هەوێ هەوێ جوان دەکات، هێوەرژن هێوەرژن خێرا دەکات
وتراويشە(هەوێ هەوێ جوان دەکات، هاوگيان هاوگيانی ئازا دەکات) حاجی گەورە شاعير فەرمويەتی(دوو هەوێن دونيا و عوقبا) واتە دونيا و قيامەت وەک دوو هەوێن و ڕکابەری يەکترن، هەوێ-ش دوو ژن کە پياوێکيان هەبێت يەکسەر پێيان دەوترێت(هەوێی يەکترن)، بە ژنی دووبراش بۆيەکتری لە هەولێر و کۆيە دەوترێت(هاوگيان) و لەسلێمانی-ش دەوترێت(هێوەرژن).
ئينجا ئەم دەربڕين و زاراوە ئيديۆميە بەڕاستی لەچوارچێوەی ململانێ-وە هاتۆتە ئاراوە، هەوێدارەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنج و خۆشەويستی پياوەکەيان خۆيان خاوێن ڕادەگرن و وەسمە و کل و کلچوک و کلدان و عەتر و مێخەک و قەنەفر و خەنەبەندان و بەهەر شێوەيەک بێت خۆيان دەڕازێنەوە تا سنوری ئەوەی خۆيان وا لێ دەکەن کە هەندێجار نەياناسيەوە ئەگەر مێردەکەيان لەدەرەوە بيانبينێ چاوي بۆيان بسوڕێنێ بۆ سنوری چاوباشقاڵی، هێوەرژن و هاوگيان-ەکانيش بۆ ڕاکێشانی سەرنج و خۆشەويستی خەڵک و کەس و کاری مێردەکانيان ئەم ململانێيە دەکەن تا بوترێت فڵانە بوک يان فلانيان ئازاو کەيبانوو و پاک وخاوێن(خاوێن وباوێن)ە و بەرێز و نابدە و دەست و دڵپاک و زمان شيرين و بەگفت و لفتە، بۆيە کەخەڵک ديارە هەردوولا هێوەرژن و هاوگيان تاودەدەنە ئيش وکارەکان و خێراو گورج و ئازا خۆ دەنوێنن هەر بۆيە لەکوردەواری ئەگەر دوو ڕکابەر هەبێت لەسەر هەرشتێک يان کارێک يان هەڵوێستێک ئەوا دەوترێت(هەوێ هەوێ جوان دەکات، هێوەرژن هێوەرژن خێرا دەکات).
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 1,281 gånger