دەیان هەزار گەشتیار لە #عێراق#ەوە بۆ پشووی جەژن چوونەتە #باشووری کوردستان#، هۆتێل و میوانخانەکان قەرەباڵخییان لە سەرە لە بازگەکاندا کارمەندانی گەشتوگوزار هاوکاری گەشتیاران دەکەن هاوکات پشکنینی ورد دەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئاسایش.
ئەمساڵ ڕێژەی #گەشتیاری# 60% زیادی کردووە، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران لە باشووری کوردستان دوو ملیۆن کەس تێپەرێنێت.
گەشتیاران پەلەیانە بۆ ئەوەی زووتر لە بازگەکان دەربازیانبێت و بگەنە ناوچە گەشتیارییەکان، دوعا خۆی و 7 کەس لە خانەوادەکەی لە بەغداوە هاتوون، ئەو کە یەکەمجارە دێتە باشووری کوردستان، دەیەوێت ڕاستەوخۆ ئەو دیمەن و شوێنە گەشتیاریانە ببینێت کە لە وێنەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بەرچاوی کەوتوون.
دوعا جاسم، گەشتیارێکی خەڵکی بەغدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند: من لە بەغداوە هاتووم، بۆ ئەوەی دیمەنە دڵڕفێنەکانی ئێرە ببینم، هاتووم کەشوهەوا بگۆڕم ئێرە لە بەغدا باشترە، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەوێ هەیە، هاتووم کاتێکی خۆش بەسەربەرم.
#هەرێمی کوردستان# ئامادەکاری تەواوی کردووە و لە ڕێگای کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەرگای واڵاکردووە بۆ پێشوازی لە دەیان هەزار گەشتیار لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێک و 740 هەزار گەشتیار کە زۆربەیان عێراقین هاتوونەتە باشووری کوردستان.
لەم وەرزەدا گەشتیاران ڕژاونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان، پێدەچێت ئەم دیمەنانەش تا کۆتایی ئەم مانگە ببیندرێن، چونکە لە عێراق زۆری نەماوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لە دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە ژمارەی گەشتیاران 2 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لە ڕاستیدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی ملیۆنێک و 470 هەزار گەشتیار هاتوون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 61% زیادی کردووە، ئەوەش ئاماژەیەکە کە ڕێژەی گەشتیاران زۆر زیادی کردووە، وەک ئەوەی پێشبینیمان کردبوو کە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگاتە 2 ملیۆن گەشتیار، چاوەڕواندەکرێت لەو ژمارەیەش زیاتربێت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەیان ناوچەی جیاوازی گەشتیاری و زیاتر لە 950 هۆتێل و مۆتێل کە زیاتر لە 70 هەزار قەرەوێلە لە خۆدەگرن، هەروەها 1800 چێشتخانەو ڕیستۆرانت و 90 گوندی گەشتیاری هەیە.[1]