کارەکتەرەکان دەق درووستیان دەکات
لە عەرەبییەوە: #نەرمین عوسمان محەمەد#
ڕۆمانی (سوکتر لە با) ڕۆمانی ڕۆماننووسی ئیسپانی فیدریکۆ جانمیرە و لە ساڵی (2009) دا بڵاوبۆتەوە و لە هەمانساڵدا خەڵاتی کلارین بەخشراوەتە نووسەرەکەی بۆ ئەم ڕۆمانە. ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە سەبارەت بە دزییەکە کە هەموو پێوەرەکان دەگۆڕێت و دزەکە دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ژنێکی پیرەوە.
سەبارەت بەم ڕۆمانە گۆڤاری (الیمامە) ی سعودی لە ژمارەی مانگی (1) ی ساڵی (2003) دا ئەم چاوپێکەوتنەی بڵاوکردۆتەوە.
نازانم لە ڕۆمانەکانمدا چی ڕوودەدات کاتێ دەست بە نووسینیان دەکەم و لێدەگەڕێم کارەکتەرەکان دەربکەوت، بەم شێوەیە فیدریکۆ جانمیر بیرۆکەی دەقێک هەڵدەبژێرێت و لە ڕێگەی نووسینی دەقەکەوە کارەکتەرەکان درووست دەبن و ڕووداوەکان ڕوو دەدەن، ئەوە دەنووسێت کە هەستی پێدەکات ئەو دەمەی گوێی لە چیرۆک و بەسەرهاتەکان دەبێت سەبارەت بە کۆمەڵگەکەی و ڕۆشنبیری ئەو کۆمەڵگەیە، نووسەر لە ئەرجەنتین لەدایک بووە و لەوێ ژیاوە لە کۆمەڵگەیەکدا بایەخی بە چیرۆک داوە و هونەری ڕۆمانی بە کارامەیی زانیوە، ئەمەش وای لێکردووە ببێتە خاوەنی توانایەکی گەورە لە نووسینی داهێنەرانەدا بەهۆی تایبەتمەندێتی خۆیەوە لە ئەدەبی ئیسپانیدا.
هەمیشە ڕۆمانی (سوکتر لە با) ی فیدریکۆ جانمیر بووەتە مایەی مشتومڕ سەبارەت بە لاوی ناو ڕۆمانەکە و ڕادەی کاریگەریی ڕابردوو لەسەر ژیانی خانمی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، چون ئەو هەموو هەوڵی داوە و نەیتوانیوە ڕزگاری بێت لە تەنیایی و لەگەڵ ئەوەی کە ئەو لاوە پەلاماری خانمەکەی داوە، بەڵام خانمەکە دەرفەتێکی دیکەی بۆ ئاخاوتن و هەستکردن بە ژیان جارێکی دیکە لەگەڵ ئەو لاوەدا دۆزیوەتەوە لەسەر بنەمای باوەڕبوونی بەوەی دەتوانێت ئەو لاوە سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە و ئەوەی لە ناخیدایە لەو ڕێگەیەوە هەڵیبڕێژێت.
*لە میانی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەست بەوە دەکرێت کە خاوەنی شێوازێکی جوانی نووسینیت و هونەری گێڕانەوە بەباشی دەزانیت، ئایا نووسینەکانت تەواوکەری خوێندنەوەتن لە ئەدەبی لاتینیدا؟
-بەبۆچوونی من هەموو چیرۆکێک پێویستی بە ڕێگایەکی ڕاستە بۆ گێڕانەوەیەکی نووسەر دۆزینەوەی ئەم ڕێیە، لەم دۆخەدا لە مۆنۆلۆگەکەدا بڕیارمدا پاڵەوانەکە خانمێک بێت لە چینی ئەرخەوانی کە چینی دەسەڵاتدارە و کوڕەکەش کەسێکی زۆر هەژارە و پەراوێزخراوە سەر بەو چینەیە لە کۆمەڵگەکەماندا کە دەرفەتی ئاخاوتنیان نییە، پێموابوو ئەمە چیرۆکەکە بە ڕێگایەکی باشتر و زۆر کامڵتر دەگێڕێتەوە.
