ئیتر بێدەنگ نابین!
لەبەر سروودی ئەی ڕەقیب هەڵنەستان، هیچمان نەوت.
لەبەر ئاڵای کوردستان قونتان نەبزووت، هیچمان نەوت.
جنێوتان بە شیعر و ئەدەب و گۆرانی کوردی دا، هیچمان نەوت.
بۆ سەما و ماچێک غوسڵی ناژیریتان لە جادەی سەهۆڵەکە دەرکرد، هیچمان نەوت.
فتوای کوشتنی #شێرکۆ بێکەس#تان دا و هیچمان نەوت.
داعشتان بە موسڵمانێکی لاواز لە قەڵەمدا و هەزارانی لە ئێمە شەهید کرد و هیچتان نەوت.
بۆ محەمەد مورسی ڕژانە سەر شەقام و بۆ شەنگالیش متەقتان لێوە ناهات! هیچمان نەوت.
لەسەر خەجێ و لەجێ و حەجێ هونەرمەند #حەسەن زیرەک#تان بە مردوویی دادگایی کرد و هیچمان نەوت.
هەوڵتان دا نەوڕۆز لەبەرچاومان ڕەش کەن، پێتان نەکرا، هیچمان نەوت.
تێکۆشان شوناسمان بسڕنەوە و نەتانتوانی و هیچمان نەوت.
دینتان بە زۆر بەسەرماندا فەرز کرد، پاراستمان و ڕێزی دەگرین، هیچتان نەوت.
ئەوەی ماوەتە خاک و زمانمانە دەتانەوێ بێ دایک و بێزار و بێناسنامەشمان بکەن.
لێناگەڕێن، بێدەنگ نابین، پیرۆزترین شت لای ئێمە نیشتمانە و نیشتمانە و هەر نیشتمان.
بۆیە دەگەڕێینەوە بۆ شیعرە بەرزەکەی (ئەی ڕەقیب)و دەڵێین:
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخەسرەوین
دینمانە، ئاینمان هەر نیشتمان.
دوا قسەشمان...
شیوەنی مە شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گرووی یەکسانییە
هەڵوێستی گرووپێک لە نووسەر و ئەدیبانی بەرەنگاری
11-08-2022
#سلێمانی#[1]