دواڕۆژ، #عیماد جەباری#
#کەرکووک#، پارێزگا دەوڵەمەندەکەی عێراق بەچەند کۆمپانیاو بەڵێندەرێک قەرزدارە و بەهۆی بێ پارەییەوە نەک پڕۆژەکان، بەڵکو پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکیش لەشارەکە پەکیکەوتووە.
ئەگەر چی کەرکووک، بەیەکێک لەشارە دەوڵەمەندەکانی عێراق دادەنرێت بەهۆی بوونی کێڵگەیەکی زۆری نەوت و کەرتی کشتوکاڵی تێیدا، بەڵام نەیتوانیوە سودیان لێوەربگرێت، چونکە قازانجی چنینەوەی بەرهەمەکانی لەنێوان بەغدا و هەولێر تەراتێن دەکات و خۆیشی لەو نێوەندەدا قەرزارە.
بەپێی بەدواداچونێکی دواڕۆژ، شایستەکانی کەرکووک لەچوار ساڵی ڕابردوودا کە لەلایەن بەغداوە پێینەدراوە، زیاتر لە 500 ملیار دینار و هەرێمی کوردستانیش دەستی بەسەر 51 ملیۆن دۆلاری پارێزگاکەدا گرتووە.
جەماڵ مەولود سەرۆکی لیژنەیی دارایی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە دواڕۆژ ی وت نزیکەی ملیارێک دینار بەبەڵێندەرو کۆمپانیاکان قەرزارین کە لەماوەی ڕابردوودا پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لەپارێزگاکە ئەنجامداوە.
هۆکاری ئەو قەرزارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەی چوار ساڵە حکومەتی عێراق بەبیانوی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە هیچ بڕە پارەیەکی وەکو بودجە ڕەوانەی کەرکووک نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر 51 ملیۆن دۆلاری پارێزگاکەدا گرتووە.
مانگێک پێش ئێستایش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر و نەبوونی توانای دابینکردنی کرێی مانگانە، ئیدارەی کەرکووک گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای خالید شینکی هەڵوەشاندەوە کە ماوەی چەند ساڵێک بوو گرێبەستێکی لەگەڵ ئیدارەی پێشووی کەرکووکدا ئەنجامدابوو بۆ پاککردنەوەی شارەکە لە خۆڵ و خاشاک.
هەرچەندە ماوەی چوار ساڵە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی وەکو بودجە ڕەوانەی کەرکووک نەکردووە، بەڵام تاوەکو پێش ڕووداوەکانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، شارەکە سودی لەو پارەیە دەبینی کەوەکو شایستەی بتڕۆدۆلار لەبەرامبەر هەناردەی نەوتەکەیدا لەلایەن هەرێمەوە پێیدەدرا.
بەڵام لەدوای دورخستنەوەی نەجمەدین کەریم و دانانی ڕاکان سەعید جبووری وەکو پارێزگاری کەرکووک ئیدی نە نەوت لەڕێگەی هەرێمەوە ڕەوانە کرا و نە پارەی بتڕۆدۆلارەکەیش گەڕایەوە شارەکە.
جەمال مەولود ڕوونیکردەوە ماوەی 4 ساڵە حکومەتی بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی ڕەوانەی کەرکووک نەکردووە، کە ساڵانە کەمترین بودجەی شارەکە لەپارەی پەرەپێدانی هەرێمەکان 120 ملیار دینار بووە.
وتیشی لەماوەی ڕابردووشدا لەبڕی هەر بەرمیلێک نەوت دۆلارێک بەر پارێزگاکە دەکەوت، کە ماوەیەک پێش سەرهەڵدانی داعش ئیدی ئەو پارەیەشی بڕی، کە وەکو قەرز لەسەری هەژمارکراوە.
ناوڕاستی ساڵی 2014 دوای سەرهەڵدانی داعش، بەشێک لەکێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کەوتنە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و لەرێگای بۆری نەوتی هەرێم – تورکیاوە هەناردەی بەندەری جیهان دەکرا، بەپێی گرێبەستێکیش مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەکو بتڕۆدۆلار لەبەرامبەر هەناردەی نەوتەکەیدا دەدرایە شارەکە.
ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە دواڕۆژ ی وت بەشێوەیەکی فەرمی 51 ملیۆن دۆلار شایستەیی کەرکووک لەپارەی بتڕۆدۆلار لەبانکی کوردستانە لەهەولێر، بەڵام بەهۆی سکاڵایەکی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاوە حجز خراوەتە سەری.
رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەدوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکان بۆ پارێزگاکە، شارەکەی بەرەو هەولێر بەجێهێشت و بەبیانوی تێپەرنەبوونی خەرجکردنی ئەو پارەیە بەئەنجومەنی پارێزگادا سکاڵای لەدادگای هەولێر تۆمارکردووە.
ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دواڕۆژ نەیشاردەوە کە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کەرکووک باجی قورسی داوەو دانیشتوانەکەشی زەرەرمەندی یەکەمن.
وتیشی بەغدا وەکو هاوکاری بودجەیەکی کەمی بەسەر زۆربەی پارێزگاکانیدا دابەشکردووە، بەڵام کەرکووکی لێی بێبەشکردووە و هەرێمیش دەستی بەسەر پارەی شارەکەدا گرتووە، لەکاتێکدا ڕۆژانە کرێکارانی گرێبەستی شارەوانی بۆ داوای شایستەی مانگانەیان خۆپیشاندان دەکەن.[1]
#06-04-2018#