سەبارەت بە ڕۆمانی (فریشتەی برسێتی) هێرتا مولەر
لەعەرەبییەوە: #نەرمین عوسمان محەمەد#
زمانی ناوچە و ململانێکان زاڵن بەسەر دەقەکەی هێرتا مولەری خاوەنی خەڵاتی نۆبڵدا. مولەر لە ڕۆمانیا لەدایکبووە لە خێزانێکی سەر بەکەمینەیەکی ئەڵمانییە کە لە سەدەی هەژدەدا لە ناوچەی (بانات) جێگیربوون. مێژووی خێزانەکەی حیکایەتی کۆمەڵێک شڵەژانی مەزن و جەنگ و ڕاگواستن دەگێڕێتەوە هەروەکو زۆر لە ئەڵمانییەکانی ناوچەی (بانات) ، باوکی چووتە نێو یەکەکانی (SS) ەوە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا، دایکیشی وەکوو هەزاران ژنی ئەڵمانی کە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 45 ساڵان بوو بە زۆر ڕاگواسترا بۆ سەربازگەیەکی کارکردن بە بێگار لە یەکێتی سۆڤییەت لە دوای جەنگ. ماوەی پێنج ساڵی لەوێ بەسەربرد، مولەر لە سایەی ڕژێمی چاوچیسکۆدا پەروەردە بوو، ڕۆمانەکەی (وڵاتی قۆخی سەوز) بەشێوەیەکی زۆر زەق باس لە سرووشتی خراپ و هیچ و پووچی ئەو ڕژێمە دەکات تەنانەت باس لە دەست بەسەراگرتنی ڕژێم دەکات و داخراوی کۆمەڵگای تۆتالیتاری بەسەر هاووڵاتیانیدا دەکات، خەیاڵدانی هێرتا مولەر بەشێوەیەکی تۆقێنەر ڕوونە و لەگەڵ ئەوەشدا خەیاڵدانێکی دێوەزمانەیە لەودیو هەموو شتێکەوە ئاساییە درەختێکی قۆخ، کلیلێک، کراسێک، تەنیا تاڵە قژێک ناوچەیەکی چۆڵەوانی هەیە، هەروەکو چۆن لە چیرۆکە سوپەرستەیشنەکاندا هاتووە و پڕیەتی لە سێبەرەکانی تاریکی و بێدەنگی.
ڕۆمانی فریشتەی برسێتی
لە ڕۆمانی (فریشتەی برسێتی The Hunger Angel) دا قورسییەک هەیە کە ناکرێت بگوترێت لە هێڵی چیرۆکی ڕۆمانەکەدا بەشدارە لە چڕبوونەوەی زمانی شیعرییەوە بۆ زمانێکی ورد و شێواز گۆڕاو و بنیاتنانی چەند بەشێکی خێرا کە لەگەڵ یەکتریدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەدوێن. ئەم شاراوەییە لە ئاخاوتن لەنێوان بەشەکاندا زۆر بە هێمنی تاوانباریی بەکۆمەڵمان بۆ دەردەخات. کاتێک ئەڵمانییە ڕاگوێزراوەکان گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان کەشە سیاسییەکە وای پێویست دەکرد کە چیرۆکەکەیان بە چرپە بگێڕدرێتەوە کە لەوانەیە بەهیچ جۆرێک نەگێڕدرابێتەوە، بەهەزارانیان ژیانیان لە دەستدابوو لەوانە ژنێکی هاوڕێی دایکی مولەر کە دواتر هێرتا بەناوی ئەوەوە ناوی لێنرا. هەروەها مولەر لە پێشکەشکردنی ڕۆمانی (فریشتەی برسێتی) دا دەڵێت: (راگواستن بابەتێک بوو قسەکردن لەسەری قەدەغەبوو، چونکە ڕابردووی ڕۆمانیای فاشیستی بەیاد دەهێنایەوە.)
پەنجا ساڵ لە دوای ئەوە مولەر تەحەدای ئەم بێدەنگییە سەپێنراوەی کرد، بە ئاخاوتن لەگەڵ چەند ڕاگوێزراوێک کە لەوەوپێش لە دێهاتەکانیان گواسترابوونەوە، هەروەها چەندین گفتوگۆی درێژی لەگەڵ ئۆسکار باستیۆر-ی شاعیر کرد سەبارەت بە و ساڵانەی تێیدا کاری کردووە لە سەربازگەی کارکردنی سۆڤێتییەکاندا، بیرۆکەی هەردوو نووسەرەکە (مولەر و باستیۆر) لە پەڕتووکێکی گەورەدا خۆی بینییەوە تێدا مولەر چەند تێبینییەکی چڕی لە شایەتیدانی باستیۆر تۆمارکردبوو، لە دوای مەرگی باستیۆر مولەر بڕیاریدا هەر خۆی بەتەنیا بەردەوام بێت و پەڕتووکەکەی بنووسێت کە لە ئەڵمانیا بە ناونیشانی ئاتامشواکل بە مانای لاواندنەوەی خوددێت، بڵاوکرایەوە و ئێستا بە ناونیشانی فریشتەی برسێتی بڵاوکراوەتەوە.
