لە ئەنجامی چەند چالاکییەکی گەریلاکانی #هەپەگە# لە چەلێ، بارزان و لێلکان حەوت سەربازی سوپای تورک کوژران.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە بارەی چالاکیی گەریلاکان لە باشوری کوردستان و جولەمێرگی باکوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لە سە ڕماڵپەری فەرمییدا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: گەریلاکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا لە دژی داگیرکارییەکانی حکومەتی تورک لە خاکی باشوری کوردستان چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا: 28ی نیسان کاتژمێر 12:45 خولەک لە تەپە شوندری سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییەک ئەنجامدرا، ئەنجامی ئەو چالاکییە نەزاندراوە.
لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاند: دوێنێ کاتژمێر 01:00ی نیوەڕۆ، گەریلاکانمان لە گردی لێلکان لە باشوری کوردستان چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورک ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گورز لە سوپای تورک درا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان نەزانرا.
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە: هەر دوێنێ کاتژمێر 04:15 خولەکی پاشنیوەڕۆ لە دژی سوپای تورک چالاکییەک لە گردی لێلکان ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێک کوژرا.
لە بارەی چالاکییەکی ئەمڕۆی گەریلاکانیشەوە، هەپەگە ڕایگەیاند: بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر 04:20 خولەک گەریلاکانمان لە گردی بەیرەقی دەڤەری بارزان چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورک ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا سێ سەربازی سوپای تورک کوژران.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: ڕۆژی 28ی نیسان ڕامانگەیاند، کە گەریلاکانمان ڕۆژی 26ی نیسان لە تەپە سۆری سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییان لە دژی سوپای تورک ئەنجامداوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، لەو جالاکییەدا سێ سەربازی سوپای تورک کوژراون و چواری دیکەس برینداربوون.[1]
#30-04-2018#