پسپۆڕانی ئابووری پێشبینیدەکەن ساڵی 2019 بەهۆی ئاڵۆزی بواری سیاسی عێراق، پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتربێت و پێشیانوایە، لەم ساڵدا نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕەوشی ئاڵۆزی سیاسی عێراق سەربەخۆتر دەبێت.
ساڵانی 2014 تاوەکو 2018 بە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکان دادەنرێت کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕبووبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە لە ساڵی 2019دا ڕەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان باشتربکات و کێشە ئابوورییەکان بەرە بەرە چارەسەر بکات.
کەرتی نەوت یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات، هەرچەندە لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئەکتۆبەری ساڵی 2017 بڕی نەوتی هەناردەکراو لە زیاتر لە 580 هەزار بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 230 هەزار بەرمیل دابەزی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا توانی ئەو بڕە نەوتە ڕۆژانە بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرزبکاتەوە.
جگە لەوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە بۆ فراوانکردنی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا، کە پێشبینیدەکرێت بڕی نەوتی بەرهەمهێندراو ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل زیاد بکات.
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ نەوتی کێڵگەکانی پیشخاپووری خستەسەر ڕێڕەوی بەرهەمهێنان و هەروەها پێشبینی و چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2019، بەرهەمی نەوتی هەردوو کۆمپانیای گەڵف کی ستۆن و تاقە، بەبڕی 20 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیاد بکات.
گازپرۆمی ڕووسیاش لە کێڵگەی سەرقەڵا لە #گەرمیان# بڕی بەرهەمی خۆی بۆ دوو هێندە زیادیکردووە و ڕۆژانە نزیکەی 21 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
شارەزایانی بواری ئابووری و وزە پێشبینیدەکەن لە ساڵی 2019دا پێگەی هەرێمی کوردستان بەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو بەهێزتر بێت.
هەروەها بوونی کۆمپانیای ڕۆسنێفتی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێمی کوردستان لای ئەمریکییەکان بەهێزتر دەکات و لەگەڵ سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی نەوتی ئێران، گرنگییەکی دیکە دەبەخشێتە نەوتی هەرێمی کوردستان.
پسپۆڕانی بواری ئابووری پێشبینیدەکەن لە ساڵی 2019دا و بەهۆی ئاڵۆزی بواری سیاسی عێراق، پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بێت و پێشیانوایە، لەم ساڵدا نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕەوشی ئاڵۆزی سیاسی عێراق سەربەخۆتر دەبێت و ئەوەش بەگوتەی ئەو شارەزایانە، دەرفەتێک دەداتە ئابووری هەرێمی کوردستان لەسەر ڕیتمێکی باڵانس گەشە بکات.[1]
#04-01-2019#