*ئایا ئاگاداربوونت لە ئەدەبی ئیسپانی هۆکارە بۆچوونت بەرەو نووسینی داهێنەرانە یاخود تۆ باوەڕت بەوەیە ئەو بەسەرهات و هەڵوێستانەی لە ژیانی مرۆڤدا ڕوو دەدەن دەقە ئەدەبییەکان دەنەخشێنن و درووستیان دەکەن؟
-زمانی ئیسپانی بێجگە لەو هەموو شتەی دیکە پێی بەخشین (دۆنکیشۆت) بوو ئەوەی زۆر هۆگریم، پەڕتووکێکە خەیاڵ تێیدا زاڵە، بێگومان هەوڵدەدەم ڕێز لەو ڕابردووە بگرم. هەرگیز نازانم چی لە ڕۆمانەکانمدا ڕوودەدات و واز لە کارەکتەرەکان دەهێنم دەربکەون و بڕیاری هەنگاوەکانیان بدەن، هەوڵدەدەم گوێیان بۆ ڕادێرم و ئارەزووەکانیان بدۆزمەوە و بزانم بۆچی دەگەڕێن، ڕێم بەخۆم داوە بۆ دەرچوون و هەست بەوەش دەکەم. (سوکتر لە با) ، ئەم ڕۆمانە لە ئەنجامی هەواڵێک لەدایک بوو لە تەلەڤزیۆندا بینیم ئەو دەمەی ژنێکی زۆر پیر کوڕێکی لاوی ڕاودەنا کە نیازی دزیکردنی هەبوو لێی و دەبوایە دراوسێکانیان بەرگریان لە کوڕەکە بکردایە لەبەرانبەر ژنەکەدا. ئەوە بووە هۆی نووسینی ڕۆمانەکە.
*تۆ سەر بە کۆمەڵگەیەکیت هونەری گێڕانەوە زۆر بەنایابی دەزانێت، ئایا ئەمە هۆکاری هۆگربوونت بوو بە نووسین؟
-من چیرۆکە ساناکانم خۆشدەوێت نەک چیرۆکە مەزنەکان، چونکە چیرۆکە ساناکان زۆر لەسەر کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری دەدوێن، هەروەها هەوڵدەدەم نموونەکەم لەگەڵ ناواخنەکەمدا بگونجێت زۆر گرنگە ئەمە ڕووبدات، خۆ ئەگەر ڕوونەدات ئەوا ئەدەب نییە و چێژ لە نووسینەوەی وەرناگرم.
*هەوڵت داوە لە ڕێگای ڕۆمانەکەوە سەبارەت بە ژن لە سەدەی بیستدا بنووسیت، ئایا هیچ خاڵێکی وەرچەرخان هەیە لە ژیانی ژندا؟ چی گۆڕاوە لەم سەردەمەدا؟
-رۆمانەکە هەوڵدەدات لەسەر ئەو وەرچەرخانە بدوێت کە لە کۆمەڵگەکانماندا ڕوویداوە لە میانەی سەدەی بیستدا بەتایبەتی ژن، ئەمە هۆکاری چیرۆکی دایکی خانمی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە لە سەرەتای سەدەکەدا و هەروەها هۆکاری چیرۆکەکەیەتی لە کۆتایی سەدەکەدا، سەدەی بیست سەدەی دەرکەوتنی ژن بوو وەکوو بابەتێکی کۆمەڵایەتی، مێژووی فڕین ئەم سەرەتایە ڕوون دەکاتەوە، چونکە زۆرێک لە ژنان مردن لە میانەی هەوڵدانیان بۆ فڕیندا لە ساڵانی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، هاوکات چەند ژنێک زۆر بەهێز بوون و داوای دادپەروەری و یەکسانیان کرد تاوەکوو بەدەستیان هێنا.
