ناونیشان: پێشبینییەکان بۆ دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە 2020
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #06-06-2020#
کەمبوونەوەی خواست بۆ وزەی ئەمساڵ بووەتە هۆی دابەزینێکی بێوێنەی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە 2020، بە جۆرێک نەک هەر ڕێکۆردێکی نوێی تۆمار دەکات، بەڵکۆ دوو هێندەی هەموو ئەو دابەزینانە دەبێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆ دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن ڕوویداوە.
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 و لێکەوتەکانی لەسەر کەمبوونەوەی خواستی سووتەمەنییە جۆراجۆرەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن بەبڕی 2.6 ملیار تۆن لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (گاردیەن) ی بەریتانی، کە لەسەر بنەمای داتاکانی (GSP و CDIAC) ئامادەکراوە، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بەرێژەی 5% لەسەر ئاستی جیهان.
لەسەر ئاستی جیهان، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کەمبوونەوەی دەردانی دووانەئۆکسایدی بەرێژەی 5% کەمترە لە چارەکی یەکەمی 2019، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەردانی دووانوکسایدی کاربۆن لە خەڵووز بەڕێژەی 8%، لە نەوت بەڕێژەی 4.5% و لە گازی سرووشتییەوە بە ڕێژەی 2.3% دابەزیوە.
دابەزینی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن بە بەراورد لەگەڵ کەمبوونەوەی خواست زیاترە، چونکە خواستی سەر ئەو جۆرە سەرچاوانەی هۆکاری سەرەکی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆنن بە ڕادەیەکی زیاتر لە سەرچاوە پاکترەکان دابەزیوە.
ئەو وڵاتانەی کە زووتر و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر تووشی پەتای کۆڤید-19 بوونەتەوە، ڕێژەی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆنیشیان زیاتر دابەزیوە، بۆ نموونە لە چین و وڵاتانی ئەورووپا ڕێژەی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن 8% و لە ئەمریکا 9% دابەزیوە، لە کاتێکدا کەشوهەوای زستانی ئەمساڵیش هۆکار بووە بۆ ئەوەی لە ئەمریکا دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن کەم ببێتەوە.
داتاکانی (GSP و CDIAC) ، کە دوو دامەزراوەی تایبەتن بە کۆکردنەوەی داتای دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن، دەریدەخەن دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە ساڵی 1945 و پاش جەنگی جیهانی دووەم 750 ملیۆن تۆن کەمبووەتەوە. لە ساڵی 1975 و لە دوای قەیرانی دارایی 1970، دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن 100 ملیۆن تۆن دابەزیوە. دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە ساڵی 1983 و پاش قەیرانی دارایی 1980 بەبڕی 1 ملیار تۆن لە ماوەی 4 ساڵدا و لە کاتی قەیرانە داراییەکەی 2008-2009بەبڕی 400 ملیۆن تۆن دابەزیوە.
=KTML_Bold=پێشبینییەکان بۆ 2020=KTML_End=
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێشبینی دەکات لە چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی ئەمساڵ دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن زیاتر ببێت و بۆ هەموو ساڵەکە بگاتە 30.6 گیگاتۆن، بەو پێیەش ڕێژەی دەردانەکە 8% لە چاو ساڵی ڕابردوو کەمتر دەبێت، ئەوەش لەسەر ئاستی ساڵ زۆرترین بڕی دابەزینە دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە 2010ەوە لە ماوەی ساڵێکدا بە خۆوە بینیبێتی.
دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە 2020 بە بەراورد بە کاتی قەیرانی دارایی جیهانیی 2009 بەرێژەی شەش هێندە کەمتر بووەتەوە. لە کاتی قەیرانە داراییەکەی 2009 بڕی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن 0.4 گیگاتۆن دابەزیبوو. دەردانی دووانەئۆکسایدی 2020 دوو هێندەی کۆی ئەو دابەزینانەیە کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە دەردانی ئەو گازەدا ڕوویداوە.
لە کۆی ئەو 2.6 گیگاتۆنەی لە دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆنی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کەمبووەتەوە، 1.1 گیگاتۆنی بۆ خەڵووز، 1 گیگاتۆنی بۆ نەوت و 0.4 گیگاتۆنی بۆ گازی سرووشتی دەگەڕێتەوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانیش، ئەمریکا گەورەترین ئاستی دابەزینی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆنی بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ دەردانی ئەو گازە لە ئەمریکا بە بڕی600 ملیۆن تۆن کەمیکردووە. چین و یەکێتیی ئەوروپا بە جیاوازییەکی کەمەوە دوای ئەمریکا دێن.
دابەزینی ئاستی دەردانی ئەو گازە بە پێی ستراتیژ و بەرنامەیەکی پێشوەختی وڵاتان نییە، بەڵکوو دۆخێکە وڵاتان بێ خواستی خۆیان تێیکەوتوون و هەر ئەوە لەناکاوبوونەشی وایکردووە دەیان هەزار کەس لە کەرتی وزەی جیهان بێکار ببن. فاتیح بیروڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت: کەمبوونەوەی ئێستای دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن ڕوودەدات قەیرانی دارایی لێکەوتووەتەوە و هەزاران کەسی لە کار و سەرچاوەی بژیوی بێبەشکردووە.
بیرۆل جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت ئەوەمان بیربێت کەمبوونەوەی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن بەهۆی بڕیاری ژیرانەی حکومەتەکانی جیهانەوە نەبووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکار و سیاسەتەکانی ڕێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا.
ئیرک هولم، لێکۆڵینڤانی باڵا لە ڕیستاد ئینرجی پێیوایە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووداوێکی نامۆیە بۆ بازاڕی وزە و لەسەر ئاستی هەموو جیهان لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی بۆ دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەبێت.
کەمبوونەوەی جۆڵەی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان خواستی بۆ گاز و بەنزینی جیهان بەرێژەی 9.4% لە 2020 کەمدەکاتەوە، ئەمەش وادەکات ئەمساڵ جیهان بەبڕی 6.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دادەبەزێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دەردانی ئەو گازە دەبێت بە هۆکارێکی سەرەکیی گەرمبوونی گۆی زەوی دادەنرێت.
دابەزینی دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە 2020 لە کاتێکدایە کە پێش سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شارەزایانی بواری وزە پێشبینییان کردبوو ئەمساڵ دەردانی دووانەئۆکسایدی کاربۆن لە بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی وزە و سوتەمەنی بۆ 36.8 گیگاتۆن بەرزببێتەوە. [1]