مێژووی زارەکی یان نوسراو لەلایەن توسایدیدس
سدیق محەمەد سدیق
توسایدیدس مێژوونووسێکی یۆنانییە لە شاری ئالیمۆس لە ساڵی 460پێش زاین لە خێزانێکی ئەرستۆکراتی یۆنانی لەدایک بووە، لە ساڵی 424پێش زاین بووە بە جەنەراڵێکی ئەسینایی و بووە بە بەرپرسی کەشتی لە بەندەری زاسۆس، بەڵام بەهۆی شکستهێنانی لە شەری ئەمفیپۆلیس دوور دەخرێتەوە و بۆ ماوەی 20ساڵ لە دوورەووڵاتی ژیان بەسەردەبات.
هۆکاری مردنی تۆسایدیدس لەلایەن زۆرێک لە مێژوونووسان جێگەی مشتومڕی بووە، هەندێکیان باوەڕیان وایە بەهۆی تەواونەکردنی پەرتووکە مێژوویەکەی مردبێت، لە ساڵی 411 پێش زاین، بەڵام هەندێکی تریان لەو باوەڕەدان کەوا لە ساڵی 404پێش زاین فرمانێک دەرچووە بۆ گەڕانەوەی توسایدیدس بۆ ئەسیان ئەوا لەکاتی گەڕانەوەی کوژراوە، بۆیە زۆربەی بۆچونەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ناوبراو لەنێوان ساڵانی 411 بۆ 404 پێش زاین کۆتایی بەژیانی هاتبێت.
دوای مانەوەی 20 ساڵ لە غەریبی ئەو دەرفەتەی بۆ دەرەخسێت کەوا ڕووداوەکانی جەنگی پیلۆپۆنیشیای نێوان سپارتا و ئەسینا بنووسێتەوە. لە دواتریش هەر بە نووسینەوە نەوەستاوە بەڵکوو هەستاوە بە سازدانی چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوەکردن لە ئەرشیفی ئەو ڕووداوانەی پێش ئەو ڕوویانداوە و بیروبۆچونی خۆی لەبارەیانەوە نووسیوە.
مێژووی زارەکی یان نوسراو لەلایەن توسایدیدس
وتووێژێکی زۆر هەیە لەسەر مەسەلەی فۆڕمی زارەکی یان نووسراو کە بەهۆیانەوە ڕاستییە مێژووییەکان گێڕراونەتەوە لە سەردەمی کۆندا. منداڵان چ لە قوتابخانەبن یان لە فیستڤاڵی گشتی هەوڵیان دەدا سەرگوزشتەکانی جەنگی ترۆجان کە لەلایەن هۆمیرۆسەوە نووسرابوو لەبەربکەن، کە بە زمانێکی شیعری نووسرابوون. ئەم جەنگە یەکێک بووە لە داستانە پاڵەوانییەکان باشترین نموونەی نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوو لەپێناو خاک و نەتەوە و نیشتمان کە منداڵانی پێ گۆش دەکران و هۆنراوە داستانئامێزەکەی هۆمیرۆس کە باس لە داستانی ئیلیادە و ئۆدیسە دەکات وەک خاڵی سەرەتای هەموو جەنگێکی ئاییندە بوو کە دەرئەنجامە ئایینی و کولتووری و ئابوورییەکەی فەرامۆش کردبوو، تەنیا جەختی دەکردە سەر لایەنی دبلۆماسی و سیاسی جەنگە گەورەکان. زۆرجار زیاتر باسی لە ڕووداوی کۆمەڵکوژی و توندوتیژی دەکرد، ئەو داستانە مێژووییەکانی زیاتر بەشێوازێکی زارەکی دەگێڕرایەوە و دەستاودەستی دەکرد. چونکە ئەوە باشترین جۆری گێڕانەوەی چیرۆک بوو، بەڵام لای تۆسایدیدس جیاوازییەکی گەورەهەیە لەنێوان بەزارەکی گێڕانەوەی چیرۆک و شێوازی نووسین. مێژووەکەی تۆسایدیدس لە فۆرمی نووسیندابوو کە بوو بەهۆی ناسینی بەجیهانی پاش خۆی، لەنووسینەکانیدا ئاماژە بە گرینگی مێژوو لە فۆرمی نووسیندا دەکات. مەبەست لە نووسینی مێژووش زیاتر ئەوەبوو کە بەدەنگی بەرز بخوێندرێتەوە و ببیسترێت بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەوەی گوێبیستی ئەم ڕووداوانە نەبێت چێژی لێ وەرناگرێت، چونکە توسایدیدس کەرستەکانی داستان بەکار ناهێنێت لەوانەیە بەهۆی ژیانی لە دوورەوڵاتەوە بوبێت ئەو پەنای بۆ نووسینەوەی مێژوو بردووە، چونکە هەندێک لە مێژوونووسەکان پاش خۆیان ئاماژە بەوە دەدەن توسایدیدس بێبەش بووە کە لەناو خوێنەران و هاوەڵانیدا