆر وردە، زۆر لە موتەکەلیمەکان تێی کەوتوون، بەهۆی کەم حاڵیبوونەوە.
بنەمای دووەم: ئیمام شەرعیەت لە خەڵک وەردەگرێت..
ئیمامەتی سیاسی، شەرعییەت لە خەڵک وەردەگرێت، پێویستی بە دەقی قورئان و سوننەت نییە، چونکە ئیمامەت شتێکی دونیاییە، کاتێک کۆمەڵێک خەڵک هاوڕا، دەنگ دەخەنە پاڵ یەکتر، بۆ دانانی کەسێک بە خەلیفەی #موسڵ#مانان، بەیعەتی پێ دەدەن، ئەوسا دەبێتە خەلیفەی شەرعیی موسڵمانان، واجبە لەسەر کۆمەڵی موسڵمانان گوێڕایەڵیی بکەن لە هەموو شتێک، تەنیا ئەگەر فەرمانی بە مەعسیەت و گوناه کرد، بۆ موسڵمانان هەیە بوەستن و له و پرسە بە تەنیا گوێڕایەڵیی نەکەن.
دروستە لە ڕووی شەریعەتەوە دوو ئیمام یان زیاتریش هەبن، بەمەرجێ هەر یەکێک بەتەنیا سنوورێکی جوگرافیی تایبەت حوکم بکات. من وا دەزانم ئه و ئیعتیقادەی ڕێبازی کەرامیزم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێ ئیمام عەلی حوکمی خەلافەتی عێراق و جەزیرەی عەرەبیی کەوتە دەست، موعاوییەی کوڕی ئەبوو سوفیان خەلافەتی شام و میسڕ و ئەفریقیای ڕاگەیاند، لەپای ئەوەی بتوانن شەرعیەت بدەنە خەلافەتی موعاوییە، بیخەنە بازنەی ئیسلام، سا ئەم جۆرە ئیعتیقاد و ئیجتیهادەیان خستە بازاڕی کەلامی و فیکری ئیسلامی سیاسی.
بنەمای سێیەم: پێشخستنی عەقڵ بەسەر نەقڵ..
عەقڵ دەزانێ چی باشە، عەقڵ دەزانێ چی خراپە، ئەوەی باش بێت دەبێتە حەڵاڵ لە ڕووی عەقڵەوە، ئەوەی خراپ بێت دەبێتە حەرام لە ڕووی عەقڵەوە، جا گرنگ نییە دەقی قورئان و سوننەت هەیە یان نا، چونکە عەقڵ بەڵگەیە بەسەر هەموو تاکێکی موسڵمانی موحەممەدی، بەڵام دەقە شەرعییەکان بەڵگەن بەدەست هەموو موسڵمانانی موحەممەدی.
تەنانەت ناسینی خودایش پێویستە لە ڕێگای عەقڵ بێت، ئەگەرچی دەقەکانیش هەبن، لێرەوە دەق دەبێتە دوای عەقڵ، خۆ ئەگەر دەقێک پێچەوانەی عەقڵی سادە و سەلیم بێت، دەقەکە وەرناگیرێت.
بنەمای چوارەم: هەموو موسڵمانێک دەچێتە بەهەشت..
کەرامیزم باوەڕیان بە فیرقەی ناجی نییە، باوەڕیان بەوە نییە حەفتا و سێ ڕێباز هەبن و تەنیا یەکێکیان بچێتە بەهەشت، وەک فەرموودەکە هاتووە، ئینجا زۆربەی زۆری موسڵمانانی باوەڕیان پێیەتی! لە دیدی کەرامیزم، هەموو موسڵمانێک دەچێتە بەهەشت، بەڵام درەنگ و زوو، ئه و موسڵمانانەی تاوانبارن بە گوناهی گەورە، تاوێک یان چەند کاتێک لە دۆزەخ دەسووتێن، پاشان دەهێنرێنەوە بەهەشت، ئیدی خودا کەسیان لە سۆز و میهرەبانیی خۆی بێ بەش ناکات.
بنەمای پێنجەم: پەیامهێنان گوناهی گەورە دەکەن..
بە بۆچوونی کەرامیزم، پەیامهێنان وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی گوناهی گەورە و گوناهی بچووک دەکەن، قورئان و تەواوی کتێبە پیرۆزەکان باس لە گوناه و هەڵەی تەواوی پەیامهێنان دەکەن، لە گوناهی گەورە و ئاشکرا تا گوناهی بچووک و نهێنی. لە ئایەتەکانی (1-2) سوڕەتی (ئەلفەتح)، قورئان دەربارەی پەیامهێن موحەممەد، فەرمووی: ئێمە کرانەوەیەکی ئاشکرامان بۆت کردەوە تا خودا لە گوناهی ڕابردوو و داهاتووت خۆش بێت، نازی خۆی بەسەرت تەواو بکات، ڕێنوێنیی ڕێگای ڕاستت بکات.
بەڵام هیچ پەیامهێنێک درۆ لە گەیاندنی پەیامی ئیلاهی ناکات، مەعسومیەتی پەیامهێنان لە گەیاندنی پەیامە ئیلاهییەکەیانە، ئایەتی (67) سوڕەتی (ئەلمائیدە) فەرمووی: ئەی پەیامهێن ئەوەی لای پەروەرینت بۆت دابەزیوە بیگەیەنە، ئەگەر وا نەکەی، ئەوا پەیامی ئەوت نەگەیاندووە، سا خودا لە خەڵک دەتپارێزێت...
بنەمای شەشەم: هیچ سرووت و کارێک پێویستی بە نیەت نییە..
نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج، سەدەقە و خێر و چاکەکاری پێویستیان بە نیەتهێنان نییە، ئه و ڕۆژەی مرۆڤ دێتە بازنەی ئیمان و ئیسلام، نیەتی تەواوی شتەکانی بووە، بۆیە داخڵ بووە، جگە لەوەیش نیەت مەنزڵگای دڵە، کاتێ مرۆڤ دەچێ دەستنوێژ هەڵدەگرێ، نیەتی نوێژە، جا نوێژکردنەکە نیەتی بۆچییە، ئەمە زیادە، هەموو شتێکی زیادیش بۆ موسڵمان حەرامە.
بنەمای حەوتەم: ئیمان تەنیا بە زمانە..
پێچەوانەی هەموو ڕێبازە ئیسلامییەکان، لای کەرامیزم ئیمان تەنیا بە زمانە، واتە ئەگەر مرۆڤ بە دڵ کافر بێت، بەڵام بە زمان موسڵمان بێت، ئەوا هەر بە موسڵمان دەژمێردرێت، جگە لەوەیش ئەگەر مرۆڤ بە دڵ و بە کردار کافر بێت، بەڵام بە زمان موسڵمان بێت، ئەوا هەر بە موسڵمان دەژمێردرێت. لە دیدی ئەوان زمان دواجار وتەبێژی فەرمیی ئینسانە بە کامڵی و بەبێ بەش بەشی.
ئیمان تەنیا ئیقرارە له سەرەتا، ئەوەی چەندین جار ئیمان دەهێنێتەوە بۆی هەژمار ناکرێت، تەنیا ئەگەر تووشی هەڵگەڕانەوە بێت. هەر کەسێک بە زمان ئیمان بە خوا و بە پەیامهێن بهێنێت، موسڵمانە ئەگەر کوفری بە قورئان و تەواوی کتێبە پیرۆزەکانیش کرد، ئیمان پێویستی بە مەعریفە نییە، بۆ ئەوەی بیزانی ئینجا بیخوێنیتەوە[1].