=KTML_Bold=باوکە گیان سڵاو=KTML_End=
#قوباد تاڵەبانی#
#03-10-2020#
چەند ڕۆژێکە بیر لەوە دەکەمەوە هاتمە خزمەتت چیت پێ بڵێم و چیت بۆ باس بکەم! کوردستان وەک سەردەمی تۆ نەماوە؛ بارودۆخ خراپە و گوزەرانی خەڵک باش نییە.
ئەم بەیانییە تەماشای هەندێک لە وێنەکانتم دەکرد لە هەموویاندا گەشبین و دەم بە پێکەنین بووی، بیرم لەوە دەکردەوە سیحری ئەوە لە چیدایە کە لە ساتە ناخۆش و تاریکەکانیشدا هەر بە هیوا و ئومێدەوە دەتڕوانییە داهاتوو؟ بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی بەر لەوەی نەخۆشی بە یەکجاری لە سیاسەت دوورت بخاتەوە، نەک تۆ، بەڵکوو هەموو کورد بە هیوا و بە گەشبینییەوە ئەیانڕوانییە ئاییندە؟
پێم وایە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ تۆ لە ڕێبازی خۆت دڵنیابووی، گەلیش متمانەیان پێت هەبوو. ڕێبازی تۆ هەوڵدان و لێبڕان و ماندوونەناسی بوو لەپێناو ئازادی و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەش بوو هەر کاتێک کێشە و قەیرانێک هەبوایە چارەسەرێکت پێ بوو، کە هەمیشە لە بەرژەوەندی گشتیدا بوو، نەک لە بەرژەوەندی تایبەتیی هیچ کەس و لایەنێک.
ڕێگای تۆ ڕێزگرتنە لە بیرکردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی ڕەخنە قبووڵ ناکەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سووکایەتیکردن بە دڵنیاییەوە دوورن لە بیروبۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ.
میراتی تۆ کێبڕکێی تەندرووستیی سیاسییە، ڕێزگرتنە لە نەیار و ڕکابەر، هەوڵدانە بۆ یەکێتی و یەکڕیزیی گەلی کورد، کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، ڕێزگرتنە لە سیمبولەکانی نیشتمان، بەڵام بەداخەوە لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەک جاران یەکڕیز نین.
ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیاناوایی تۆدا تێپەڕدەبێت، بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر ڕێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیائاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە ڕێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵدەدەم خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکەم.
باوکە گیان..
بەڵێنت پێدەدەم وەک تۆ شەڕ لەپێناو ئازادی گشتی و ئازادی بیروڕا دەکەم. وەک تۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگران و نووسەران دەکەم و بەرگریکاری مافی ژنان دەبم.
دڵنیا بە لەگەڵ دڵسۆزانی ڕاستەقینەت لە ئێستا بە دواوە بە گوڕوتینی زیاترەوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانت تێدەکۆشین بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکێتی ناو ڕیزەکانی یەکێتی و یەکێتی ڕیزەکانی کورد. دەزانم لەم ڕێگەیەدا تووشی ڕێگری و ناخۆشی و کۆسپی زۆر دەبین، بەڵام بە شانازییەوە هەرچی ناخۆشی و سەختییە قبووڵی دەکەین و چی لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت ئەوە دەکەین.
کوڕی خۆت
قوباد [1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 339 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!