*ئەم ڕۆمانە چەند پرسیارێکی بەجێهێشت لەنێو یادەوەری خوێنەردا لەوانە: ئایا ئەوەی ڕوویدا ڕاستەقینە بوو یاخود تەنیا چیرۆکێکی چنراوی نێو مێشکی ژنە پیرەکە بوو هاتبووە دەرێ بەهۆی هەستکردنی بەتەنیایی و هەستکردنی بەوەی بۆ دواجار پێویستی بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیەتی؟
-ماوەی ساڵێک زیاتر سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانەکە بووم و سوێند دەخۆم کە کوڕەکە هەمیشە لەوێ ئامادەبوو، کاتێک ڕۆمانەکە بڵاوبووەوە زۆرێک لە خوێنەران پێیانوابوو لە خەیاڵدانی خانمەکەوە هاتۆتە دەرێ و ئەمەش شتێکی خراپ نییە، لە ڕاستیدا من پێم خۆشە ئەو نادیارییە ڕووبدات و بە پێویستییەکی بنەڕەتی لە ئەدەبدا دەزانم و هەروەها ئازادی هەموو خوێنەرێک لە تێگەیشتنی بۆ ئەوەی دەیخوێنێتەوە بەبێ خوێندنەوەکان دەق نییە و بەبێ واتای هەمەجۆر گێڕانەوەیەکی کەم دەبێت، ئەدەب بریتییە لە گفتوگۆ گفتوگۆیەک دەستەکانیت بۆ بکاتەوە تاوەکوو بەخێرهاتنت بکات.
*دوای ئەوەی پیرێژنەکە چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ کوڕەکە گێڕایەوە پرسیارێک بەمێشکی خوێنەردا دێت ئایا دایکەکە بووەتە قوربانی پێشبینی و خواستەکانی؟
-چوونە نێو جیهانی پیاوان و بەشداریکردن تێیدا ڕیسکێک لە خۆی دەگرێت، ئەم ڕیسکە گەورانەش ژنان بەرگەیان گرت، لەوانەیە هەندێکیان یاخود زۆربەیان قوربانی بن لەو هەوڵەیاندا، بەڵام سەرکەوتووبوون لە بنیاتنانی جیهانێکی جیاواز لە جیهانی ڕابردوو. جیهانێک ژنان دەتوانن وەکوو ڕەگەزێک تێیدا بڕواننە داهاتوویەکی باشتر بەبێ قوربانی.
*لە ڕۆمانی (سوکتر لە با) دا پیرێژنەکە منداڵییەکی سەختی بەڕێکرد ئەمەش هانیدا بگەڕێت بە دوای کارێکدا هاوکاری بکات لەگەشەپێدانی کۆمەڵگەدا و ویستی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی لێبووردە درووست بکات، بەڵام کۆمەڵگە هەرگیز لێی نەبورد و هەمیشە ئەو هەڵەیەی لەیادبوو کە دایکی کردبووی، ئایا هەوڵی ڕێنمایی و ڕاستکردنەوەی کوڕەکەی دا بەهۆی ئەوەی کە خۆی پێیدا تێپەڕیبوو لەبری ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکات؟
-خانمە پاڵەوانی ڕۆمانەکە نوێنەرایەتی ئەو چینە کۆمەڵایەتییە دەکات، ئەو سەر بەوانە چینی باڵا واتا چینی دەسەڵاتدار و سەرۆکی ئەرجەنتینی ئەوانەش کۆمەڵەیەکی لێنەبووردەن و زۆر باوەڕیان بە گرنگی فێرکردنی چینەکانی دیکە هەیە کە چۆن هەڵسوکەوت بکەن. دواجار ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی سیاسییە و باس لە گرفتەکانمان دەکات وەکوو دەوڵەتێک و بەپێی ئەو هەموو وەرگێڕانە بێت وا دەردەکەوێت ئەم ڕۆمانە باس لە گرفتەکانی کۆمەڵێک دەوڵەت دەکات.
*لە کۆتاییدا بۆچی ناوی (سوکتر لە با) ت بۆ ڕۆمانەکەت هەڵبژارد ئایا مەبەستت لە سووکی قەوارەی هەستەکانی مرۆڤە؟!
-ناونیشانەکە مایەی گاڵتەجاڕییە بێگومان و باس لە ڕێژەی کەم بایەخ پێدانی زۆرێک لە پیاوان دەکات بە ئارەزووی ژنان و لەوێوە درووست دەبێت ئەو پیاوەی هەر ئێستا ئازاری دایکی خانمی پاڵەوانی داوە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات. هەروەها لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ئەو ناونیشانە درووست دەبێت، هەرچەندە باشترە باس لەو بابەتە نەکرێت.[1]
سەرچاوە:
www. alyamamahonline.com