ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە شاری #سلێمانی# توندوتیژەییەکانی چوار مانگی ئەمساڵ بە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی پار بە سەدان حاڵەت زیادیکردووە و چالاکوانێکی ژن-یش دەڵێت: ئەم ئامارانە زەنگێکی مەترسیدارە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە شاری سلێمانی، کە تایبەت دەست ڕۆژنیوز کەوتووە و ئامارەکان-یش پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە بێجگە لە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، دەردەکەوێت، کەوا ئەمساڵ بەبەراورد بە ساڵی پار توندوتیژییەکانی (کوشتتن، خۆکوشتن، سوتان، خۆسوتاندن و سێکسی) زیادیکردووە و سکاڵا تۆمارکردنیش بە سەدان جار زیادیکردووە.
لە ساڵی 2016 دا 27 حاڵەتی توندوتیژی (کوشتتن، خۆکوشتن، سوتان، خۆسوتاندن و سێکسی) تۆمارکراوە و 170 سکاڵاش تۆمارکراوە.
لە ساڵی 2017 دا 34 حاڵەتی توندوتیژی (کوشتتن، خۆکوشتن، سوتان، خۆسوتاندن و سێکسی) تۆمارکراوە و 440 سکاڵاش هەبووە.
ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئاماری توندوتیژییەکانی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2016 و چوارمانگی یەکەمی ساڵی 2017 دەردەکەوێت، کەوا لە ساڵی 2017دا توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان 270 حاڵەت زیادیکردووە.
سەبارەت بە زیادکردنی ئەو ڕێژە بەرچاوەی ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان، هانا شوان، چالاکوانی مەدەنی و سەرنووسەری ماڵپەڕی ڕێوان بە ڕۆژنیوزی وت: لە هەر وڵاتێک کە قەیران و شەڕ بەرۆکی گرت ئەوە ئێمە دڵنیاین لەوەی کە ژنان یەکەم بەشی ئەم کۆمەڵگایەن کە باجەکەی دەدەن، هەروەک چۆن بینیمان لە شەڕی داعشدا ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر توندوتیژیان لەگەڵ کرا.
هانا شوان
هانا شوان، وتیشی: ئێمە ساڵی ڕابردوو ئاماژەمان بەوەدا کە ئامارەکان زیادبووە و زیاتریش دەبێت، کە ئەمە پێشبینی کردن نیە بەڵکو بە ئامار و داتا و هەڵسەنگاندنی ئەو هەلومەرجەی کە هەرێمی کوردستان پیایدا تێدەپەڕێت، هەربۆیە پێویستە کە حکومەت بە هەموو دەزگاکانیەوە کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی، لە ئامادەباشیدابێت و خۆسازکردنێکی هەبێت بۆ ئەم زیادبوونی حاڵەتانە، بەڵام بەداخەوە ئێمە هیچ هەوڵێکمان لێیان نەبینی.
ناوبراو، ڕاشیگەیاند:ئەو ڕێژە توندوتیژیەی ژنان کە لەم بەشەی کوردستان ڕوودەدات ئامارێکی زۆر ترسناکە و زەنگێکی مەترسیدارە، پێمان دەڵێت کە ژنان لەم هەرێمەی ئێمەدا لەژێر کۆمەڵێک فشاردان و بەچەندین شێواز هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە.
ئەو چالاکوانە ژنە، ئەوەشی خستەڕوو: کۆمەڵێک پێشنیارمان کرد بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی ئەویش هەموارکردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی، چونکە سزاکانی ئەو یاسایە بۆ کەسی تاوانبار لە ئاست ئەو توندوتیژیانەدا نییە، کە ئەنجامی دەدەن، وە کارمان کرد لەسەر ئەو یاسایانەی کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن دەرفەتی گۆڕینی تێدایە و دادوەرەکە دەتوانێت بە پێی تێڕوانینی خۆی بڕیار بدات لەسەر هەلومەرج و ئەو حاڵەتەی کە لە بەردەمیدایە، کە ئەمەش جارێکی تر توندوتیژیە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بەڵام ئەو پیشنیارانەی ئێمە بە هەند وەرنەگیرا.
#15-06-2017#