کاتێک #داعش# هەڵیکوتایە سەر #شنگال# و دەوروبەری، لەیلا و کەسوکارەکەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران و گواسترانەوە بۆ قەسر میحراب لە ڕۆژئاوای تەلەعفەر. ئەوە ئەو ڕۆژەبوو کە لەیلا لە ئازیزانی دابڕا.
$لەیلا تەعلۆ$، ڕزگاربووی دەستی داعش دەڵێت: خۆزگە دەگەڕامەوە ڕابردوو هەتا ئەگەر لەدەستی داعشیش بوومایە، خۆ هیچ نەبێ لەگەڵ خانەوادەکەمدا دەبووم، برا و کەسوکارم زیندوو دەبوون. گرنگ نییە چەند لەدەستیان دەمامەوە، پێنج ساڵ یا زیاتر، خۆ هیچ نەبا بەیەکەوە دەبووین. ئەو مەینەتییە بەلایەکەوە کە چێشتوومانە، هەرچییەک ڕوویدابایە بەس کەسوکارم لەدەست نەدابایە.
لەیلا دوای ئەوەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا زیاتر لە چوار جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکرابوو، هەر جارێک بە شەش هەزار دۆلار فرۆشرابوو، دوو پزیشک و دوو سەرمایەداری عەرەب لەنێو داعشدا کڕین و فرۆشتنیان بەم کچەوە کردووە و دوو جاریش دووگیان کراوە و منداڵەکەی لەباربردراوە، لەکاتێکدا داعش بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە لەباربردنی منداڵ حەرامە.
بیڵ وایڵی، بەرپرس لە لیژنەی دادپەروەری و لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی دەڵێت: نموونەی داعش وەکو هیچ شتێکی دیکە نییە، چونکە لەسەر بیروباوەڕێکی هەڵە دامەزراوە کە هەڵەیە و بەرەو جێبەجێکردنی کۆیلایەتی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان سەریکێشا. ئەمە جیاوازییەکی ڕیشەییە و بە سیستەم کراوە.
لەیلا لەژێر دەستی داعش مایەوە تاوەکو ڕۆژانی بەر لە ڕووخانی خەلافەت لەگەڵ منداڵەکانی بە هاوکاری قاچاخچییەک بە 19 هەزار و 500 دۆلار ڕایکرد.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/384220/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=گەڕانەوە بۆ مالە باوان=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=گەڕانەوە بۆ مالە باوان=KTML_ImageCaption_End=
لەیلا تەعلۆ دەڵێت: کە لێرەبووم هەرگیز بیرم نەدەکردەوە ڕۆژێک ئازاد دەبم. ئێستا لێرەم و ئازادم. بەڵام هەرگیز ئەو ئازارە لەبیرناکەم کە تووشی ئێمەیان کرد.
لەیلا تەعلۆ لەگەل دوو منداڵ و هاوژینەکەی و شەش لە کەسە نزیکەکانی لە03-08-2014 کەوتنە دەست چەکدارانی داعش. هەر لە یەکەم ڕوژ مێردەکەی لێ جیاکرایەوە و هیچ زانیارییەکی لەسەری نییە. هێشتا چوار کەسی نزیکی لەیلا بێسەروشوێنن.لەیلا پێشتر ئازار و مەینەتییەکانی خۆی بە دەست چەکدارانی داعش باسکردوو ووتی: ئەوان زۆر بێبەزەیی و دڕندە بوون، کاتێک دەستدرێژیان دەکردە سەرم، وەک ئەوەی تۆڵەی خوێن بکەنەوە، دەست و قاچمیان بە تەختەی خەوەکەوە دەبەستەوە. کێ دەیتوانی داخوازییەکان ڕەتبکاتەوه.
لە ناوەڕاستی مانگی 10 ساڵی 2018، چەند کەسێک لە ئێزدییەکان بە فڕۆکەیەک گەیشتنە شاری بۆمبای لە هیندستان.لە نیو هۆڵێکی گەورە و پڕ لە خەڵک کە هەریەکە و جۆرە جلوبەرگێکی پۆشیبوو. زۆربەی چاوەکان لەسەر ڕووخساری ژنێک نیشتبوونەوە، ڕووخسارێکی مەلوول و خەمبار.
دواتر ئەو ژنە داوایلێکرا قسەیەک بۆ ئامادەبووان بکات. ئەویش گوتی: من لەیلا تەعلۆ، 19 کەسمان بە دەستی داعش دەستگیرکران، 10 کەسیان بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئازادکران، چیرۆکی من، چیرۆکی مەینەتی و داماوی هەر ئێزدییەکە. لەو بۆنەیەدا لەیلا تەعلۆ خەڵاتی دایکە ترێزای وەرگرت. چیرۆکی لەیلا بووەتە هەوێنی نووسینی کتێب. خالید تەعلۆ قائیدی کە برای لەیلایە بەسەرهاتی خوشکەکەی لە دوو توێی کتێبێک بە ناوی (لیلی و لیال الالم) بڵاوکردووەتەوە.
