هونەرمەند (بەکر مستەفا) خاوەن ئەزموونێکی زۆر و چەندین بەهەرمی شانۆیی و درامای کوردییە، دوایین کاری لە زنجیرە درامای (سەمەرە)دا ڕۆڵی (کامەران)ی بینی. (باسنیوز) لەسەر کۆی بەهەرمەکانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرد و بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:
(باسنیوز) سەرەتای چوونە ناو کاری هونەرییت کەی بوو؟
بەکر مستەفا: یەکەم جار بە هونەری شێوەکاری دەستم پێ کرد، لە قۆناغی سەرەتایی مامۆستاکانم ئەو بەهرهیە یان تێدا دۆزیمەوە، دواتر چوومە بەشی مۆسیقا، لە کۆتاییدا لەسەر دەستی خوالێخۆشبوو مامۆستا عومەر عەلی ئەمین، لە شانۆگەریی (دەهۆڵ) بەشدار بووم، ئیتر لەوێوە چوومە ناو هونەری شانۆ و دراما.
(باسنیوز) بەر لە ئێستا باری تەندروستییتان باش نەبوو، ماوەیەک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی مانەوە، ئایا سەندیکای هونەرمەندان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەسەریان کردنەوە؟
بەکر مستەفا: ڕاستە ماوەیەک بوو باری تەندروستیم باش نەبوو و پێویستم بە نەشتەرگەری هەبوو، چونکە دەمارێکی قاچم خوێنی بۆ نەدەڕۆیشت، بۆیە پزیشکە بەڕێزەکان دەمارێکی دیکەیان بۆ چاندم، ئەوەی ڕاستی بێت قوتابییانی بەشی شانۆ و هونەرمەندان سەردانیان کردم، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری هیچ هەواڵێکیان نەپرسیم، وەک ئەوەی کە من نە هونەرمەند بووبم و نە کاری هونەرییشم کردبێت، بەلای منەوە زۆر ناخۆش بوو، دەبوو وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڵوێستێکیان هەبوایە، بەداخەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری سەردانی کەسی وا دەکەن هەندێکیان هەر هونەرمەندیش نین.
(باسنیوز) ئەوەندی دەبینرێیت لە کارە هونەرییەکان تەنیا ڕۆڵ دەبینن، ئەی لە بواری دەرهێنان؟
بەکر مستەفا: چەندین کاری دەرهێنانم بۆ دەقە شانۆییەکان و درامییەکان کردووه، بڕوام وا بووە ڕۆڵی ئەو کەسایەتییەی لە کارە هونەرییەکان بەرجەستەم کردووه، گەیاندوومەتە ناو خەڵک، خۆم خوڵقێنەری کەسایەتییەکەم و لە زۆربەی کارە هونەرییەکان خۆم ئیزافەم بۆ کردووە، وەک بڵێین برای دەق نیم، بەڵام دوژمنی دەقیش نیم.
(باسنیوز) لە زنجیرە درامای گەردەلوولدا تا چەند لە ڕۆڵی ئەو بەعسییە ئاسوودە بووی، لەکاتێکدا خۆتان گوتەنی لە زەمەنی بەعس زیندانیی سیاسی بوون، چۆن ڕۆڵی کەسایەتییەکی سیاسیی شۆڕشگێڕتان نەبینی؟
بەکر مستەفا: ڕاستە من لە زنجیرە درامای گەردەلوول ڕۆڵی کابرایەکی بەعسیم دەبینی، کە نوێنەری سەدام حوسێن بوو، بەڵام مەرج نییە ئەو کەسەی خۆی شۆڕشگێڕ بووبێت، ئیتر دەبێت لەناو دراماکانیشدا هەمان ڕۆڵ بگێڕێت، لەکاتێکدا ئەگەر دیکۆمێنتاریی بێت لەسەر ژیانی ئەو کەسە، هەمان ڕۆڵ ببینێتەوە، بەڵام کە بوویتە ئەکتەر ئاساییە هەر ڕۆڵێک هەبێت بیبینیت، چونکە تۆ نواندن دەکەیت.
(باسنیوز) وەک ئەوەی باس دەکرێت، هونەرمەند #جەلیل زەنگەنە# ئێستا سەرقاڵی بەرهەمیهێنانی بەشی چوارەمی زنجیرە درامای گەردەلوولە، ئایا ئێوە ئاگادارن؟ یان پێتان گوتراوە کە ڕۆڵتان دەبێت؟
بەکر مستەفا: بەڵێ برای هونەرمەند جەلیل زەنگەنە پێی ڕاگەیاندم، کە لەگەڵیدا بەشدار بم، ئاگادارم و ئێستا ئەوەندەی بزانم نووسینەوەی سیناریۆکە بۆ بەشی چوارەم لە کۆتاییدایە، ئەوەی ڕاستی بێت نازانم دۆخی من چۆن دەبێت، نامەوێ لە ساڵێکدا دوو کاری هونەری بکەم، ئەگەر بکەوێتە دوای ئەم بەرهەمەی ئێستا، ڕەنگە بەشدار بم.
