ناونیشانی بابەت: ڕاستییەکانى نەورۆز
نووسینی: سامان کەریم / زانکۆی #گەرمیان#
ھەموو ساڵێک لە 21ی ئاداردا کورد وەک بەشێک لە گەلانی ئاریایی جەژنی نەورۆز دەگێڕێت. قسە زۆر ئەوترێت لەسەر نەورۆز. ئایا تایبەتە بە گەلی کورد؟ ئایا چۆن و کەی سەری ھەڵداوە؟ بۆچی ئاگر دەکرێتەوە؟ پەیوەندی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک بە نەورۆزەوە چییە؟ کاوەی ئاسنگەر کوردە یان زوحاک؟
ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن و ھەتا ئێستاش رای جیاوازیان لەبارەوە ئەخرێتە ڕوو.
$واتای نەورۆز$
نەورۆز بەمانای (ڕۆژی نوێ) دێت. نەو=نوێ + ڕۆز یان (روز) = ڕۆژ. ئەمە بە واتای داھاتنی ڕۆژێکی نوێ و دەستپێکردنی ژیانێکی تازە. لەخوارەوەش ھەوڵدەدەین ئەوە شی بکەینەوە، کە دەستپێکردنی ئەو ڕۆژە نوێیە پەیوەندی بە پرسێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسییەوە سەردەمێکی کۆنەوە ھەیە.
$سەرھەڵدانی نەورۆز$
گەلانی ئاری نەژاد وەک یەک گرنگی بە نەورۆز دەدەن. بەو پێیەی سەرھەڵدانی ئەم ڕووداوە کەوتووەتە ئەو شوێنە جوگرافییەی کە لە خۆرھەڵاتی ئەوروپاوە دەست پێدەکات بۆ باشووری ئاسیا. ھەر یەک لە ناوچەکانی جێنشینێتی ئێستای (کوردستان، ئێران، ئەفغانستان، ھیندستان، پاکستان و …ھتد) دەگرێتەوە. بۆیە، ساڵانەش ھەر یەک لەو وڵاتانە بە شێوەی جیاواز و تایبەتمەندێتی خۆیان ڕێوڕەسمی نەورۆز یاد دەکەنەوە.
شکور مستەفا لە (دەفتەری کوردەواری) دا دەڵێت: ”ئاریایی نەژادەکان حەوت جەژنی سەرەکییان ھەبوە: نەورۆز، میھرەگان، سەدە، تیرەگان، پەروەردگان و کۆسە”. نەورۆز و میھرەگان پیرۆزترین جەژنیانن.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دوو ھۆکاری سەرەکی لە دیاریکردنی ڕۆژی نەورۆزدا ڕۆڵیان ھەیە، ئەوانیش:
-ھۆکاری سیاسی
-ھۆکاری ئابووری
ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە ھەیە ئەوەیە، کە نەورۆز دەبەسترێتەوە کاتی ڕاگەیاندنی یەکەم چوارچێوەی حوکمڕانێتی ڕێکخراو (دەوڵەتداری) ، کە لە مێژوودا بە دەوڵەتی پێشدادی ناسراوە.
لەسەرزەمینی ئەوکاتی ئێراندا، پێشدادی یەکەم دەوڵەت بووە دامەزراوە. ھەڵبەتە دەوڵەت بەو واتا قەوارە و جیۆسیاسی و یاساییەی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایەوە نا، بەڵکوو وەک پەیکەرێک بۆ ڕێکخستنەوەی ژیانی خەڵک لە بەرەڵایی و ھەرکەس بۆخۆ و ھەڕەمەکییەوە، بۆ ژیانێکی ڕێکخراوتر.
ئەمە ڕووداوە بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان کەوتووەتە سەرەتای بەھارەوە. ڕووداوەکەش بەلای خەڵکەوە گرنگی زۆری ھەبوە و ئەوەی خواستوە کە ئەو ڕۆژە بە (رۆژێکی نوێ) ناو بنێن. ئیتر لەمەوە بوەتە نەورۆز.
ھۆکاری ئابووری پشت سەرھەڵدانی نەورۆزیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەھەمانکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادییەوە، کۆتایی بەوەرزی زستان و قات و قڕی و سەرما ھاتوە و بەپێی گۆڕینی وەرزەکان، لەسەرەتای بەھاردا ژیانێکی نوێ ھاتوەتە کایەوە و خەڵک کە ژیانی لەسەر ڕاو و شکار و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بووە، ھەمیشە لەگەڵ بەھاردا باشتر ژیاون و سەرەتای ئەو وەرزەشیان بە (رۆژێکی نوێ) ناوبردووە.
