$تاوانی ئێوە$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
تاوانی ئێوە تەنیا ڕاوی کۆتر نەبوو،
ئێوە گەنمیشتان بێقیمەت کرد.
تەنیا ڕێڕەوی ڕوبارتان نەگۆڕی
ئاوەکەشیتان وەک خۆتان گەڕ و گول و لێڵ کرد،
بۆ گورچیلەیەک سەد مانگای ئاوستان
لەتوپەت کرد.
تاوانی ئێوە تەنیا دزیکردن نەبوو،
ئاڵتونیشتمان بێ ئەرزش کرد.
بەتەنیادارستانتان نەبڕییەوە
تۆوی کینەشتان لە جێگای وەشاند.
تاوانی ئێوە تەنیا تێکدان نەبوو
ماڵ و حاڵ و لانەشتان بێفەڕ کرد
نەک هەر هەڵاتن و ترسان،
بیری دلێریی وجەربەزەیی و نەترسانیشتان تیرۆر کرد.
ئێوە تەنیا سەگە بەرەڵاکانتان دەرماخوارد نەکرد،
عەدالەت و ئینساف و ئینسانییەتیشتان پایەماڵ کرد.
فەزیلەتتان غافڵگیر کرد و
بێقڕە لەزیندانێکی ژێرزەمینی کۆشکێکی سەر گردەکانتاندا شەوێک خەفەتان کرد.
تاوانی ئێوە تەنیا برسییکردنی زەڕنەقوتە بێ پەڕو باڵەکانی بادینان نەبوو
جوامێرییشتان لەگەڵی زیندەبەچاڵ کرد، سەخاوەتتان لە ڕەگەوە وشککرد.
لە هەولێر و بەڕۆژی ڕووناک کە شەستپەڕێکی هەشت بەهارەیان ژاکاند،
نەک هەر بێدەنگ بوون
ژەهرتان لە بنی پارتۆنیا و نازناز و ساردۆنیا و گوڵە هێرۆش ڕۆکرد
چونکە دەستە ڕەشەکانی غەدر پاسەوانی دکتۆر گیاکەڵەبوون و
دکتۆر گیاکەڵەش ڕۆژێک نانێکی لەگەڵ سەرۆک دڕکدا خواردبوو.
ڕەگەکانیشیان لە زەلکاوێکی شۆڕش و هەڵا تاقوتۆقی قارچکە مارانەکاندا لێکئاڵاندبوو.
تاوانی ئێوە بەتەنیا بێ ئیمانییتان نەبوو،
ئێوە کوفرتان کردە ئیمان و تفتان لە عیشق و خواو جوانیی دار بەراڵۆکیش کرد، بەڕووتان لەرزۆککرد، مازووتان وا کردە قەشمەر تا خۆی لەو ئەزمەڕ و زاوێتە و شنروێیە نەگرت و لە هەزار ڕێگای هات و نەهاتی داو
دواجار لە ئیجە خنکا.
ئێوە ئەوانەبوون بۆ لاقەکردنی مشتێک ژیان
چەقۆ و پەت و ئەڵقەتان لە ڕستەیەکدا پێکەوە مەیسەر کرد و کردتانە مۆتۆی هەمیشەیی بۆ ئازادی و دادپەروەریی.
تاوانی ئێوە تەنیا قاقا لێدان نەبوو،
هەڵەبجە و شەنگال و ئەنفالیشتان بێ گریان کرد.
وەک ڕیقنەی پەڕەسێلکەیەکی وێڵگەرد
لەعنەتتان لە جوانیی چوزەلەی گوڵەفەقێیەکی بەهاریی کرد.
ئێوە تەنیا حەیران و مەقام و سیاچەمانەتان لە گەروودا کپ نەکرد
قسەی قۆڕ و شاتەشاتتان کردە میدالیای هونەر و لەسەر زنجیری بەندبێژیی لە ملی کێمنەیی و ماملێ و تایەر تۆفیقتان ئاڵاند.
نەیەکەی نالیتان بە قەڵەمی چاوشۆڕیی و کڕوزانەوەی شەللاتییەکانی دەربار گۆڕیەوە و
وەک شیعر دەرخوارتتان داین.
ئێوە ئەوانە بوون کێلی مەزاری مەولەویتان شکاند، لەیلاکەی مەحویتان لە پارکی دایکی سلێمانیی کردە قوربانیی قەهری نێرانەتان.
عفریتتان لەسەر تەختی سولەیمان دانا و شەترەنجبازیی جنۆکەتان کرد بە ستراتیژی دوور مەودای حەکیمانەی سەڵتەنەت.
ئێوە تەنیا قوتی ڕۆژانەی چۆلەکە بێوەژنەکەی کانی بەردینەتان نەبڕی
کۆچی پاییزەی پاسارییتان قڕ کرد، هەڵۆتا بۆ مشتێ ڕیخ دەستەمۆ و پەڕو باڵ کرد و دواتر کردتانە پاسەوانی باخ و ڤێلاکەی کاک قەلەڕەش
ئێوە ئەوانەبوون پۆڕتان لەباخ و بولبولتان لە بەیانیان کرد
ئێوە زۆر بچووکن، هێندەی بێ ئیرادەیی ئێمەبچووک
بارتەقای سەمیمییەتی ئێمە لێڵ
هێندەی باڵای ئومێدی ئێمە گرگن
سەد هێندەی ناشیرینیی ڕقی ئێمە لە بوونتان ناشیرن. [1]