ناونیشان: ڕۆمانی جەنابی سەرۆک
ئامادەکردن: شەماڵ بارەوانی
جەنابی سەرۆک، لە ساڵی 1946هاتوتە نووسین و لە ساڵی1967خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی بەدەستهێناوەو بەباشترینی ڕۆمانەکانی میگێل ئەنخل ئاستۆریاس و ئەمریکای لاتین دێتە ژماردن،
ڕۆمانێکی سیاسیە، داستانی ئستبدادیەت و ئیدانەو سەرکۆنەی هەموو سەرکردەو سەرۆکێکی سەرکوتکارو دیکتاتۆرو تۆتالیتارە.
نووسەرلەو شاکارە مەزنەدا، باس لەسیستەمێکی قەمعی و تۆتالیتاردەکات، سیستەمێک کە خشتی حوکمڕانێتی لەسەر ترس و چەوسانەوەو دیکتاتۆریەت ڕۆنرابێت، سیستەمێکی پۆلیسی جەنابی سەرۆک تێیدا هەموو شتێک بێت، هەموو یاساکان سەرۆک دایبڕێژێت و وەک هەویر بیانشێڵێت و چۆنی ویست و چۆنی حەزلێ بوو و چۆنی میزاجکرد، بەکاریان بێنێت، جەنابی سەرۆک سەرچاوەی یاساکانە، سەرچاوەی تەشریعە، جەنابی سەرۆک کارێزمایە، پیرۆزە، لەسەرووی ڕەخنەوەیە.
جەنابی سەرۆک چیگوت، ئەوە بەرژوەندی گشتی و یاسای هەمووانە، جەنابی سەرۆک وتی، گەل وتی، لەوەها سیستەمێکی شمولیدا هەموو شتێک لەدەست یەک تاقەکەسە، ئەویش جەنابی سەرۆکە، جەنابی سەرۆک یاسادانەرە، سەرۆک ئەرکانە، وەزیری جەنگە، سەرۆکی دادگایه، جەنابی سەرۆک یەکەم شت و کۆتا شت و هەموو شتێکە، لەو سیستەمەی جەنابی سەرۆکدا، جگە لەدەنگی سەرۆک هیچ دەنگێکیتر نابیسترێت، ئیتر جەنابی سەرۆک لەجیاتی هەمووان بیردەکاتەوە، بڕیاردەدات، قسەدەکات، دەبینێت، دەبیسێت، جەنابی سەرۆک ئیرادەو ویستی هەمووانە. هەرچی جەنابی سەرۆک پێی باشبوو باشە، هەرچیش وتی خراپە خراپ، جەنابی سەرۆک بەماست بڵێ ڕەش، ڕەشەو بەڕەشیش بڵێت سپی ، سپیە، ئەوە تەواو کۆتا بڕیارو تێکستی پیرۆزەو هەرگیز مشتومڕو قسەهەڵناگرێت، جەنابی سەرۆک مەعسوم و پارێزراوە لەهەڵە، پیرۆزی لەئاسمان و شەرعی لەخواوەندو شەرعیەتی لەزەمینەوە وەرگرتووە، جەنابی سەرۆک لەجیاتی هەمووان خەون دەبینێت و پلان دادەڕێژێت، جەنابی سەرۆک واجب الوجودە و پێویستی بە سەلماندن و هەڵسەنگاندن نییە، کاتێک جەنابی سەرۆک بیردەکاتەوە، هەمووان بیردەکەنەوە، جەنابی سەرۆک هەیە کەواتە هەمووان هەن، جەبابی سەرۆک چی بەحەڵاڵ زانی حەڵاڵە، چیش حەرام ، حەرامە.
لەچاوی جەنابی سەرۆک گەل، تەنیا فاریزەی دوای ژمارە، ئامێری بەکارهێنان، ئامڕازی خزمەتکردنی خواست و حەزەکانی و بوکەڵەی دەستی ئەون، جەنابی سەرۆک ئامانجە، گەیشتووە بە پلەی باڵاو ڕەهایی.
لەکۆماری جەنابی سەرۆکدا، ترس و بێدەنگی دڵەڕاوکێ سیمای ژیانەو لەسایەی ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆریەی جەنابی سەرۆکدا، کەس بۆی نییە قسە بکات، تەنیا ئەوکاتە نەبێت، کە بەباڵای جەنابی سەرۆک دا هەڵبداو باسی دەستکەوت و کارەپیرۆزەکانی، پاڵەوانێتی و سەرکەوتنەکانی جەنابی سەرۆک بکات.
لەدونیای جەبابی سەرۆکدا. خەڵک هیچ مافێکی نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، کە شوێنکەوتەیەکی کوێرانەی جەنابی سەرۆک بکات و ئیتاعەو پێگیریەکی تەواو ڕهای بڕیارەکانی جەنابی سەرۆک بێت و ولائو دڵسوزیەکی پڕ یەقین و خاڵی لەگۆمانی بۆ جەنابی سەرۆکی هێژا هەبێت.