$لەیلا چۆن ڕزگارکرا؟$
لەیلا بە پلانێک ئازادکرا کە ڕەنگە تەنیا لە خەیاڵی دەرهێنەرانی هۆڵیوددا هەبێت. لەیلا پێش ئەوەی لە لایەن براکەیەوە ڕزگاربکرێت لە ڕەققە بوو.
لەیلا دەڵێت: براکەم ڕیشی هێشتبووەوە و جلوبەرگی داعشانی پەیداکردبوو و خۆی گەیاندبووە ڕەققە. دەیویست دوای ماوەیەک مانەوە، وەک چەکدارێکی داعش کە بیەوێت کەنیزەکێک بکڕێت، من بکڕێتەوە.
لەیلا ئەو کاتە کەنیزەکی کەسێکی ئیماراتی بووە، بەردەوامیش بە تەلەفۆن بە نهێنی لەگەڵ براکەی لە پەیوەندیدا بووە.
یەکێک لە ڕۆژە هەتاوییەکانی ئاداری 2017 براکەی بە لەیلای گوت، نەخشەکە به و شێوەیەی ئەوان دەیانەوێ دەڕواتە پێشەوە و پەیوەندی بە پیاوە ئیماراتییەکەوە کردووە بۆ ئەوەی تۆ بە من بفرۆشێت، دەبێت کاتێک یەکدی دەبینین، بە تەواوی کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت و هیچ بایەخ بە من نەدەیت، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبین پیاوە ئیماراتییەکە بە لەیلای گوتبوو، خۆی بپێچێتەوە بۆ ئەوەی بیفرۆشێتە چەکدارێکی دیکەی داعش. ئەوە یەکەمین فرۆشتنە کە لەیلا، نەک حەزی پێدەکات، بەڵکو چرکەی بۆ دەژمێرێت.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2020/384220/0002.JPG=KTML_ImageCaption_Title=لەیلا لە حەوشەی ماڵی باوکی=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=لەیلا لە حەوشەی ماڵی باوکی=KTML_ImageCaption_End=
بۆ ئەوەی پیاوە ئیماراتییەکە گومان نەکات، لەیلا ڕەتیکردەوە بچێتە لای کڕیارە نوێیەکە و گوتی لای تۆ دەمێنمەوە، بەڵام ئیماراتییەکە بە تووڕەیی پێگوتبوو، ئەوە تۆ نیت کە بڕیاردەدەی بەردەوام لێشی دەپرسیم، له و ماوەیەی لەگەڵ من بوویت، موسوڵمان بوویت؟ دەمگوت بەڵێ. دواتر گوتی، باشە ئەگەر حەزت لێنییە بچیتە لای ئەو، پیاوێکی مەغریبی هەیە و دەتدەمە ئەو، زۆر ترسام و گوتم نا، دەچمە لای ئەو.
وەک لەیلا دەیگێڕێتەوە: براکەم 5000 دۆلاری دا بە چەکدارەکە. بیرم دەکردەوە ماڵی باوکم بەم هەژارییەوە چۆن ئەو پارەیان پەیدا کردووە؟ بەڵام بێئاگابوو لەوەی براکەی، دۆلاری ساختەی لەگەڵ خۆی هێناوە و پارەکەشی وەک داعشبوونەکەی خۆی ساختەیه: گرێبەستی هاوسەرگیریی کەنیزەکایەتییان لەگەڵ براکەم بۆ کردم و شاهیدیان هێنا، بەبراکەمیان گوت، کەنیزەکێکی گوێڕایەڵت کڕیوە و کاتێکی خۆشی لەگەڵ ببەیتە سەر.
ئیدی کاتبەفیڕۆدان، وەک نزیکبوونەوە لە دەمی چەقۆکانی داعش وابوو. دەبوو لەیلا و براکەی خۆیان لەو گەردیلانەش بپارێزن کە لەنێو هەوای بارووتاوی ڕەققەدا خنکابوون: نزیکەی سێ ڕۆژ بە پێ بەڕێکەوتین، دی بە دێ و ناوچە بە ناوچە، هێندە شەکەت بووم، پێیەکانم لەگەڵم نەدەهاتن. پێڵاوەکانمان بنیان پێوەنەمابوو و قاچەکانمان خوێناوی ببوون.
لەیلا دەڵێت: ئێمە سێ جار لە یاساکانی داعش لاماندابوو. هەم براکەم فێڵی کردبوو. هەم دراوی ساختەی هێنابووە نێو داعش و دیسان من و دوو منداڵەکەشمی ڕفاندبوو، هەر بۆیە ئەگەر دەستگیرکراباین، ملپەڕاندنمان مسۆگەر بوو.
ئەوان دواجار ئاڵایەکیان بینی، سوور و سپی و سەوز، کە خۆرێکی درەوشاوە لە نێوەراستیدا بوو. ئەوە بەمانای نزیکبوونەوە بوو لەو خەونانەی، لە ماوەی 33 مانگدا، لەنێو سەری خۆیدا زیندەبەچاڵی کردبوون. [1]