شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی2020 گرووپێکی چەکداری سەر بە تیرۆریستانی #داعش# هەڵدەکوتنە سەر گوندی (دارا)ی سەر بە شارۆچکەی #خانەقین# و بەداخەوە، حەوت کەس لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەهیدەکەن و پێنجی دیکەش برینداردەکەن.
ئێمە لە #وەزارەتی پێشمەرگە#، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان.
لەماوەی ڕابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و مەترسیی ئەو فەراغە ئەمنیەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو.
بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی ڕۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت.
بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گروپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە.
بۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە ڕێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە ڕۆڵەکانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە.
هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#14-06-2020#