بێت و بەهەند وەرگرتنی ئەوەی کە تۆسایدیدس ئاماژە بە خوێندنەوە بەدەنگی بەرزدەکات بۆ نموونە خوێندنەوەی نامەکەی نیکێس بۆ خەڵکی ئەسینا لەلایەن گراماتۆسەوە بەدەنگی بەرز ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە وتەی نووسراو پەیامی گرینگ و فەرمانی تایبەت بەدەنگی بەرز دەخوێنرایەوە بۆ تەواو تێگەیشتن لە پەیامە نووسراوەکان. ئەم کارلێکە چالاکانەی بیسەران و دەقی زارەکی هەمیشە وتوێژوو دانووسان و دەمەقاڵێی لێ دەکەوێتەوە، بەهەمان شێوەی پێشکەشکردنی وتار و لێکدانەوەکان و دایەڵۆگەکانی سوقرات کە نووسرابوون بۆ ئەوەی بەدەنگی بەرز بخوێندرێتەوە و بیسەرانیش بەشداری بکەن لە وتوێژەکان و ڕای خۆیان لەسەر دەرببرن. ئەمەش گرینگی دیسکۆرسی زارەکی دەردەخات کە کاریگەرییەکی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر گوێگران وەک لەدەقی نووسراو، ئەوەی گرینگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە توسایدیدس خواستویەتی کە بیسەرانی نووسراوەکانی ئەو گرەپی بچوکبن، چونکە تا ژمارەی گوێگرەکان کەمتربن باشتر لە هەوڵی بێوچانی ئەو تێدەگەن بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان، بەڵام ئەگەر ژمارەی گوێگرەکان زۆربن لێ نەبڕاوی ئەو بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان وندەبێت و بەپێی پێویست مافی خۆی پێنادرێت ئەوە جیاوازی نێوان کەمی و زۆری گوێگرەکانی ئەون کە دەتوانن ئەو حوکمە بدەن بەسەر تۆسایدیدس وەک مێژوونووسێکی (نوخبە) چونکە ئەو بڕوای وایە زۆرینە چێژیان دەوێت بەڵام کەمینە عەوداڵی چۆنییەتی سوودوەرگرتنیان لامەبەستە نەوەک چێژ وەرگرتن. لە نووسینەکانی ئەوە یەکلای نەبووەتەوە کە ئایا توسایدیدس زیستویەتی بۆ ئەوانە بنووسێت کە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنانەیان بینیوە، چونکە خوێنەری کارەکانی ئەوە لەچینی ئۆلیگاریشی نەبوون، بەڵام ئەوە زیاتر ڕوونە کە توسایدیدس بۆ ئەو کەسانەی نووسیوە کە بەپەرۆشەوە عەوداڵی زانینی ڕاستی بوون، ئەوانەی کە ئارامی پشودرێژی ئەویان هەبوو، ماندوو بوون بە خوێندنەوەی کارەکانی وەک لەوەی بۆ ئەو کەسانەی نووسیبێت پشوکوورتن و نایانەوێت وردەکاری و هۆکاری ڕووداوەکان بەقوڵی و چری بزانن ئەوانەش خۆیان لە دیموکراتەکان و ئۆلیگارشەکاندا دەبینییەوە، تۆسایدیدیس ڕازییە بە خوێندنەوەی ڕەخنەگرە بێدەنگەکانی مێژووی نووسراوی ئەو، هەروەها دڵنیا بووە کە کارەکانی بۆ چەندین سەدە دوای خۆی سوودمەند دەبێت. ئەمە وامان لێ دەکات بپرسین چ لایەنێکی نووسینەکانی ئەو جێی خۆی لە دڵی سەردەمدا دەکاتەوە (تێبینی: پێشنیاری ئەوە کراوە دیسکۆرس یان وتاری زارەکی دیموکراتی ترە لە شێوازی نووسین، لەکاتێکدا نووسین جۆرێکە مومارەسەکردنی دەسەڵات بەسەر خوێنەردا. توسایدیدس لە نووسینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سپارتا و ئەسینا زیاتر فۆرمی نووسینی بە دڵ بوو چونکە باش ئاگاداربوو کە ئەو ڕووداوانە پێش ئەو بەزارەکی مابوونەوە و لەبەر ئەوە نووسینی هەڵبژارد چونکە بەتەنگ خوێنەری ئاییندەوە بوو بۆ زانینی ڕاستییە مێژووییەکانی سەردەمی نوێ).
(دەقی بابەتی وەرگێڕ لە پەرتووکی توسایدیدس یەکەمین پەیامنێری جەنگ و مێژوونووسی یۆنانی). [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!