خەڵات هەرگیز خولیای من نەبووە
ئامادەکردنی: #نەرمین عوسمان محەمەد#
عەبدولقادر عەبدئەللی نووسەر و وەرگێڕێکی سوورییە بە وەرگێڕێکی گەورەی عەرەب هەژمار دەکرێت کە ئەدەبی تورکی وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی.
ئەم وەرگێڕە بەکارەکانی بووەتە هۆکاری درووستبوونی پردێکی ڕۆشنبیری کە لێوەی خوێنەری عەرەب پەڕیوەتەوە بۆجیهانی ئەدەبی تورکی.
ئەم وەرگێڕە سەرەتای ئەزموونی وەرگێڕانی خۆی بەوەرگێڕانی کارە ئەدەبییە گاڵتە جاڕییەکانی عەزیز نەسین دەستی پێ کرد و ڕۆمانی زوبکی ئەو نووسەرەی وەرگێڕا، دواترتوانی 55 پەڕتووکی نووسەرانی بەتوانای ئەدەبی نوێی تورکی وەربگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی لەوانە ئۆرهان پاموک و نازم حیکمەت و یەشار کەمال و ئەلیف شەفەق و چەندین نووسەری دیکە؛ لە هەموویشیان زیاتر کارەکانی ئۆرهان پاموک بوو تا کار گەیشتە ئەوەی ئەو نووسەرە عەبدولقادر ئەللی بە وەرگێڕی تایبەتی کارەکانی بۆ زمانی عەرەبی هەژمار بکات. لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا ئەم وەرگێڕە ڕوویکردە وەرگێڕانی زنجیرە دراما تورکییەکان و لەم کارەشیدا سەرکەوتووبوو وەکوو پێشترلە ڕۆژی 2/ی مارسی ساڵی 2017 دا پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە ئەم وەرگێڕە لێهاتوو و بەتوانایە کۆچی دوایی کرد.
ئەمەی لەخوارەوە هاتووە پوختەی چاوپێکەوتنێکە کە ماوەیەکی کەم پێش کۆچی دوایی ئەم وەرگێڕە بەتوانایە لەگەڵی سازدراوە.
*هۆکارچییە لە زمانی تورکییەوە تەرجەمە دەکەیت؟ بۆ ئەو زمانەت هەڵبژاردووە؟ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەتایبەتی کە لەو سەردەمەدا هیچ بایەخ پێدانێک نەبووە لایەن عەرەبەوە بەئەدەبی تورکی، بەڵکوو سەردەمی بەربڵاوی بیری نەتەوەیی بوو کە عوسمانییەکانیان بەشەیتان ناو زەند دەکرد؟
-هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆخوێندنم لە تورکیا و شارەزایی تەواوم لە مێژووی عوسمانییەکان و ئەدەب وهونەری تورکیدا، ویستم جیاوازی نێوان ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و دەوڵەتی تورکی بۆ خوێنەربخەمەڕوو.
*لەوانەیە خوێنەربپرسێت ئایا تۆئەوهەموو کاتەت لەکوێ بوو تێیدا لە ڕۆژنامەکاندا بنووسیت و ئەو ژمارە زۆرەی پەڕتووک وەربگێڕیت و لەگە ڵیشدا چەند کارێکی دراما و سینەماش وەربگێڕیت؟
-من 35 ساڵە کاردەکەم، کەسە نزیکەکانم دەزانن هەندێک کات لەخەو ڕادەپەڕم تاوەکوو خەوێک تۆمار بکەم کە بینیوومە بە نووسین بێت یاخود بەوێنە کێشان بێت، تاوەکوو لە خشتەی کارەکانمدا تۆماربکرێت، پێم وایە نهێنی ئەو هەمووکارە زۆرە زوو هەستانە لەخەو، ڕێکخستنی کاتی کارکردنە هەر وەها گرنگە کار لەبۆنە کۆمەڵاییەتییەکان جیابکرێتەوە.
*ئایا نێوەندی ڕۆشنبیری سووریا هیچ ڕێزلێنانێکیان بۆ کردوویت؟ یاخود خۆت هیچ خەڵاتێکت بەدەست هێناوە لەپای وەرگێڕانەکانت یاخود کارە تەشکیلییەکانت؟
-بەئەمانەتەوە پێت دەڵێم خەڵات بەدەستهێنان هەرگێز خولیای من نەبووە، بەڵام پێم وایە مەزنترین خەڵات بۆ من لە ژیاندا ئەوەبووە کە هەندێک نووسەر بەستایشەوە وەرگێڕانەکانمیان بۆ ناردوومەتەوە یاخود دانیان بەوەرگێڕانەکانمدا ناوە وەکوو حەسیب ئەلکەییالی و عەزیز نەسین، هەروەها ئۆرهان پاموک تایبەتمەندێتی وەرگێڕانی کۆی نووسینەکانی بە هاوکاری خانەی ئەلشروق پێبەخشیم و لەم دواییانەشدا خەڵاتی یانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عەرەبم لە قەتەر وەرگرت.[1]
سە ڕچاوە: www.alaraby.co.uk