ھاوکات بوونی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادی و گواستنەوەی ژیانی خەڵک لە ھەڕەمەکی و نادەستوورییەوە بۆ چوارچێوەیەکی ڕێکتر، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەھار و کۆتایی ھاتنی نەھامەتییەکانی سەرما و نەبوونیدا، بوونەتە ھۆکاری دیاریکردنی نەورۆز.
$پێشدادییەکان کێ بوون؟$
سەرزەمینی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادی ناوچەی جوگرافی ئێستای وڵاتی ئێرانە. مێژوونووسەکان دەڵێن: پێشدادییەکان باوانی گەورەی میدییەکانن. بێگومان ئەوە ساغ بوەتەوە کە میدییەکان ڕەچەڵەکی کوردن.
لەقۆناغی دوەمی ژیانی مرۆڤایەتیدا (واتا دوای تۆفانەکەی نوح) ھەتا ھاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە، مێژووی ژیان بەم جۆرە بوە: سەردەمی نوح و کوڕەکانی = پێشدادییەکان = کیانی = میدییەکان = ھەخامەنشینی = ئەشکانی = ساسانی = ئیسلام.
سەرچاوەی مێژوویی کەمە، کە شیکردنەوە بۆ مێژووی پێشدادییەکان بکات. ئەوەی ھەیە ئەو قەوارەیە توانیویەتی ژیانی خەڵک ڕێک بخاتەوە و ژمارەیەک پاشا فەرمانڕەواییان تیادا کردووە، کە (کیومەرس) یەکەم پاشایان بوە و بەیەکەم پاشای ئەفسانەیی حوکمڕانی سەرزەمین ناسراوە، دواتر (ھۆشەنگ) و پاشان (تەھموری) و دواتر (جەمشید) ی چوارەم پاشای پێشدادییەکان و دوای ئەویش (زوحاک) ھاتووە.
$پەیوەندی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک بە نەورۆزەوە$
مێژووی نەورۆز وەک لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، کۆنترە لە مێژووی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک. ئەگەرچی ئەم دوو کارەکتەرەش بەشێک لە مێژووەکە.
جەمشید کە چوارەم پاشای پێشدادییەکان بووە، فەرمانڕەوایەکی گونجاو بوە بۆ خەڵکەکەی. ژیانی ڕێکخستوەتەوە و خانوو و تەلار و جێی و ڕێی درووست کردووە.
دوای ئەو، فەرمانەڕەوایەکی تر ھاتوەتە سەر تەختی پێشدادی کە (زوحاک) بوە. ئەم پاشایە ستەمکار بوە بۆ خەڵکەکەی و چەوساندنەوەی لە فەرمانەڕەوێتیدا پەیڕەو کردووە. خەڵک بەدوای ئەوەدا گەڕاون لێی دەرباز بن.
کاوەی ئاسنگەر یەکێک بوە لەو کەسانەی بەرەوڕووی ستەمی زوحاک بوەتەوە. سەرکردایەتی شۆڕشێکی کردووە و توانیویەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی زوحاک بێنێت و (فەرەیدون) ی نەوەی (جەمشید) ی لەسەر تەختی فەرمانڕەوەایی داناوە.
ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی کاوە و فەرەیدون ھاوکاتی ھەمان ڕۆژی نەورۆز بوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕش و لەناوبردنی دەسەڵاتی ستەمکارەی زوحاک، خەڵک لەسەر شاخێکی بەرز ئاگریان کردووەتەوە وەک ھێمایەک بۆ ئاگادارکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەر لە ڕوواوێکی گەورە و کاریگەر. کە، ئەمەش ڕاستی پەیوەندی ئاگرکردنەوەیە بە جەژنی نەورۆزەوە.
$ڕاستی کوردبوون لەنێوان (کاوەی ئاسنگەر) و (زوحاک) دا$
ئەو دێڕانەوەی سەرەوە ئاماژەیەک بەو ڕاستییە دەدات، کە کاوەی ئاسنگەر یەکێک بوە لەو سەرکردانەی شۆڕش کە دژی ستەمکاری زوحاک بەرپاکراوە.
