ناونیشانی بابەت: کەمبوونەوەی ڕێژەی سپێرم (تۆو)
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی سپێرم چییە؟ کێشە و نیشانەکانی چین؟ چۆن چارەسەر دەکرێن؟
کەمبوونەوەی بڕی تۆو کە ناسراوە بە (Oligozoospermia) واتە کە ڕێژەی تۆو کەمتر بێت لە 15 ملیۆن لە یەک ملیلیتر لە ئاوی پیاو. هەندێ جار حاڵەتەکە قوورستر ئەبێت و ڕێژەکە کەمتر دەبێت لە 5 ملیۆن سپێرم.
نیشانەی سەرەکی حاڵەتەکە بریتییە لە نەزۆکی، بە جۆرێک کە پیاوەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ بە بەرنامە و بەبێ بەکارهێنانی کرێم و دەرمانی زیانبەخش نەتوانێت منداڵ بخاتەوە.
=KTML_Bold=هۆکارەکان:-=KTML_End=
- بوونی هەندێک نەخۆشی زگماکی کروموسومى وەک کۆنیشانەی کلاینفلتەر و کالمان و Y کروموسوم AZFc.
- هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ و هەوکردن بەهۆی نەخۆشییە سێکسیە گوازراوەکان و هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی وەک ملەخڕە.
- بوونی کێشە لە گوونەکان یاخود ڕژێنی ژێر مێشک کە بەرپرسن لە دەردانی ئەو هۆڕمۆنانەی بەپرسی درووستکردنی سپێرمەکانن.
- گیرانی جۆگەی تۆواو.
- ئەو کەسانەی کە بەرکەوتەی هەندێک جۆری مادە ژەهرەکان وەک زەرنیخ و جیوە و کادمیۆم و قورقوشم.
- ئەو کەسانەی کە کاری بۆیاخ و ڕۆن و بەنزین دەکەن، یا ئەوانەی لە کارگەی پلاستیک کاردەکەن ، یاخود کاری ڕژاندنی دەرمان دەکەن.
- ئەو کەسانەی کە پێشتر نەخۆشی دانەبەزینی گوونەکانیان هەبووە.
- دەوالی گوونەکان.
- مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنێکی گەرم، وەک ساونا، یاخود مانەوە لە ئاوی گەرم یاخود ئیش کردن زور لە شوینى زور گەڕم یاخود سایەق کردن بو ماوەیەکى زور ڕۆژانە یاخود پاسکیل یان ماتۆر لێخوڕینی زۆر ڕۆژانه.
- بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان.
- ئەو کەسانەی کە کێشەی لاوازی سێکسیان هەیە بەتایبەت ئەوانەی کە کێشەی ئاو نەهاتنەوە یاخود گەڕانەوەی ئاویان هەیە بۆ میزەڵدان.
- بوونی وەرەم و شێرپەنجە لە کۆئەندامی زاوزێدا، وەک شێرپەنجەی گوونەکان ، یاخود چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک یاخود نەشتەرگەری یا کیمیایی، کاریگەریان هەیە لەسەر حاڵەتەکە.
- کەمی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن بەهەر هۆکارێ بێت.
- بوونی نەخۆشی هەستیاری بە گەنم یەکێکە لە هۆکارەکان.
- ئەنجام دانی هەندێک جۆری نەشتەرگەری وەک نەشتەرگەری گوونەکان ، پڕۆستات.
- قەڵەوی و قەلەقی و سترێس، جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان.
- بەکارهێنانی ئەو هۆڕمۆنانەی کە یاریزانانی لەشجوانی بەکاری دەهێنن بۆ ماوەیەکی درێژ.
- چارەسەری حاڵەتەکە پشت دەبەستێت بەو هۆکارانەی باسمان کرد. دوای پشکین و دیاری کردنی سەرچاوەی کێشەکە، پزیشکی پسۆڕ چارەسەری پێویست دیاری دەکات. [1]