(باسنیوز) تا ئێستا لە هیچ بانگەشەیەکی بازرگانی دەرنەکەوتوویت؟ ئایا پێتان نەگوتراوە یاخود ناتەوێ بازرگانیی بە هونەرەکەتەوە بکەیت؟
بەکر مستەفا: ئەمە ڕای خۆمە، وام پێ باشە ئەکتەر زیاتر لە بواری دراما و شانۆ و سینەمادا دەربکەوێت، دەبێت پارێزگاری لە شکۆ و ناوبانگی خۆت بکات، بۆ ئەوەی ئەوەندە نەکەوێتە بەرچاو، چونکە ئەو پاداشتەی لە ڕێکلام وەریدەگریت، تەواو دەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ناو و پێگە و ڕۆڵە.
(باسنیوز) چیت هەیە بۆ ئەو کەسانەی وەک کارکتەری (کامەران9 کەوتوونەتە بەر توانجی ماڵە خەزووران؟
بەکر مستەفا: بێ گومان هەندێک خەڵک هەیە بەناچاری و زرووف وای لێ کردووە بکەوێتە بەر توانجی ماڵە خەزووران، ئیتر نازانم لەدوای (سەمەرە) کامەرانەکان چۆن خۆیان لە ماڵە خەزووران ڕزگار دەکەن.
(باسنیوز) لە زنجیرە درامای سەمەرەدا کەسایەتیی ڕۆڵی کامەران بۆ ئێوە بیرۆکەی دەرهێنەر بوو یان خۆتان پێتان باشبوو ئەو ڕۆڵە ببینن؟
بەکر مستەفا: لە زنجیرە درامای سەمەرە کارەکتەری کامەران ئەو کەسایەتییە لەگەڵ برای دەرهێنەر کاک جەمیل مەفاخری خۆم هەڵمبژارد و ڕێک کەوتین کە ئەو ڕۆڵە ببینم، هەرچەندە کارەکتەر دەبێت زیرەک بێت و لە هەموو بوارەکاندا شارەزایی هەبێت، ژیانی کامەران هەیە و ئاساییە، چونکە هونەر ژیانە و ژیانیش ئەوەی تێدەکەوێ.
(باسنیوز) وەک دەڵێن هونەرمەند موڵکی میللەتە، بەڵم بەشێکیش لە هونەرمەندان بەسەر پارتە سیاسییەکانی کوردستان دابەش بوون، تۆ چی دەڵێی؟
بەکر مستەفا: بێ گومان هونەرمەند موڵکی میللەتە، دەبێ ئێمەی هونەرمەندان ڕاستگۆ بین، ئەگەر مەیلی لایەنێکی سیاسییشمان هەبێت، دەبێت ئەو پەیوەندییە زۆر شاراوە بێت، نابێت سیاسەت تێکەڵ بە هونەر بکرێت، ئێمەی هونەرمەندان لەناو خەڵکدا جوانین، حزب دێ و دەڕوات، ئەوەی بە زیندوویی دەمێنێتەوە هونەرەکەیە، ئەگەرچی من زەحمەتێکی زۆرم لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان کێشا، من کەسێک بووم لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە کارم دەکرد، دواتر لە لایەن دەزگاکانی بەعس دەستگیر کرام و سزای پازدە ساڵ زیندانم بەسەردا سەپا، دوای سێ ساڵ مانەوەم لە زیندان، بەر لێبوردنی گشتی کەوتم، ئێستا ئەوەندەی لەپێناوی هونەرکەمدا دەژیم، ئەوەندە نامەوێ جارێکی دیکە بچم پەیوەندیی حزبی دروست بکەمەوە.
(باسنیوز) ئێستا کاری هونەریی نوێت بەدەستەوەیە ؟
بەکر مستەفا: بەخۆشحاڵییەوە ئێستا لەگەڵ کاک (جەمیل مەفاخری) هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ تۆمارکردنی 30 ئەڵقە کە لە کاتی خۆیدا ناوەڕۆکەکەی ڕادەگەیەنرێ.
(باسنیوز) لە کاری درامادا زیاتر لەگەڵ کام دەرهێنەر و ئەکتەر ئاسوودەی؟
بەکر مستەفا: هەر هونەرمەندێک، یان هەر دەرهێنەرێک ئەگەر توانایەک یان پێشینەیەکی جوانی هەبێت، بێ گومان من بە شانازییەوە هاوکاری دەبم و کاری لەگەڵدا دەکەم، من هەر دەقێک هاتبێتە بەردەستم، دوو هەزار لاپەڕەش بووبێت خوێندوومەتەوە، ئینجا بڕیاری بەشداریکردنم داوە.
(باسنیوز) لەم ڕۆژانەدا هونەرمەندی شێوەکار ئیسماعیل خەیات کۆچی دوایی کرد، بەشداربوانی بەخاکسپاردنی لە سلێمانی بە پەنجەی دەست دەژمێردران، لەکاتێکدا ئەم شارە ناسناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەڵگرتووە، چ کۆمێنتێکت بۆ ئەمە هەیە؟
بەکر مستەفا: هەموو کەس دەزانێ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ئیسماعیل خەیات لە ڕێی هونەرەکەیەوە چ خزمەتێکی بە میللەتەکەی کردووە، لە هەمان کاتدا هاوسەری هونەرمەند خاتوو گەزیزە عومەرە، دەبوو ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ کۆچی ڕێک بخرایە، هەرچەندە هونەرمەندانی دیکەیش بە هەمان شێوەی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات بێ ناز ڕۆیشتن.[1]