ناو: سۆران
نازناو: سۆرانی مامەحەمە
ناوی باوک: محەمەد عەزیز محێدین
ڕۆژی لەدایکبوون: #02-02-1986#
ڕۆژی شەهیدبوون: #21-07-2008#
شوێنی لەدایکبوون: #کەرکووک#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی سۆران محەمەد عەزیز محێدین، ناسراو بەسۆرانی مامەحەمە، لە ساڵی 02-02-1986 لە گەڕەکی (لەتیفئاوا -شۆرجە) ی کەرکووک لەدایکبووە،
خەڵکی گوندی (مۆردانە) ی ناوچەی جەباری سەربە شارەدێی قادرکەرەمە، شەهید (سۆران) چوار خوشک و پێنج برا بوون، برایەکی لەگەڵ مامێکیدا لەشاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا شەهیدبوون، سۆران بچوکترین ئەندامی خێزانەکە بوو، بەهۆی کۆڕەوی 1991 خانەوادەکەیان ئاوارەی شار #سلێمانی # دەبێت و لەوێ نشتەجێ دەبن، سۆران لە شاری سلێمانی دەچێتە بەر خوێندن، قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی (حەمدی تێکەڵاو) تەواو دەکات و دەچێتە قوتابخانەی ناوەندی (وەتەن)ی کوڕان و ناوەندی شۆڕشی کوڕان دواتر دەچێتە ناوەندی (بەکرەجۆ)ی کوڕان، دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس، خانەوادەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ شاری کەرکووک و لە ناوەندی (سەرکارێز) درێژە بەخوێندن دەدات و دواتر دەچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکووک بەشی (بیستن و بینین) تا ئەوساتەی شەهید بوو خوێندکاری دوا قۆناغی ئەو پەیمانگایە بوو.
شەهید سۆران لەگەڵ هاوشانی خوێندن، سەرقاڵی ئیش و کاری پەڕاوگەکەی بووە، سۆران خولیای خوێندنەوە و نووسین و وەرزش و شانۆ بوو، ئەزموونی نووسینی لە ساڵی 1999 بوو، بەڵام چوار ساڵ دواتر نووسینەکانی بڵاودەکاتەوە، یەکەمین کار لە بواری ڕۆژنامەگەریدا لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) لە ڕێکەوتی #23-08-2003# دا بەناوی تەنیا جەباری بڵاو دەبێتەوە، بە ناونیشانی خولی پیشەیی ڕێکخراوی (UNOPS) ، یەکەمین وتاری بە ناونیشانی (پەرژینکردنی گۆڕستانی شێخ سەعیدی خێرخوازان) بوو، دوای گەڕانەوەیان بۆشاری کەرکووک بەخۆبەخش وەکوو پەیامنێر کار بۆ (کەرکووکی ئەمڕۆ) دەکات کە زمانحاڵی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکووک بوو، هاوکات لەتەلەفیزۆنی (ئەل-ئێراقییە) پەخشی کەرکووک وەک پەیامنێر کاردەکات.
پەیامنێری کەرکووکی هەفتەنامەی (کوردش گڵۆپ) بوو، لە #هەولێر# بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرایەوە، لە #01-03-2003# دەبێت بەپەیامنێری (کوردستان ڕاپۆرت) دواتر دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ڕۆژنامەکە، لە ڕۆژنامەی (#چەمچەماڵ#) لە ژمارە (11) تاکوو ژمارە (12) ستوونێکی هەبوو بەناوی (نیشتمانی بێ ئارایشت) .
بەرپرسی ڕاگەیاندنی (ناوەندی چاک) بووە لە کەرکووک.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (نوگرە سەلمان) بووە لە شاری کەرکووک.
لە ساڵی 2006 یەکەمین دیداری ڕۆژنامەوانی بۆ گۆڤاری لڤین لەگەڵ (نووری تاڵەبانی) سەبارەت بە بارودۆخی پەڕڵەمان ئەنجام دەدات لەژمارە (37) بڵاودەبێتەوە،
لە ژمارە (42) بەفەرمی دەبێت بە بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی گۆڤاری لڤین تا شەهیدبوونی بەردەوام دەبێت.
دواکاری لەژمارە (69حوزێرانی 2008) بەناوی سۆزانییەکان کەرکووک داگیر دەکەن بڵاوکردبووە وە. لە ڕۆژنامەکانی (ڕۆژنامە، ئاسۆ، هەواڵ، چەمچەماڵ، کەرکووکی ئەمڕۆ و..هتد) گۆڤاری (بانەڕۆژ) و سایتەکانی (ماڵێک لە ئاسمان، دەنگەکان، کوردستان پۆست، ئارامی و..هتد) نووسینی و وتاری بڵاوکردبووە وە.
لە ساڵی 2005 لە کەرکووک پەیوەندی بەتیپی شانۆیی (هەنگاوی نوێ)ەوە دەکات لە هەمان ساڵ بە بۆنەی یادی کارەساتی (ئەنفال) ەوە شانۆی (دێین و دەچین) لە زانکۆی سلێمانی پێشکەش دەکەن.
لەگەڵ ڕێکخراوی هاموون لە پارێزگای #هەڵەبجە#
بۆ یادی کارەساتی کیمیاباران شانۆگەرییەک پێشکەش دەکەن، لەو شانۆگەریەدا ئەم دیالۆگەی پێشکەش کردبوو، (ئەها! ئەوە سەرپۆشەکەی سەری دایکمە کە چەندین جار منی پێ داپۆشیوە...
ئەها..ئەوە بێڵەکەی دەستی باوکمە، کە چەندین جار ئەم خاکەی پێ کێڵاوە..
بەڵێ...
ئەوەکراسەکەی بەرێ کاکمە، ئەها چۆن زەردهەڵگەڕاوە! ڕەنگی ماتەمی پۆشیوە..
ئاخ هەڵەبجەکەم..ئاخ..ئاخ..)
جگە لە ڕۆژنامە و هەڵبەست و شانۆ، لە ساڵی (2000) ەوە لە خولە میللییەکاندا بەشداری یاری تۆپی پێی کردووە، لە سلێمانی تیپی (دواڕۆژ لە گەڕەکی بەکرەجۆ، ئەستێرە، ئازادی، قەڵای کەرکووک) یاری کردووە.[1]