لە سەرەتای ساڵەوە لە #سلێمانی# 970 مەدەنی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان لەبەشی کاروباری ناوخۆی پارێزگای سلێمانی وەرگرتووە، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، 350 کەس لەو ژمارە مۆڵەتی نوێیان وەرگرتووە، 570 کەسیشیان مۆڵەت نوێکردنەوە بووە.
عەقید هێمن کەمال، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، ئەوانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە تەنها لە سنووری سلێمانی بووە، ئێدارەی ڕاپەڕین و #گەرمیان#ی تێدانییە. گوتیشی: تەنها دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی دەمانچەمان هەیە، ئەوانەی داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی گەورەتر دەکەن دەبێت ڕەزامەندی #وەزارەتی ناوخۆ# وەربگرن.
لەبارەی ئەو کەسانەشەوە کە مۆڵەتەکانیان بەسەرچووە گوتی: لەڕووی یاساییەوە حسابی ئەو کەسانەی بۆ دەکرێت کە بە بێمۆڵەت چەک هەڵدەگرن.
عەقید هێمن کەمال ئەوەشی گوت هەموو کەسێکی سڤیل کە هەڵگری ناسنامەی هەرێمی کوردستان بێت دەتوانێت داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بکات، بەڵام بەمەرجی ئەوەی تەمەنی 18 ساڵی تێپەڕاندبێت، بە بەڵگەی یاسایی بیسەلمێنێت تاوانی لەپێشینە و ئابڕوبەرانەی نییە، لەڕووی تەندرووستییەوە مرۆڤێکی تەندروستە.
ئەوانەی داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن دەکەن 100 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت و بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەش 60 هەزار دینار دەدەن، مۆڵەتەکەش بۆ ماوەی ساڵێکە.
پێدانی مۆڵەتی چەک لەکاتێکدایە زۆربەی ئەو تاوانانەی دەکرێن لەڕێگەی چەکەوەیە چ مۆڵەتدار و بێمۆڵەت.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاند لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 28 کەس لە سلێمانی کوژراون، کوشتن لە سلێمانی نەبووەتە دیاردە، بەڵام ئەو حاڵەتی کوشتنانەی ڕوودەدەن، حاڵەتی زۆر دەگمەنن بەلای پۆلیس و کۆمەڵگەکەمانەوە، چونکە بەشێک لەوانەی هەستاون بەکوشتن مێرمنداڵ بوون و بۆ بڕێکی پارەی کەم ئەو کارانەیان ئەنجامداوە.
لەبارەی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانەوە سەرکەوت ئەحمەد گوتی هۆکارەکان زۆرتر دەگەڕێنەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی، قەرزاری، مامەڵەی ئوتۆمبێل و پەیداکردنی پارە لەڕێگەی کوشتنەوە، دوایین ڕووداوی کوشتن ئێوارەیەکی درەنگی ڕۆژی 18-8-2019 بوو لە شارۆچکەی #چەمچەماڵ# کە مێرمنداڵێکی 16 ساڵان لەلایەن گەنجێکی 18 ساڵانەوە لە بەنزینخانەیەک بە دەمانچەیەکی بێمۆڵەت کوژرا.[1]