مامۆستا حەمەڕەحیم ڕەمەزان کە زیاتر لە نیو سەدەیە لەبواری ئەدەبیات و نوسین و ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیاتی مناڵاندا کاردەکات. مامۆستایەک کە هەموو تەمەنی بۆ بواری ئەدەبیات و پەروەردە تەرخان کردووەو بەتایبەتیش پەروەردەکردنی منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵان. بەرهەمەکانیش لە زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوەو بە زمانێکی پاراوو جوان بۆ منداڵان دەنوسێت و تەنیا ئامانجی پێشکەوتنی منداڵانی نەتەوەکەیەتی و گۆشکردنیان و شارەزاکردنیانە بە زمانی شیرینی کوردی. هەربۆیە گۆشەیەکی جوانی زمانەوانی لە گۆڤاری پەپوولەدا هەبوو بۆ ئەو مەبەستەو بەداخەوە لەئێستا باری تەندروستی ڕێگەی پێنادات خزمەتی زیاتر پێشکەش بە منداڵانی کورد بکات. بەڵام هەمیشە دڵی لای ئاسودەیی و بەختەوەرییانە.
حەمەڕەحیم ڕەمەزان لەساڵی 1944 لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە. سەرەتای خوێندنی لە حوجرەی مەلا ئەوڕەحمان لە گەڕەکی مەڵکەندی خوێندووە، دواتر قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستاتیانی لەشاری سلێمانی تەواو کردووە.
سەبارەت بە ئاشنابوونی بە دنیای خوێندنەوە دەڵێت: لەپۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم، لەبەر سەراوە بۆ لای خەستەخانەی گەورەوە ئەڕۆیشتم، قوتویەکی قوپاوی بەتاڵم بینی، بە شەق لەلای سەراوە بردم بەرەو خەستەخانە، تەق و هوڕێکی زۆرم خستبووە ئەو ناوەوە، لەو کاتەدا دوو ئەفەندی پێیان وتم: ئەرێ ئەو تەق و هوڕەت لە چییە؟ ڕەفیقی تۆ ئێستا لە کتێبخانە کتێب ئەخوێنێتەوە. ئەمە بۆ من بوو بە وانەیەکی زۆر جوان، ژیانی منداڵی گۆڕیم، بۆ بەیانی چووم بۆ کتێبخانەی گشتی، کە لە خوار خەستەخانەی گەورەوە بوو، داوای کتێبێکم کرد بیخوێنمەوە. ئەوانیش (فرمێسک و هونەر)ی مامۆستا گۆران یان پێدام. چێژم زۆر لێبینی. ئەمە بوو بە هۆکاری ئەوەی بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە بم.
لە ڕۆژی 22-2-1967 لە شارۆچکەی سەنگەسەری پشدەر بووە بە مامۆستاو هەتاکو ساڵی 1972 لە ژیانی مامۆستاییدا لەم شوێن و جێگەیانەدا وانەی وتوەتەوە:چوارتا، خورماڵ، سەراوی سوبحاناغاو چەندین شوێن و ناوچەی دیکە.
ساڵی 1971 بەهۆی کاک (جیهان عومەر)ی هاوڕێیەوە، بووە بە ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کوردو تا ئێستاش ئەندامە، لەهەمان ساڵدا بووە بە ئەندامی (کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی) و لەدوای ڕاپەڕینیشەوە بووە بە ئەندامی یانەی قەڵەم.
لەساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەو دواتر لە نەوسودی ئێران لەگەڵ (11) مامۆستادا قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی کوردی باشوری کوردستان کردۆتەوە تاکو لە خوێندن دانەبڕێن.
لەساڵی 1982 دا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوەو بۆ ماوەی (3) ساڵ بەند بووەو دواتر ئازاد کراوەو چۆتەوە سەر کارەکەی خۆی و بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەو دوای ڕاپەڕینیش بووە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
ئەم نوسەرە لەساڵانی هەشتاکاندا کاری لە ڕۆژنامەگەری منداڵاندا کردووەو لە تەلەفزیۆنی کەرکووک پێشکەشکاری بەرنامەی مناڵان بووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: لەساڵانی 1984 بوو، تەلەفزیۆنی کەرکووک ڕایگەیاند کە هەرکەسێک لەخۆی ڕائەبینێ بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی مناڵان با سەردانی تەلەفزیۆنەکەمان بکات. ئەوکات کاک هاشم جەباری هاوڕێم لەوێ بیژەر بوو، وەڵامم بۆ نارد، کە من دەتوانم ئەو بەرنامەیە پێشکەش بکەم، دوای چەند ڕۆژێک وەڵامی لێگێڕامەوە، کە ڕازی بوون، بەرنامەکە پێشکەش بکەم. بۆ ئەو مەبەستەش کاک ئەحمەد عیزەددین ی وێنەگر، لەگەڵ کاک هاشم جەباری هاتن بۆ سلێمانی و چەند قوتابخانەیەکم لە شاری سلێمانی ئامادەکرد، هەموویان بە پۆشاکی کوردییەوە ئامادە بوون، بردمن بۆ لای دار بەڕووەکانی بناری چیای گۆیژە، لەوێ یەکەم بەرنامەی (جگەرگۆشەکان)م تۆمارکرد. هەر لەیەکەم ئەڵقەوە دەنگ و سەدایەکی باشی هەبوو، بینەرێکی باشی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. دواتر لە شارو شارۆچکەکانی (هەڵەبجە، قەڵادزێ، ڕانیە، کۆیە، دوکان و چەمچەماڵ) درێژەم بە تۆمارکردنی بەرنامەکە دا، هاوکات بەرنامەیەکی تریشیان پێسپاردم بەناوی (بەهرەو زانین)، ئەمیش بەرنامەیەکی پێشبڕکێ بوو لەنێوان ئامادەیی و خانەی مامۆستایان و پەیمانگەی هونەرەجوانەکاندا.
