بانەمەڕ
بەهارە و مانگی خۆشی بانەمەڕ سەیری کە بیبینە
دەر و دەشت و چیا و کێو و کەژی دنیا هەموو شینە
چیا غەمڵی، گیا شین بوو، چەمەن ڕازاوە، گوڵ پشکووت
لە هەر لا تێ دەفکرێ سوێسنە و بەیبوون و نەسرینە
وەها نەخشاوە کوێستان، عەقڵی تێدا مات و حەیرانە
بە خەتت و خاڵی ئاڵ و واڵی شان و یاڵی ڕەنگینە
شریقەی هەورە، گرمەی ڕەعدە، هاڕەی ئاوە، هاژەی با
هوجوومی لەشکری سێڵاوە، جەنگەی کانی تۆقینە
گوڵی ژالە بە عەینی تاوسێکە چەتری هەڵداوە
سوپای لالە لە شانی کێوەکان سەرگەرمی تەمرینە
لە سەر چۆم و چیا قاز و قورینگ و قومری پۆل پۆلن
گوڵ و لالەی بناری کێو و کەژ تیپ تیپ و چین چینە
چەمەن فەڕشێکی سەوزە نەخشەکەی لالە و گوڵ و سونبول
لە دەشتێ ڕاخرا وەک ئەتڵەس و خارا و پەشمینە
لە پاش بارانە بڕوانە شلێر و شەشپەڕ و شەوبۆ
لە وێنەی وانە وا ئەلوانە ڕەنگی کۆلکەزێڕینە
گوڵ ئەستێرەی شەوی نیسانە خاشخاشکی بەیانانە
ترووسکەی ئاوری شوانە لە نێو ئەو مێرگە نەخشینە
کزەی بایەک گەڵای داران دەبزوێنێ و بریقەی دێ
دەڵێی ئاهی منە و گوێی دڵبەرە و گوارەی تەڵایینە
دڵۆپەی شەونمی پەلکی گوڵ و بۆنی شنەی شەوبۆ
هەناسەی ساردی فەرهادە و تکەی فرمێسکی شیرینە
عەزیزم پایزە، کاتی زەکاتە، وەختی خەرمانە
بەهاری مەیلەکەت زستانە ئەمما لێرە هاوینە
ڕەقیبی وردەگر بیستوومە باسی وەردی پێ وەردە!
دەڵێ ئەو شێوە شێوەی کۆنەیە و دووبارە جاوینە
بەڵێ بۆ ئەهلی دڵ تەوسیفی گوڵ وەک سوونەوەی مێشکە
بڵێ هەر تازەیە لای بولبولان ئەو ڕەسم و ئایینە
«حەقیقی» ئەو بەهاری سوور و شین پەندێکە بۆ ئێمە
بەهاری عومری ئێمەش وا دەمێ سوورە و دەمێ شینە
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]