تەنیا پێنج وشە
ڕۆمانەکە بەدەنگی لیۆ ئۆبیرگ گێڕدراوەتەوە لاوێکی تەمەن حەڤدە ساڵە تازە بەتازە ڕەگەزی خۆی وەکوو شتێکی سەیر، پۆخڵ و شەرمهێنەر و جوان دۆزیوەتەوە، چاوپێکەوتنەکانی لیۆ لەگەڵ چەندپیاوێکدا لە باڵەخانەکانی باخی گشتی و لە حەمامەکانی نیتۆندا بەرەو زیندان یاخود جێگایەکی سزادانی دەبرد ئەگەر بێتو دەست بەسەربکرایە، لە جیاتی ئەوە بەهۆی ڕەچەڵەکە ئەڵمانییەکەیەوە بەهەرشێوەیەک بێت ناوەکەی لەنێو لیستی ڕاگوێزراوە ئەڵمانییەکاندا بوو ، پێویست بوو ڕابگوێزرێت بۆ سەربازگەکانی کارکردن. ئەم لاوە جانتایەکی گەشتکردن لە پارچەکانی کارتۆنێکی ئامێری گرامافۆن درووست دەکات و دەیئاخنێتە ناو کۆمەڵێک کەلوپەلەوە لەوانە: پەڕتووکەکەی فاوست، دیوانێکی شیعر، کۆڵۆنیای دوای ڕیش تاشین، چەند جووت گۆرەوییەک و شاڵێکی ئاوریشمی بۆرگۆندی و هەریەکێک لەم کەلوپەلانە لای ئەو زۆر ئازیزن تا دەگاتە ڕادەی وەسوەسە لە لای. بەڵکوو یەکێک لە و کەلوپەلانە هۆکارێک بن لای ئەو بۆ مانەوەی لە ژیاندا، بەڵام هەروەکو چۆن لە ڕۆمانەکەی مولەردا هاتووە هەر بابەتێکیان بەهێزبێت لە و بابەتانە خۆی دەنوێنێ و دەمێنێتەوە، نەنکی لیۆ تەنیا پێنج وشەی پێدەڵێت: (ئیش فایز، دوکو مست فایدەر- بەواتای من دەزانم کە دەگەڕێیتەوە.)
کارەکتەری کاتی سنیتری
مانەوە بەزیندوێتی بەهەرحاڵ بابەتێکی ئاڵۆز و هەندێکجار سەرسوڕهێنەرە، لیۆ وازی لە جیهانێک هێنابوو کە ئەوانەی تێیدان و بەجێی هێشتوون ناتوانن لێی تێبگەن و فریای بکەون لە لێقەومانەکەیدا و ناتوانن لە جیابوونەوە و تووڕەبوونەکەی تێبگەن لەپاش گەڕانەوەی لە دوای پێنج ساڵ.
لە ڕۆمانی (وڵاتی قۆخی سەوز) دا جۆرج خۆی لە پەنجەرەی قاتی سەرەوەی هۆتێل ترانزێتەوە هەڵدەداتە خوارەوە، پاش شەش مانگ لە کۆچکردنی لە ڕۆمانیاوە بۆ فرانکفۆرت یاخود لەوانەیە کەسێک پاڵی پێوەنابێت، هەرچۆنێک بێت خەونی ڕاکردن و هەڵهاتن دەبێتە وەهمێک، لە ڕۆمانی فریشتەی برسێتی دا ڕووداوی گەڕانەوەی لیۆ لە سەربازگە تەنیا گورزێکی بەختی لار و لووتکەی مانەوە لە ژیاندایە کە هیچ کارێک ناکات درێژکردنەوەی نەفرەت نەبێت، ئازاد نییە و خۆشی ئەوە باش دەزانێت، لەوانەیە تاکە شت ببێتە مایەی مانەوەی بەزیندوێتی لە ژیاندا گێڕانەوەی چیرۆکەکەیەتی بەهەموو وردەکارییە ئاڵۆز و تۆقێنەرەکانییەوە. وردەکارییەکانی نێو ئەم ڕۆمانە ئاسایی نییە و مولەر قەرزارباری باستیۆری نووسەرە لە ئاشنابوونیدا بە ژیانی ڕۆژانەی سەربازگەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ناواخنی دیدی ڕۆمانەکە بابەتێکە کە مولەر تەنیا قەرزارباری خەیاڵدانییەتی تێیدا.
وێناکردنی کارەکتەری کاتی سنیتری کە هەر بە زگماکی گەمژەیە و فۆرمی منداڵێکی هەیە پڕە لە و هێزەی ڕۆح تیایدا نیشتەجێکراوە، کاتی بۆیە لە سەربازگەیە، چونکە کەسێک ناوەکەی گۆڕیوە بە ناوی کەسێکی دیکە لەنێو لیستەکەدا یاخود لەوانەیە تەنیا بە پاڵنەری سادیەتی دەروونی بێت و هیچی تر نەبێت، ناتوانێت کاربکات و هێزی کارکردنی تێدانییە و مانای کۆتا (بەش) ، یاخود فەرمانەکان یاخود سزاکان تێناگات لەبری ئەوانە باڵەکانی دەشکێنێت و دەیانهێنێتە خوارێ و هەروەکو کۆترێک دەخوێنێت یاخود لەسەر شارە مێروولەیەک دادەنیشێت تاوەکو دەستکێشێک لە مێروولە بچنێت.
بەشێوەیەکی حاشا هەڵنەگر، فریشتەی برسێتی ناتوانێت سەربکەوێت بەناو مێشکی کاتیدا و بیڕوخێنێت، چونکە ئەو لە بنەمادا لەنێو جیهانێکی دیکەدایە.
ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی نایابە، میلانکۆڵ و پاکەرەوەیە لە یەککاتدا، لەوانەیە لیۆ هەستی بەوە کردبێت جارێکی دیکە لەنێو ماڵەکەیدایەتی، بەڵام لە ناخی خۆیدا دەڵێت: (بەبێ پچڕاندن سەربازگەکە دەکشێت، گەورەتر و گەورەتر دەبێت لەلای چەپی مێشکمەوە بۆ لای ڕاستی مێشکم.) [1]
سەرچاوە: www.almadasupplements.com