دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
هەرکاتێک مێردمنداڵێک بەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە دەبینم زۆر خێرا دەڕۆم، بۆ ئەوەی جێیبهێڵم یان لەسەرخۆ دەڕۆم بۆ ئەوەی ئەو من جێبهێڵێت ئەمە وتەی شۆفێرێکە لەشاری هەولێر، پۆلیسی هاتوچۆش ڕایدەگەیەنێت ئەوانیش هەستیان بەمەترسی ماتۆڕسکیلەکان کردووە، بۆیە تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەر 2500 ماتۆڕسکیلدا گرتووە.
لەئێستادا بەشێوەیەکی فراوان لەشەقامەکانی شاری هەولێر ماتۆڕسکیل بەدیدەکرێت، بەڵام تەنها هەندێکیان مەرجەکانی سەلامەتیان پەیڕەو کردووە، زۆربەشیان لەئێستادا پۆلیس بەدوایانەوەیە بۆ دەستگیرکردنیان.
نەبەز محەمەد تەمەن 30 ساڵ کە خێزاندارەو لەگەڕەکی سێبەردانی هەولێر نیشتەجێیە، ماتۆڕسکیلێکی پێیە و لە بازاڕی لەنگە (کۆنە) کاردەکات و بە ماتۆڕەکەی دەچێتە سەرکار و دەگەڕێتەوە.
نەبەز کە بژێوی لەسەر ئەو کارکردنەیە کە لەبازاڕی لەنگەی هەولێر دەیکات، بۆ دواڕۆژ وتی کە ماتۆڕەکەم کڕی ڕۆشتم هەموو ڕێکارە یاساییەکانم تەواوکرد.
نەبەز کە مۆڵەتی لێخۆڕینی ماتۆڕی هەیە و کڵاوی تایبەتی لێخوڕینی هەیە، باسی لەوەشکرد کە خۆی و هاوسەری هەموو کارێک و میوانیی و سەردانی کەسوکاریان بە ماتۆڕەکەی دەیکەن، دەڵێت بۆ ئەوەی ماتۆڕەکەم دەستی بەسەردا نەگیرێت ڕێنماییەکانم وەکو خۆی جێبەجێکردوە.
لەئێستادا لەهەولێر بەتایبەت ئەو شەقامانەی کە تازە کراونەتەوە یاخود تەواوبوون و نەکراونەتەوە چەند گەنجێک بەیەکەوە دەچن لەو شەقامانە هەمیشە سەرقاڵی پێشبڕکێن لەسەر خێرایی و چۆنێتی لێخوڕین کە بووەتە هۆی مەترسی بۆ ژیانیان.
عەلی قادر خێزاندارە و پیشەی پێشمەرگەی زێرەڤانییە، دانیشتوی گەڕەکی کارێزانی هەولێرەو لەساڵی ڕابردوو 2016 لەکاتی چوونی بۆ مزگەوت بۆ نوێژی بەیانی ماتۆڕێک خۆی پێداکێشاوە، بەو هۆیەوە پەراسوی شکاوه و ماوەیەکی زۆر لەسەر جێگا کەوتووە.
عەلی بە دواڕۆژی وت مزگەوتەکە لەماڵمانەوە نزیکە، لەناوەڕاستی ڕێگا ماتۆڕێک بە خێراییەکی زۆرەوە دەرکەوت و خۆی پێداکێشام و دوو پەراسووم شکا و ماوەیەکی زۆر لەسەر جێگا کەوتم.
بەوتەی ئه و کەسانەش کە ئۆتۆمبێلیان هەیە هەمیشە ترسیان لەوە هەیە ماتۆڕسکیلێک پێیاندا بکێشێت یان لەماتۆرسکیلێک بدەن، چونکە دەبینن ڕۆژانە ڕووداوی لەوجۆرە ڕوودەدات.
نوری محەمەد، ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی پێیەو ماوەیەکی کەمە ئۆتۆمبێلی کڕیوە، بۆ دواڕۆژ قسەی کرد و وتی خۆم تازە ئۆتۆمبێلم کڕیوە، کاتێک بە شەقامێکدا تێدەپەڕم لە دوورەوە ماتۆڕسکیلێک ببینم یان خێرا دەڕۆم یاخود لەسەرخۆ، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی لێی دەربچم.
ترسی نوری بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەندین ماتۆڕ دەبینێ بێ تابلۆن و بەشێکی تریشی لەوە سەرچاوەی گرتوە کە دەڵێن ئەگەر ماتۆڕ لە دواوەش خی پێتدا بکشێت تۆ سەرپێچیکاریی.
رۆژانە پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بڵاودەکاتەوە کە کاری نایاسایی دەکەن و ماتۆڕسکیلەکانیش پشکی شێریان لە سەرپێچییەکان بەردەکەوێت و بە چەندین شێوە وێنە گیراون.
زۆربوونی ماتۆڕسکیل لەهەولێر بۆتەهۆی ئەوەی هاتوچۆ هەڵمەتێکی فراوانی دەستبەسەرداگرتنیان ئەنجامبدات.
فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە 13ی شوباتی 2017 هەڵمەتی دەستگیرکردنی ماتۆڕسکیلیلیان دەستپێکردوە، بۆ ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە نایاسایین.
سەبارەت بە ژمارەی ماتۆڕسکیلە دەستبەسەرکراوەکان، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕوونیکردەوە 2500 ماتۆڕسکیل دەستگیرکراون و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.
ئەو ماتۆڕسکیلانە دەستیان بەسەردادەگیرێت بریتین لەوانەی تۆمارنەکراون و مەنەفێستیان نییە، یاخود شۆفێرەکانیان کەلوپەلی سەلامەتییان نییە، هەروەها ئەوانەشی کە مۆڵەتی لێخوڕینیان نییە.
وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر وتیشی خاوەنی ماتۆڕسکیلەکان تاوەکو ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن ماتۆڕەکانیان بە دەستبەسەرکراویی دەمێنێتەوە.
فازڵ حاجی باسی لەوەشکرد لەئێستادا ڕێنمایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەسەر ماتۆڕسکیلیش جێبەجێدەکرێت و پێویستە وەک هەر ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی شەقامەکان بەکاربهێنن.
لە مانگی ڕابردوودا دۆلارفرۆشێک لەشاری هەولێر لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند دوو چەکداری دەمامکدار لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەیان لەو کەسە کردووە کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو بووەو ڕایانکردووە.
وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەشکرد ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنەی ماتۆڕسکیلەکان بۆ ئەوەیە کە ڕووداوەکانی ماتۆڕسکیل کەمتر ببنەوە یاخود بنەبڕ بکرێت.
15-05-2017