ڕۆژی یەکشەممە 10ی 9ی 2017 لە سەلاحەدین ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی #مەسعود بارزانی# و ئامادە بوونی #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی# و ئامادەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسییەکان و دوایین هەڵوێستی ناوخۆ و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها سەردانەکەی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان پارتی و یەکێتی لە 10ی سێپتێمبێری 2017 بۆ کارا کردنەوەی پارلەمانی کوردستانیان بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی گرنگ و نیشتیمانی و مێژوویی وەسف کرا و ئومێدی ئەوە خوازرا کە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتر بوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای ڕاگۆڕینەوە و گوێ گرتن لە تێبینی و پێشنیاری لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێوشوێنە پڕاکتییەکانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:
یەکەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاری کراوی خۆی لە 25ی سێپتێمبێری 2017 لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکاتەوە و هەموو ئەو دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن.
دووەم: کۆبوونەوەکە بە ڕەچاو کردنی دۆخی هەستیاری کوردستان جەختی لە پێویستیی یەکڕیزی و هاودەنگیی نیشتیمانی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ هەڵمەتی هاوبەشی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم کردەوە.
سێیەم: کۆبوونەوەکە تەئکیدی لە پاراستن و ڕەچاو کردنی ماف و داواکاریی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا کردەوە و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لیژنەی تایبەت بە زەماناتی پێکهاتەکان خرایە بەر باس و داوا لە سکرتاریەتیی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کرا کە داواکارییەکان یەک بخات و کۆبوونەوەکە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواکاریی پێکهاتەکان دەربڕی.
چوارەم: حزب و لایەنەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێککەوتن کە ڕۆژی پێنجشەممە 14ی 9ی 2017 پارلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بکاتەوە.
پێنجەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئیجرائات و هەنگاوە پڕاکتیکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووپات دەکاتەوە و داوایش لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکان دەکات کە هاوکاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بن.
شەشەم: ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم داوا لە ڕێکخراوە بیانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە بەشدار بن لە چاودێری کردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان.
10-09-2017