گومان کردن لە شەهامەت و هەیبەت و دەسەڵات و زەرورەت و هێزو تواناو باڵایی و ڕەهایی و پیرۆزی و بانڕەخنەیی بوونی جەنابی سەرۆک ، یەکسانە بە یاخی بوون و ناپاکی و بەندیخانەو مەرگ، بۆچون دەربڕین، ڕەخنەگرتن، جیاوازی ڕا، ئۆپۆزسیۆن بوون، هەموو ئەو شتانە لەسیستەمی جەنابی سەرۆکدا بەیاسا قەدەغەکراون و کەس بۆی نییە توخنیان بکەوێت، ڕەنگە تاقە شوێنێک تاک بتوانێت تێیدا بیروبۆچوونی خۆی ئازادانە دەرببڕێت و ڕەخنە بگرێت ، پشت شیشەکانی بەندیخانە بێت، لەنموونەی ئەو چوار بەندکراوەی لەبەندیخاندا، لەناوکەشێکی لێوانلێو لەترس و قەڵەق و تۆقێنەردا، باس لە خواوەندو بڕواو ئازادی دەکەن و دیالۆگیان لەبارەوە دەکەن.
لەکۆماری جەنابی سەرۆکدا، کەس بۆی نییە، بەبێ ڕوخسەتی جەنابی سەرۆک بیر بکاتەوە، بخوێنێت، ببینێت، ببیستێت، ڕێبکات، دانیشێت، پشووبدات، بخوات و بخواتەوەو بخەوێت.
کەی جەنابی سەرۆک فەرمانی کرد. بگرین، هەمووان دەبێت بگریێن، پێبکەن، هەمووان دەبێت بدەن لەقاقا، کەی وتی نان بخۆن، بیخۆن و کەیش وتی لەپێناو جەنابی سەرۆکدا بەڕۆژوو بن هەمووان دەبێت بەڕۆژوو بن.
بەو چەشنە ئیدی جەنابی سەرۆک بەرگی قوداسەت دەپۆشێت و دەبێت بەعەقیدەی فەرمی دەوڵەت و ئایینی پیرۆزی هەمووان ، دەبێت بە ڕوگەو کابەی پیرۆزو، دەبێت بە بتی باڵای هەمووان و دەبێت هەمووان پێڕەوی لێبکەن و بەدەوریدا بخوڵێنەوەو بەندایەتی بۆ بکەن و کڕنۆشی پەرستش و زەلیلی بۆ بەرن!
ڕۆمانی«جەنابی سەرۆک» ڕۆمانێکە، باس لەخەیاڵ ناکات، بەڵکوو چیرۆکەکانی هەموویان ڕاستین و هەڵقوڵاوی واقعێکن و ، باسکردنەلە ئەزموونی بیست ساڵ حوکمڕانی «مانوێڵ ئەستیرادا کابرێرا»، ، ئەو پیاوەی بیست ساڵ وەک دیکتاتۆرێک لە گواتیمالا حوکمی کرد و ڕەنگە هەڵەنەکەین و سەددەرسەد ڕاستبین، کاتێک بڵێین ئەو ڕۆمانە پڕ بەپێست بێت، بۆ دکتاتۆرگەلێکی وەکوو جەنابی: ستالین، سەدام، هیتلەر، فرانکۆ، کاسترۆ، کیم جونگ ئۆن، دەوڵەتی خەلافەتی #داعش#، حوکمی تاڵیبان..تاد.
«جەنابی سەرۆک» لەسایەی سیستەمێکی دیکتاتۆری و سەرۆکێکی دیکتاتۆردا، وڵات چۆن دەبێت بە دۆزەخێکی بێ ئامان و بەندیخانەیەکی مەزن و ژیانی هاووڵاتییان چۆن دەبێت بە یەکپارچە لەنەهامەتی و ئازار و ترس و تراژیدیا، «جەنابی سەرۆک» پێمان دەڵێت لەوەها سیستەمێکی تۆتالیتاریانەی #بەعس# ئاسا، ستالین ئاساو هیتلەر ئاسادا، چۆن یاساکان گەمەیان پێدەکرێت و مرۆڤەکان بێ ڕێزی و ئازادییەکان سووکایەتی.
«جەنابی سەرۆک» پێمان دەڵێت دیکتاتۆرییەت چ کارەساتێک و چ مەرگەساتێک دەخولقێنێت و چۆن کەرامەت و کەسایەتی و ڕۆحی مرۆڤەکان تێک و پێک دەشکێنێت و ژیان و بوونیان بە بەرداشی دیکتاتوریەت دەهاڕێت چارەنووس و داهاتوویان وێران و ورد و خاش دەکات. [1]