دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
هاوشێوەی #جەژنی ڕەمەزان#ی ساڵی ڕابردوو گەشتوگوزاری هەرێم چاوەڕوانی گەشتیارانی ناوچەکانی خوارووی عێراقە، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، داخستنی ڕێگە سەرەکیەکان کاریگەری هەیە لەسەر کەمبونەوەی گەشتیار، بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری سلێمانیش ئاماژە بەوەدەکات سزای ئه و خواردنگانە دەدەن کە لە جەژندا دایدەخەن.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیاران لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە ڕوو لە هاوینەهەوار و سەیرانگاکانی هەرێم بکەن.
فەرمانگەکانی گەشتوگوزاریش ئەگەرچی چاویان لەسەر ئه و ڕێگرییانەیە کە هۆکارە بۆ کەمی هاتنی گەشتیار، بەڵام ڕایدەگەیەنن ئامادەکاری و هەماهەنگی پێویستیان بۆ پێشوازی ئەنجامداوە.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە جەژندا، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە گەشتوگوزار کۆبوینەتەوە و هەماهەنگیمان هەیە، چەند لیژنەیەکیش پێکهێنراوە بۆ پێشوازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی لە شوێنە گەشتیارییەکان، هەروەها ڕێبەری ئەلیکترۆنی و کاغەزیمان بۆ گەشتیار هەیە، کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە بۆ ئەوەی بدرێنە ئوتێل و شوێنە گەشتیارییەکان.
وتیشی ئەگەر بارودۆخەکە وەک ئێستا ئارام بێت، ڕەنگە ژمارەی هاتنی گەشتیار وەک جەژنی ڕەمەزانی 2017 بێت، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە جەژندا 243 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێم.
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم هاتنی گەشتیارن بۆ هەرێم ڕوستی باس لەوە دەکات، ئەگەر ڕێگاکانی هەولێر-کەرکووک و دهۆک-موسڵ بکرێنەوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتیارانی ناوچەکانی خواروو دەکرێت، ڕەنگە ژمارەی گەشتیاران زۆر بەرز بوایە.
رۆستی ئاماژەشیدا، هەروەها ڕسوماتی ئێران کە بەسەر هاوڵاتیانی خۆیدا دەسەپێنێت، لە گەشتی سەرەتایی 230 هەزار تمەن و لە گەشتی دووەمدا 440 هەزار تمەن و لە گەشتی سێیەمدا 400 هەزار تمەن وەردەگیرێت کە ئاستەنگێکی سەرەکییە.
هەروەک وتیشی لە سنوری هەرێمیش بڕی 25 هەزار دینار لەهەر گەشتیارێک وەردەگیرێت، کە بۆ گەشتیار زۆرە، ئەمانە کێشەن لەبەردەم هاتنی گەشتیار، بەڵام گەشتیارەکانی هەرێم لە 80%ی خەڵکی ناوچەکانی خوارووی عێراقن، هەماهەنگیشمان لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە و ئەوانیش ئامادەکارییان کردووە بۆ هێنانی گەشتیار، بەڵام پێدانی ڤیزا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
هەر لەمبارەیەوە مستەفا حەمە ڕەحیم، بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری لە گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی تیمی پێشوازی لە گەشتیاران پێکهێنراوە و بەسەر بازگەکاندا دابەشکراون، هەروەها سەنتەری زانیاریی و تیمی بەدواداچوون بۆ خواردنگەکانی ناو شار هەیە، بۆ ئەوەی لە جەژدا بکرێنەوە و ڕێنمایش بەسەر گەشتیارانیدا دابەشدەکرێت.
بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری ئاماژەی بەوەشکرد خاوەنی خواردنگەکان بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە کە لە جەژنیشدا بیکەنەوە، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن بەوەی لە ساڵێکی تر ڕێگەیان پێنادرێت لە ڕەمەزاندا بیکەنەوە.
کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاریی ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە هێنانی گەشتیار بۆ هەرێم و ڕێنوێنی کردنیان، ساڵانە لە بۆنەکان ژمارەیەکی زۆر لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە دێنە هەرێم.
ئەحمەد عبدوڵا، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سمارت تراڤڵ بۆ کاروباری گەشتیاری بە دواڕۆژی وت مامەڵە لەگەڵ ئه و گەشتیارانە دەکەین کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دێنە هەرێم و دەچنە ئوتێلی چوار یان پێنج ئەستێرەیی، ئێستا ژمارەیەک گەشتیارمان هەیە کە دەیانەوێت بێنە سلێمانی، دواتر دەچنە ناوچەی هەورامان و ئەحمەدئاوا.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، مامەڵە لەگەڵ ئه و گەشتیارانە ناکەین کە دەچنە ئوتێلی دوو یان سێ ئەستێرەیی و پارەیەکی کەم دەدەن، گەشتیار بە فڕۆکە دەهێنینە هەرێم، ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشتیار وەک ساڵی ڕابردوو بێت.[1]
#14-06-2018#