$نەورۆز لە چەند وێستگەیەکی جیاوازی ژیانمدا$
#عیماد ئەحمەد#
#14-03-2022#
سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا، مێرمنداڵ بووم. لە گەڕەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام. بە خەیاڵێکی کوردانەوە لەگەڵ خەڵکی گەڕەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچووگەوە دوای خاڵۆ فرە بەهرەکەم، مامۆستا موحسین دەکەوتین و بەدەنگی بەرز، لە قەراخ هاژەی ڕووباری ئەڵوەندا هاوارمان دەکرد ئیمڕۆ ڕۆژی خۆشییە، کاوە زووحاک کوشتییە.
ساڵی 1970 هەرزەکار بووم، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا. یەکێک لە سونبوولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پڕ سۆز و زوڵاڵەکەی بە دەستە ڕاستە پڕ ئاماژەکەی هاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکوو برووسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئەو درووشمە بووە وزیەکی هەتاهەتایی کوردایەتی بۆ خەڵکی شارەکەم.
ساڵی 1984 لە هەڕەتی گەنجایەتی بووم، یادی نەورۆز لە سوورداش ساز کرا، بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پڕ جۆش و خرۆشەکەی هەڤاڵ مام جەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەهاتووی یەکێتی) دڵنیایی بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نەورۆز و پێشمەرگە و خەڵک ئاوێتەی یەکدی بوون.
ساڵی (2012) قۆناخی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو، بۆ یادی نەورۆز، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی هەمووان، کۆمەڵێک هاوڕێ و کەسوکاری هەردوولامان، لە کانی ماسی قەراخی شاری سلێمانیدا میوانداریی کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە......) ئێوارەی نەورۆزمان بەسەربرد. دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەروونمان.
ساڵی 2022 لە سێبەری ڕەشماڵی پاییزی تەمەندا، یادی نەورۆز یادێکی ئێجگار جیاواز لە جاران دەبینم
پەرتەوازەیی زۆر و یەکڕیزی زۆر کەم
هیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر کەم!
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر! [1]