ھەندێک بەو جۆرە خوێندنەوە بۆ ئەو مێژووە دەکەن، کە (زوحاک) ھەمان کەسایەتی (ئاستیاگ) بێت، کە ئەمەی دوایین کۆتا پاشای میدییەکان بوە. ئەمەش ئەو بابەتەی ھێناوەتە کایەوە کە بوترێت (زوحاک) کورد بوە و کاوە فارسێک بوە و دەسەڵاتی کوردی لەناوبردووە.
مێژوونووسەکانی مێژووی کۆن و نوێی ئێرانی و مێژووی پێشدادی و ئەشکانی و میدی و ھەخامەنشی و فارسیش نەیانوتوە (ئاستیاگ) ھەمان کەسایەتی (زوحاک) ە. بەڵکوو ئەوەی ھەیە لێچونێک لەناوەکانیاندا ھەیە.
بەڵگەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ڕاستییە کەم نین. بۆ نموونە:
1-ئەوە دەزانرێت کە زوحاک یەکێک بوە لە پاشاکانی دەوڵەتی پێشدادی و دوای جەمشیدی چوارەم فەرمانڕەوا، دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. (ئاستیاگ) یش دوا فەرمانڕەوای میدییەکان بوە.
ھەڵبەتە، سەردەمی حوکمداری پێشدادی و میدی زۆر لەیەکەوە دوورن. ڕاستە، شوێنی جوگرافی ھەردوو دەوڵەت لەیەکەوە نزیکن، بەڵام سەردەمەکەیان جیاوازە.
2-سەردەمی پێشدادی، نووسین بوونی نەبووە، بەڵام بۆ سەردەمی میدی جیاواز بوە و مێژوونووسان لە توێژینەوەکانیاندا ئەوەیان سەلماندوە کە میدییەکان ساڵی 700 پ.ز ھەتا 550 پ.ز فەرمانڕەواییان کردووە.
3-لە ئەدەبیاتی بابلییەکاندا ناوی (ئاستیاگ) ی کۆتا پاشای میدی بە (ئیختوویکۆ) ھاتوە، کە تا ئێستا ھیچ نووسینێک ئەوەی نەسەلماندوە ئەو ناوە بە بەر (زوحاک) یشدا بڕا بێت.
4-لەبارەی ڕەچەڵەکی زوحاکەوە دوو ڕا ھەیە:
یەکەمیان ئەوەیە کە شازادەیەکی پێشدادی بوە. دوەمیشیان ڕەچەڵەکی ئەبەستێتەوە ڕەگەزی (سامی) ەوە بەتایبەت ئەوترێت لە ناوچەی (یەمەن) ەوە گەورە بووبێت و ئامادە کرابێت بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی پێشدادی.
ئەبوحەنیفەی دینەوەری لای وایە زوحاک دەبێتە برازای (شەدید کوڕی عەملیق کوڕی عاد کوڕی ئەرم کوڕی سام کوڕی نوح) ی پاشای یەمەن.
شەھابەدین کوڕە ئەحمەدیش لەپەڕتووکی (مسالک الأبصار في ممالک الأمصار) دا زەحاک بە پاشایەکی بەڕەچەڵەک عەرەب ناساندوە.
بەم جۆرە ئەو ڕاستییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە، کە زوحاک ھیچ پەیوەندییەکی بە کەسایەتی (ئاستیاگ) ی دوا فەرمانڕەوای میدییەوە نییە. لەمەشەوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنرێت، کە کاوەی ئاسنگەر شۆڕشگێڕێکی کورد بوە و دژی پاشایەکی ستەمکار شۆڕشی کردووە.[1]
$سەرچاوەکان:$
1-شھاب الدین احمد بن یحیی: مسالک الابصار فی ممالک الامصار، الجزء الثالث.
2-حلمی عەلی شەریف: داستانی نەورۆز و نەورۆزی کوردستان، بەغدا، 1991.
3-محمد معین: فرھنگ برھان قاطع.
4-عەبدولڕەحمان زەبیحی: با تەپوتۆزی ساڵان لە نەورۆز بتەکێنین، ڕۆژنامەی ھاوکاری، ژمارە 159، ڕۆژی 23-3-1973
5-حەسەن مەحمود حمەکەریم: کاوە و نەورۆز لەنێوان ئەفسانە و ئاییندا، چاپی یەکەم، #سلێمانی#، 1997.