سەبارەت بە هۆکاری ڕاگرتنی بەرنامەکانی مامۆستا وتی:دوای کۆتایی هێنانی گفتوگۆی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕژێمی عێراق، بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی کەرکووک، کە ناوی (محەمەد ڕەزا) بوو، داوای لێکردم، کە ئیتر نابێت بەمشێوەیە بەرنامەکان تۆمار بکەم و دەبێ گۆڕانکاری تیا بکەم، پێی وتم: تۆ هەتاکو ئێستا نزیکەی (40) بەرنامەت تۆمارکردووە، بۆ یەکجاریش باسی سەید ڕەئیست نەکردووە. ئێمە ئەمانەوێ لەمەولا خۆشەویستی سەید ڕەئیس لە دڵ و دەروونی منداڵاندا بچەسپێنی، منیش پێموت: با بیری لێبکەمەوە، وەڵامت ئەدەمەوە. ئیتر وازم لە بەرنامەکان هێناو نەچوومەوە بەلایدا.
ساڵی 2007 وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی خانەنشین کراوەو هەر لەو ساڵەوە باری تەندروستی ناچێگیرەو تاکو ئێستا لە ماڵەوەیە.
کتێبە چاپکراوو چاپ نەکراوەکانی لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا:
مامۆستا لەژیانیدا خاوەنی (18) کتێبی چاپکراوەو شەش کتێبی تریشی ئامادەیە بۆ چاپ و بەو هیوایەیە ئەوانیش بە چاپ بگەیەنێت، سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووی دەڵێت: باری تەندروستیم باش نییەو ناتوانم کارەکانم جێبەجێ بکەم، ئەگینا زۆرم حەز ئەکرد ئەو کتێبانەی بۆ چاپکردن ئامادەم کردوون بە چاپم بگەیاندایە.
کتێبە چاپکراوەکانی مامۆستا لەبواری ئەدەبیاتی مناڵان بریتین لە:
1-(زەردو سورو شەمامە – چیرۆک بۆ مناڵان)،
2-(هەللور بلور – چیرۆک بۆ مناڵان)،
3-(نیشتمانێکی زیندوو – چیرۆکە هەڵبەست بۆ مناڵان)،
4-(مێروولەیەکی با بردوو – چیرۆکی مناڵان)،
5-(دە چڵ نێرگز - چیرۆکی زانستی بۆ مناڵان)،
6-(پەلکەزێڕینە- چیرۆک بۆ مناڵان)،
7-(منداڵ و چیرۆکی منداڵان – لێکۆڵینەوە)،
8-(100 یاری بۆ منداڵان)،
9-(نێرگزەجاڕ- چیرۆک بۆ منداڵان)،
10-(کاڵێ و گەوهەری بەخت – چیرۆک بۆ منداڵان)،
11-(هاونازو خاڵخاڵۆکە، لەگەڵ خاتوو کازیوە ساڵح دا، دوو چیرۆکە لەسەر مین).
کتێبە چاپنەکراوەکانی بۆ منداڵان :
1-(پێشەنگ و سێبەرەکەی- چیرۆک بۆ منداڵان)،
2-(هەڵاڵە برایمە- چیرۆک بۆ منداڵان)،
3-(گوڵاڵە سوورە – هەڵبەست و چیرۆک بۆ منداڵان)،
4-(لە وڵاتی ماسییە وردەکان- چیرۆک بۆ منداڵان).
ئامادەکردنی: ئەدەبیاتی منداڵان
سەرچاوە: گۆڤاری ڕۆژی سلێمانی، ژمارە (30)ی زستانی 2019، دیدار لەگەڵ حەمەڕەحیم ڕەمەزان، چاوپێکەوتنی بەیان محەمەد. [1]